کاتێک سیستەمێک ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، فێر دەبێت بابەتەکە بگۆڕێت!

کاتێک سیستەمێک ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، فێر دەبێت بابەتەکە بگۆڕێت!

جار بینراوە: (7.7K)

مەهدى حەسەن ئەحمەد

لە مێژووی حوکمڕانیی شکستخواردوودا، یاسایەکی نەگۆڕ و زێڕین هەیە کە دەڵێت: “کاتێک سیستەمێک بە تەواوی ئیفلیج دەبێت و ناتوانێت بچووکترین کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکات، لەبری داننان بە شکستەکەیدا و گەڕان بەدوای چارەسەردا، زۆر وەستایانە فێر دەبێت کە چۆن بابەتەکە بە خێرایی بگۆڕێت و سەرنجی خەڵک بە ئاراستەیەکی تردا بەرێت” . ئەمە ڕێک ئەو تابلۆ تراجیکۆمیدییەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، کە تێیدا دەسەڵاتداران و نوخبەی سیاسی بوونەتە گەورەترین ساحیری چەواشەکاری و زۆر زیرەکانە سەرنجی ڕای گشتییان لەسەر پرسیارە پێکهاتەییە گەورەکان و قەیرانە ڕاستەقینەکانی ژیان لابردووە . کاتێک هاوڵاتییەکی ماندوو دەبێت بپرسێت بۆچی پەرلەمان وەک دەزگایەکی یاسادانان و چاودێری بە تەواوی پەراوێز خراوە و کراوەتە پاشکۆی بڕیارە حزبییەکان، کاتێک دەبێت شەقام بپرسێت کوا حوکمڕانییەکی تەندروست و شەفافیەت لە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکاندا هەیە و بۆچی باجەکان تەنیا بۆ هەژارانە، یان کوا ئەو چاکسازییە ئابوورییەی کە گوایە ژێرخانی وڵات دەبووژێنێتەوە و کۆتایی بە قەیرانی مووچە دەهێنێت، لە پڕێکدا حکومەت و میدیا سێبەرەکانی سەر بە دەسەڵات بابەتێکی زۆر لاوەکی و پڕوپووچ دەهێننە پێشەوە و دەیکەنە مژاری گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک . ئەم سیستەمە حوکمڕانییە زۆر باش دەزانێت کە تا خەڵک خەریکی شەڕەقسەی حزبی، باسکردنی بابەتە بێبەهاکان، یان کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی دروستکراو بێت، کەس بیر لە نەبوونی بنەماکانی حوکمڕانی، قۆرخکاریی بازاڕ، و دیارنەمانی ملیاران دۆلار لە داهاتی گشتی ناکاتەوە .

ئەوان زۆر بە باشی لەو حەقیقەتە ترسناکە تێگەیشتوون کە “ئاسانترین قەیران بۆ چارەسەرکردن، ئەو قەیرانەیە کە هیچ کەسێک لەناو کۆمەڵگادا باسی ناکات و بەدواداچوونی بۆ ناکات”، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە کەس باسی داڕمانی ئابووری و شکستی خزمەتگوزارییەکان نەکات و بێدەنگی باڵی بەسەر پرسیارە جەوهەرییەکاندا بکێشێت . ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە ماڵەکەت ئاگری گرتبێت و خەریک بێت بە تەواوی بسووتێت و ببێتە خۆڵەمێش، کەچی بەرپرسانی حکومەت بێن و بەوپەڕی جدییەتەوە داوات لێ بکەن کە باسی ڕەنگی پەردەی پەنجەرەکان یان شێوازی ڕێکخستنی قەنەفەکان بکەیت و لەسەری شەڕ بکەیت لەگەڵ دراوسێکەتدا! . ئەم گۆڕینی بابەتە بەردەوامە و خولقاندنی قەیرانی بچووک بۆ داپۆشینی قەیرانە گەورەکان، تەنیا نیشانەی بێتوانایی دەسەڵات نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵکو سووکایەتییەکی قووڵ و بێشەرمانەشە بە عەقڵ و کەرامەتی ئەو هاوڵاتییانەی کە ڕۆژانە باجی قورسی ئەم حوکمڕانییە وێرانە و پڕ لە کەموکوڕییە دەدەن . دایکێک کە ناتوانێت شیری منداڵەکەی دابین بکات یان باوکێک کە لە شەرمەزاریی کرێی خانوودا ناتوانێت سەیری چاوی خێزانەکەی بکات، بە زۆر ناچار دەکرێن لەبری داواکردنی مافەکانیان، ببنە بەشێک لە ململانێیەکی وەهمی کە دەسەڵات بۆی دروست کردوون و هیچ یەکی بە باشترکردنی ژیانی ئەوانەوە نییە .

تا ئەو کاتەی سیستەمەکە بتوانێت بەم شێوەیە یاری بە ئاراستەی بیرکردنەوە و سایکۆلۆژیای جەماوەر بکات و پرسیارە گەورەکانی وەک شەفافیەت و چاکسازیی ئابووری بخاتە ژێر فەرشی قەیرانە لاوەکییەکانەوە، دەسەڵاتداران دەتوانن بە ئاسوودەیی لەسەر کورسییەکانیان بخەون و درێژە بە تاڵانکردنی سامان و داهاتووی ئەم وڵاتە بدەن، بێ ئەوەی هیچ کەسێک لێپرسینەوەیان لێ بکات

بابەتى تر


👤
Live: 95 Today: 1,929 📊 Click Here