ترسی پارتی لە ئازایەتی، تەرازووی دادپەروەریی خوار کردووە
ئاراس طارق محمد
کەشتییەکی زەبەلاح کە خەریکە لەژێر باری ئەو هەموو زێڕ و سامانە دزراوەدا نوقم دەبێت، بەڵام کاپتنەکە لەبری ئەوەی تاڵانچییەکان فڕێ بداتە دەرەوە، تەواوی هێزی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ بەستنەوەی دەم و دەستی ئەو تاقە سەرنشینەی کە بە دەنگی بەرز باسی کونەکانی ناو کەشتییەکە دەکات! لێرەدا مەترسییەکە نوقمبوون نییە، بەڵکو ئاشکرابوونی ئەو دەستانەیە کە کەشتییەکەیان کون کردووە! ئەمە ڕێک ئەو کارەساتەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا ڕوو دەدات؛ سیستەمێک کە لەبەردەم پرسیارەکانی سەر دزینی ملیارەها دۆلار و قۆرخکاریی بازاڕدا کەڕ و کوێرە، بەڵام بۆ سزادانی شێروان شێروانی و هەر دەنگێکی بوێر، دادگاکانی کارتۆنی بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەخاتە کار بۆ ئەوەی حەقیقەت لە چاڵە تاریکەکاندا بنێژێت!
مانەوەی شێروان لە پشتی شیشەکانەوە، چیتر تەنها پێشێلکارییەکی یاسایی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی فەرمییە بەو ترسە قووڵەی کە حوکمی خێزانی و نوخبەی فەرمانڕەوا لە ئازایەتی و وشەی ڕاستگۆیانە هەیانە. کاتێک ڕۆژنامەنووسێک دەتوانێت بە چەند لاپەڕەیەک و کەمپەینێکی مەدەنی، پەردە لەسەر درۆی دیموکراسیی ساختە و داهاتی قاچاخی سنوور هەڵبداتەوە، دەسەڵات لەرزۆکیی خۆی بەوە دەسەلمێنێت کە توانای بەرگەگرتنی یەک پرسیاری نییە. بۆیە پەنا دەباتە بەر دروستکردنی پەڕاوی ساختە و تیرۆری دەروونی، تا لە ڕێگەی زیندانیکردنی یەک جەستەوە، پەیامی بێدەنگی و تۆقاندن بۆ تەواوی کۆمەڵگا بنێرێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ئابوورییە سێبەرەکانی بکات.
ئەلێکسی دۆتۆکڤیل دەڵێت: “زۆرجار تەنها دیاربوونی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی خەڵک گوێڕایەڵی بکەن، بەڵام کاتێک حکومەت بۆ مانەوەی تەنها پەنا دەباتە بەر ترس، ئیتر شەرعییەتی لەدەست دەدات”! ئەم خوێندنەوەیە ڕێک هاوشێوەی دۆخی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاستە لە سەردەمی بۆکاسا، کاتێک دیکتاتۆرەکە هەموو سەروەت و سامانی وڵاتەکەی خستبووە گیرفانی خۆی، و لەبری چاکسازی، تەنها دادگای ساختە و زیندانی بۆ ڕەخنەگرانی دروست دەکرد تا کەس بوێریی نەکات پرسیار لەسەر تاڵانییەکان بکات! ئەمڕۆ لە شدا هەمان شانۆگەریی کوشندە بەڕێوە دەچێت؛ پارتی و دەسەڵاتدارانی تر، لە ترسی ئازایەتیی شێروانەکان، دادگاکانیان کردووەتە پاشکۆی ئارەزووەکانیان و تەرازووی یاسایان بە جۆرێک خوار کردووە کە تەنها کەرامەتی بێهێزەکان بپلیشێنێتەوە!
لەم نیشتمانەدا، سزادانی ڕەخنە خێراترە لە گەیشتنی دەرمان بە نەخۆشخانەکان، و دادوەرەکانی سێبەر خێراتر لە دکتۆرەکان دەتوانن بڕیاری مەرگی مەدەنیی هاوڵاتییان بدەن. ئەو کاتەی چالاکوانێک لەسەر پرسیارکردن ی گیرفانی حیزب ڕاپێچی زیندان دەکرێت، تاڵانچییەکان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی دابەشکردنی نەوتی دزراون. ئەمە دەوڵەت نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی زەبەلاحی مافیاییە کە تێیدا یاسا تەنها شمشێرێکە بۆ پاراستنی دزەکان و بڕینی ملی ئەوانەی کە داوای دادپەروەری دەکەن.















Post Comment