سلێمانی و كوردی ڕۆژهەڵات
ئەوەتەی سلێمانی بووە بەشار هەر كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن هەر ڕژێمێكی ئێرانیەوە تەنگە تاو كرابێت سلێمانی ئامێزی بۆ كردوەتەوە ، كوردی ڕۆژهەڵاتیش لە بواری كارو پیشە ، بازرگانی و هونەرو پێشكەوتنی شارەكەدا درێخیان نەكردوە، ڕاستە سلێمانی سروشتێكی هەیە زیاتر دەقی بەوە گرتوە كە كوڕی گەڕەك و ئەو شتانە باسدەكرێت ، بەڵام هەرگیز دەرگای بەڕوی كەسدا دانەخستوە ، لە مەستورە خانمەوە ، تا سمكۆو تا ئازادیخوازانی كوردو ئەوانی تریش هەمیشە سلێمانی داڵدەی ئێرانیان و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی داوە ، ئەمەش وەك بەشێك لە كورد بوون ، سلێمانی هەر بۆ برای كوردی نا بۆ خەڵكی دیكەش وابووە، حوسێن شەهرستانی دەگێڕێتەوە كە هاتوەتە سلێمانی بە خۆی و خێزانەوە پاش ئەوەی لە چنگی بەعس هەڵدێت چۆن خانەخوێكەی خزمەتی دەكات و پێویستیەكانی بۆ دابیندەكات تا ئەو كاتەی دەنێردرێتە دەرەوە.
سلێمانی یەكێكە لەو شارە كوردیانەی هەرگیز هیچ كوردێكی تر ، جا ڕۆژهەڵاتی بن یان رۆژئاوایی و باكوری ، خۆیان بە غەریب و نامۆ نەزانیوەو یەكسەر تێكەڵ بە هەست و كەوت و نەریتی شارەكە بوونە، هەر بۆیە جەلالی مەلەك شا ئاوات دەخوازێت ئەو ڕۆژە بێت كاوەی كوڕی لەبەر گەراجی شاری سنە سواری ئۆتۆمبیل بێت و لە سلێمانی دابەزێت ، یەكێك لە هۆكاری ڕق لێبوونی دوژمن ، جا ئەو دوژمنە ئێران بێت یان توركیاو عێراق لە سەردەمی ستەمكاریدا ئەو كوردبوونەی سلێمانیە ، كوردبوونێكی ئاكاری مرۆیی، هەر ئەوەشە وادەكات شاعیرو وەرگێڕێكی وەك فەرهاد پیرباڵ بڵێت شەو ڕۆژێك مانەوە لە سلێمانی بە دەڕۆژمانەوەی پاریس ناگۆڕمەوە، هەروەك چۆن شاعیرو نوسەری كاكەیی كەركوكی هیجری دەدە دڵی سلێمانی و پیرەمێرد دەخوازێت و لە سەر سلێمانیش كتێبێت دەنووسێت، خۆ پیرە مێرد خۆیشی لە كاتی بەفر باریندا دەڵێت ” دەڵێی بەڵقیسە تارای زیوینی پۆشیوە ” لەتیف هەڵمەتی شاعیریش شیعرێكی زۆر جوانی بۆ ئەو شارە هەیە ، هەروەك چۆن شێخ ڕەزا بە باڵای دارولمولكی باباندا هەڵدەڵێت.
شارێك دوژمن لێی بترسێت و خزمەتی نەكات و بە شارێكی ڕەزا قورسی ببینێت و هەركێ بێت هێزی خۆی لە سەر تاقیبكاتەوە ناپاڵم و بۆمبی ئینگلیز و تورك و فارس و عەرەبی بەركەوتبێت هەر دەبێت كورد ، كوردی چوار پارچە خۆشیان بوێت ، مەگەر ئەو ناحەزو داخ لەدڵانەی چاویان كورد بونەكەیدا هەڵنەیات ، هەڵبەت دەكرێت ڕەخنە هەبێت، دەكرێت داوای باشترو جوانتربۆ شار بكرێت، بەڵام ناكرێت ڕقت لێی بێت، رقیش لە كوێ لە شارێك لە ڕۆژی دروستبوونیەوە تا ئەم چركە ساتە دەستبەرداری مرۆیی بوون و كورد بونی خۆی نەبووە ، كورد بوون بە مانا ئاكاریەكەی .
سلێمانی شاری ژیان و پێكەوە بوون و خۆشەویستیە ،ئەگەر ململانێی سیاسی و ناجۆری حزبی لێگەڕێن خەڵكەكەی نمونەی خەڵكی باشن ، لە هەموو كارەساتێكی سروشتی یان مرۆیی كردا لە بەشەكانی دیكەی كوردستان، سلێمانی درێخی نەكردوەو لە سەر باكورو رۆژئاواو ڕۆژهەڵات سزا دراوەو ئەو بەردەوام بووە لە پاڵپشتی سیاسی و كۆمەك و بە تەنگەوە بوون و بە دەنگەوە چونیان، ڕەنگە هەر ئەوە بەس بێت كە دەكرێت ئەوانی تر گەواهی بۆ بدەن .















Post Comment