کەمپەینی سیاسی هەرگیز کۆتایی نایەت!
سەربەست حوسێن مەحموود
لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیی ئاساییدا، ڕۆژی دەنگدان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، هێڵی کۆتایی کەمپەینی هەڵبژاردنە؛ دوای ئەوە، براوەکان حکومەت پێکدەهێنن و دەست دەکەن بە کارکردن. بەڵام لە واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، دەبینین کە تەواوبوونی هەڵبژاردن تەنیا فیکەی دەستپێکی یارییەکی زۆر درێژتر و بێزارکەرترە. لەبری ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی خزمەتگوزار کە کار بۆ خەڵک بکات، تەنیا دەبێتە قۆناغێکی نوێی ململانێ و کەمپەینی حزبی کە تێیدا سەرکردەکان شەڕی پشکپشکانێ دەکەن و دەنگدەریش دەبێت باجی چاوەڕوانییەکەی بدات.
کاتێک سەیری قۆناغی پێش دەنگدان دەکەین، شەقامەکان پڕ دەبن لە بەڵێنی هەڵبژاردن، چارەسەرکردنی قەیرانەکان، و باشترکردنی ژیانی خەڵک. بەڵام هەر ئەوەی کورسییەکانی پەرلەمان مسۆگەر کران، یەکسەر دەنگدەر و بەڵێنەکان فەرامۆش دەکرێن. لێرەوە، زنجیرەیەکی بێکۆتایی لە “دانوستانی سیاسی” دەست پێدەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت. مانگ لە دوای مانگ تێدەپەڕێت و پەرلەمان لەکار دەکەوێت، تەنیا لەبەر ئەوەی حزبەکان ناتوانن لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و دەستکەوتە ئابوورییەکان ڕێکبکەون. جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بۆ کاتێکی نادیار دوادەخرێت، چونکە حزبەکان هێندە سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانن لەسەر مێزی گفتوگۆ، کاتیان نییە بیر لەو خەڵکە بکەنەوە کە بە هیوای گۆڕانکارییەوە چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
ئەمە لوتکەی تراجیکۆمیدیای سیاسییە؛ دیارە لە کوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردن بڕیار لەسەر پێکهێنانی حکومەت نادات، بەڵکو ئەنجامی هەڵبژاردن تەنیا سەرەتای کەمپەینێکی نوێیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ مافی ئەوەی هەیە وڵات بەڕێوە ببات! کاندیدەکان دوای دەرچوونیان، لەبری چوونە ناو پەرلەمان بۆ دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی دەسەڵات، دەچنەوە ماڵەوە و چاوەڕێی بڕیاری مەکتەبی سیاسی دەکەن بزانن کەی ڕێکدەکەون بۆ ئەوەی تازە دەست بە کارەکانیان بکەن.















Post Comment