ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە حیزبێکی تر نییە، بەڵکو چەقبەستوویی سیاسییە

ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە حیزبێکی تر نییە، بەڵکو چەقبەستوویی سیاسییە

جار بینراوە: (40)

شاد جەزا

تەواوی ژیانی گشتی لەم نیشتمانەدا بووەتە بارمتەی زنجیرەیەکی بێبڕانەوە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکان، لێدوانی تەلەفزیۆنیی دووبارە و ململانێی درێژخایەن لەسەر ئەوەی کێ چ پۆستێک وەردەگرێت و کەی کابینەی نوێی حکومەت ڕادەگەیەنرێت. کاتێک مرۆڤ گوێ لەم هەموو گفتوگۆ تاقەتپڕووکێن و ساردانە دەگرێت، وا هەست دەکات کە کێشەی ی ئێمە جیاوازیی فیکری و ئایدیۆلۆژیی نێوان لایەنەکانە، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە گەورەترین دوژمن و بەربەستی بەردەم ژیانی هاوڵاتیان، هیچ کام لەو حیزبانە نین کە ناویان لێ نراوە ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو خودی ئەو داڕمان و وەستانە گشتییەیە کە ژیانی سڕ کردووین.

مەترسیی ڕاستەقینە لەوەدا نییە کە بەرپرسەکان ڕکابەری یەکتر دەکەن، بەڵکو لەوەدایە کە ئەم کێبڕکێیە بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوی دامەزراوە نیشتمانییەکان و هێشتنەوەی چارەنووسی خەڵک لەناو بۆشاییەکی گەورەدا. کاتێک پەرلەمانێک کە بڕیارە دەنگی میللەت بێت دادەخرێت یان بێدەنگ دەکرێت، کاتێک دادگاکان و فەرمانگە گشتییەکان ناتوانن بەبێ ترسی حیزبی کارەکانیان ڕاپەڕێنن، و کاتێک بڕیارە گرنگەکانی پەیوەست بە بژێوی، مووچە، تەندروستی و پەروەردەی منداڵەکانمان لەبری هۆڵە یاساییەکان، لەناو ژوورە تاریکەکانی ڕێککەوتنی بنەماڵەیی و حیزبیدا یەکلا دەکرێنەوە، کۆمەڵگا بەرەو نائومێدییەکی ترسناک دەڕوات. ئەم دۆخە چەقبەستووە خەڵکی گەیاندووەتە بڕوایەک کە دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردن تەنیا نمایشێکی کاتین، چونکە چەندین مانگ و ساڵ بەسەر دەنگدانیاندا تێپەڕ دەبێت و ژیانیان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت بەڵکو تەنیا قەیرانەکان قورستر دەبن.

مانەوە لەناو ئەم وەستانە درێژخایەنەدا نەک هەر هێزی ناوخۆیی لێ هەڵگرتووین، بەڵکو پێگە و قەوارەکەیشی لەبەردەم دەرەوەدا لاواز کردووە، چونکە نیشتمانێک کە دامەزراوەکانی لە کار بکەون ناتوانێت ڕووبەڕووی هیچ گۆڕانکاری و تەحەدایەک ببێتەوە. تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و غەریزەی مانەوە لە دەسەڵاتدا وەلانیەنرێن بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ ناو دامەزراوە شەرعییەکان، کۆمەڵگای ئێمە هەر لەناو ئەم بازنە خولاوە و خنکێنەرەدا دەمێنێتەوە و هیچ هێزێکی دەرەکی یان نەیارێکی سیاسی ناتوانێت بەقەد ئەم وەستان و سڕبوونە ناوخۆییە ئازارمان بدات.

بابەتى تر

👤
Live: 76 Today: 1,833 📊 Click Here