سیستمێک لەبەردەم تهقینهوهدا؛ ئایا دادگا و یاسا دەوێری کەمەربەندی حیزبایەتی لە بەغداد و هەرێمی کوردستان بپچڕێنێت دادگاسەروەری هەبێت؟
شاخەوان حسێن شەریف – چالاکوان
بەغداد – ڕاپۆرتی شیکاری
دوای زیاتر لە دوو دەیە لە بێدەنگی و چاوپۆشین، دۆسیەی گەندەڵی لە عێراقدا پێ دەنێتە قۆناغێکی هەستیارەوە. بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ٤٧ پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا لەژێر ناوی “هەڵمەتی دژە گەندەڵی”، شەقامی لێوانلێو لە توڕەیی عێراقی ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری؟ جدی کردووەتەوە: بۆچی ئەم هەنگاوە ئێستا دەنرێت؟
چاکسازییەکی ڕاستەقینەیە یان تەنها نمایشێکی سیاسییە؟
ڕاستییە تاڵەکان: عێراقی نوێ دوای ٢٠٠٣ پیشاندەدات؛
پارێزبەندی بۆ چەتە باڵاکان: لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، عێراقی نوێ لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و داپۆشینی دزینی سەرکردە باڵاکان بنیادنرا؛ یاسا تەنها خۆشەک بوو بۆ خەڵکی بێدەسەڵات، لە کاتێکدا دایناسۆرەکانی گەندەڵی لە سەرووی هەموو لێپرسینەوەیەکەوە بوون.
سەرەتای شۆکەکە.!! دەستکاریکردنی پێگەی ٤٧ بەرپرس و پەرلەمانتار دەیسەلمێنێت کە قەیرانی دارایی و فشاری شەقام گەیشتووەتە ئاستێک، چیتر ناتوانرێت گەندەڵکارەکان لە پشت ماسکی پەرلەمان و حیزبەوە بشاردرێنەوە.
هاووڵاتیان متمانەیان نییە: شەقامی عێراقی هێشتا بە گومانەوە سەیری ئەم دەستگیرکردنانە دەکات؛ ترسی ئەوە هەیە ئەمە تەنها پاکتاوکردنی حساباتی سیاسی بێت لە نێوان کوتلە دژبەرەکاندا، نەک یاسایەکی بێلایەن.
هەرێمی کوردستان: ناوچەی بازرگانیی قاچاخ و دزینی بەیاسایی کراو؛
ئەم هەڵمەتە کاتێک دەبێتە خاوەن شەرعییەت کە سنوورە دەستکردەکانی نێوان بەغداد و هەولێر ببڕێت. دۆخی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق نیشانەیەکی تری گەورەی شکستی دادوەرییە:
دزە باڵاکانی هەرێم لەژێر سێبەری حیزبدا: لە کاتێکدا لە بەغداد بەرپرسان ڕاپێچی دادگا دەکرێن، لە هەرێمی کوردستان گەورە دزەکان، قۆرخکارانی بازاڕ، و تالۆنکەرانی داهاتی نەوت و ناوخۆ، لەژێر چەتری هێزی حیزبی و چەکداریدا پارێزراون.
یاسایەک کە ناگاتە زۆنی زەرد و سەوز: دادگا و دامەزراوەکانی چاکسازی لە هەرێمدا بەتەواوی ئیفلیج کراون؛ هیچ دادوەرێک ناتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی باڵای پارتایەتی دەربکات، کە ئەمەش سووکایەتیکردنە بە چەمکی دەوڵەت و یاسا.
برسیگردنی گەل لەپێناو باخەڵی چەند خێزانێکدا: هاووڵاتی و فەرمانبەری هەرێم ساڵانێکە باجی دزینی ملیۆن دۆلاریی بەرپرسان دەدەن بە لێبڕین و دواکوتنی مووچە، لە کاتێکدا داهاتی خاڵە سنوورییەکان و تانکەرە نەوتەکان ناچنە چوارچێوەی هیچ خەزێنەیەکی شەفافەوە.
پەیامی چالاکوانان: یاسا دەبێت سەرتاپای عێراق بگرێتەوە
وەک هێزێکی چاودێر و وەکوو چالاکوان لە بواری ڕاگەیاندندا، لێدوانی ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕوونە:
شکاندنی بازنە سوورەکان: داوا دەکەین دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی هێندە بەهێز و سەربەخۆ بێت کە دۆسیەی گەندەڵکارانی هەرێمی ش بجوڵێنێت.
یاسای یەکگرتوو: نابێت گەندەڵی لە بەغداد تاوان بێت و لە هەولێر و سلێمانی ببێتە “شەرعییەتی حیزبی” و شانازی.
کۆتایی یاریکردن بە کات: ئەگەر ئەم هەڵمەتە سەرتاپای عێراق (لە زاخۆ وە تا فاو) نەگرێتەوە، ئەوا وەک نمایشێکی کاتیی دەسەڵات دەمێنێتەوە و ناتوانێت ڕێگری لە داڕمانی یەکجاریی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات بکات.















Post Comment