هەنگاوەکان بۆ زیادکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم دەستیپێکردووە

- سازگار ئەحمەد
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەنێت، هەنگاوەکان بەردەوامە بۆ گواستنەوەی دۆسیەیی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێم بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەموزی 2026، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەی راگەیاند، “لە دوای سەردانیکردنمان بۆلای عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی گواستنەوەی دۆسیەیی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکان بۆیان، سەرۆک وەزیران لایەنە دارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لەو بارەیەوە”.
ئاماژەی بەوەکرد، “ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە و گیراوانی سیاسیش 250 هەزارە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانیانی سیاسیی عێراق، زیندانیانی هەرێمی ش دەگرێتەوە”.
لەبارەی ئەو زیندانە سیاسییانەی تاوەکە ئێستا مووچەیان نییە ئەحمەد مام رەسوڵ وتی، “ئەو زیندانە سیاسییانە دۆسیەیان رادەست کردووە، بەڵام تائێستا دۆسیەکانیان پشتڕاست نەکراوەتەوە”.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شەهیدان، 25 هەزار و 868 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون، 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.















Post Comment