وتەبێژی نەوەی نوێ وەڵامی وتەبێژی یەکگرتوو دەداتەوە

-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەمووزی 2026، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەی رایگەیاند، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی وەڵامی ئەرێنییان بۆ دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین داوەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە نێوان پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانەی خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمان بەڕێوە بچێت.
بەپێی وتەی وتەبێژی یەکگرتوو، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی و دانانی میکانیزمێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها رێککەوتنی لایەنەکان لەم کۆبوونەوەیەدا دەکرێتە بنەما بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە، هەروەها وتیشی: “دۆزینەوەی نەخشەریگەیەکی هاوبەشە بۆ قۆناغی داهاتووی هەرێمی کوردستان”.
لە بەرانبەر ئەم جوڵە سیاسییەدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵوێستی پێچەوانەی وەرگرت، هیمداد شاهین، وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەک لەئارادا نییە و ئەوان وەک جوڵانەوەکەیان بەشداری هیچ دانیشتنێک ناکەن.
وتەبێژی نەوەی نوێ جەختی لەسەر مەرجێکی توند کردەوە و رایگەیاند، نەوەی نوێ لەگەڵ هیچ لایەنێک کۆنابێتەوە، مەگەر ئەو لایەنانە بە تەواوی دەستبەرداری پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ببن.













Post Comment