ئاسمانێکی بێ خاوەن

ئاسمانێکی بێ خاوەن

جار بینراوە: (1)

مارف خدر نوری

وەک خانوویەکی بێ دەرگا کە هەر ڕێبوارێک بیەوێت پێڵاوەکانی تێدا دەردەهێنێت و هەر دزێک بیەوێت تاقیکردنەوەی چەکەکانی تێدا دەکات، ئاسمانی ش بووەتە گۆڕەپانێکی بێ پاسەوان. کاتێک موشەک و درۆنەکانی ئێران و میلیشیاکان لەسەرووی سەرمانەوە دەسووڕێنەوە و زیاتر لە ٧٠٠ جار لە ماوەی چەند مانگێکدا خاکی ئەم هەرێمە دەپێکن ، ئێمە وەک بینەرێکی بێدەسەڵات لە خوارەوە وەستاوین، چاوەڕێین بزانین ئایا ئەمجارەیان پارچەی ئاسنە سوورەوەبووەکە لە کوێدا دەکەوێتە خوارەوە. ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئاسایش تیایدا بووەتە تەنها وشەیەک بۆ ڕازاندنەوەی ی بەرپرسان، لە کاتێکدا هاوڵاتی لە ژێر ئاسمانێکدا دەخەوێت کە هیچ سەروەرییەکی تێدا نەماوە.

ئەم بێدەسەڵاتییە لە پاراستنی ئاسمان، دەرەنجامی سروشتی ئەو سیستمەیە کە دروستکراوە. کاتێک دەسەڵاتێک سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکە ئابووری و حیزبییەکانی خۆی بێت، ئاسایشی نیشتمانی دەبێتە قوربانی. ئەوانەی کە لەسەر زەوی هەڕەشە لە هاوڵاتیانی خۆیان دەکەن و دەنگە جیاوازەکان سەرکوت دەکەن، لە ئاست ئەو موشەکانەی لە دەرەوە دێن، تەنها دەتوانن بەیاننامەی ئیدانەکردن دەربکەن.

شۆڕشگێڕترین کەس ئەگەر هۆیەتی بکات، دەبێتە پارێزەری سەرسەختی ئەو واقیعەی کە هەیە  ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە لە وڵاتانی دوای سۆڤیەت ڕوویدا، کاتێک ئەوانەی پێشتر دروشمی ڕزگارییان دەدا، دواتر بوونە پاسەوانی سیستمێکی گەندەڵ کە توانای پاراستنی سنوورەکانی نەما، بەڵام توانای سەرکوتکردنی ناوخۆی بەهێز بوو. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە جیاتی بنیادنانی هێزێکی بەرگری نیشتمانیی یەکگرتوو، خەریکی دابەشکردنی سەرچاوەکانن لە ناو زەلکاوی بەرژەوەندییە شەخسییەکانیاندا.

ئەم فەنتەڵۆسانە، لە کاتێکدا ناتوانن تەنانەت یەک درۆنیش لە ئاسمانی شارەکانیان بخەنە خوارەوە ، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وەک پاڵەوانی نەتەوەیی خۆیان نیشان دەدەن. ئەوان وەک پڵنگە کاغەزییەکان وان؛ لە ناوخۆدا ددان جیڕ دەکەنەوە و هێزی ئەمنی بەکاردەهێنن بۆ کپکردنی هەر ناڕەزایەتییەک، بەڵام کاتێک شەش پێشمەرگە بە موشەکی بالیستی شەهید دەبن و دەیانی تر بریندار دەبن ، یان کاتێک هاوڵاتییانی مەدەنی دەبنە قوربانی ، تەنها چاوەڕێی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن تا بەرگرییان لێ بکەن.

ئەی گەنجان و خوێندکارانی کوردستان، کە چاوتان بڕیوەتە ئاسمانێکی پڕ لە مەترسی و داهاتوویەکی نادیار؛ ئەم دەسەڵاتە لە ئێوە دەترسێت زیاتر لەوەی لەو موشەکانە بترسێت کە ئاسمانیان داگیرکردووە. ئەوان دەزانن کە هێزی ڕاستەقینە لە هۆشیاری و یەکگرتوویی ئێوەدایە، نەک لەو چەکانەی کە ناتوانن بەرگری لە شارەکانتان بکەن. حکومەتێک کە ئاسمانی وڵاتەکەی خاوەنی نەبێت و تەنها لەسەر بێدەنگی خەڵکەکەی بژی، لە مێژوودا تەنها وەک لاپەڕەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە!

بابەتى تر

👤
Live: 208 Today: 1,402 📊 Click Here