شانۆگەرییەکی دیموکراسی

شانۆگەرییەکی دیموکراسی

جار بینراوە: (128)

هە رێم حە مە جان حە مە سالح

بەڕێوەبردنی وڵاتێک بەبێ پەرلەمان و کابینەیەکی شەرعی، لە کاتێکدا ملیۆنان دۆلار بۆ هەڵبژاردن خەرج کراوە، گەورەترین سووکایەتییە بە ئیرادەی دەنگدەران! سەرەڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەڕێوەچوو و تێیدا ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە سەروو لە سەدا ٧٢ ، بەڵام تا ئێستا کە نیسانی ساڵی ٢٠٢٦ـە، نەک هەر کابینەی دەیەم پێکنەهاتووە، بەڵکو پەرلەمانیش لەکارکەوتووە. ئەم پەکهێنانەی دامەزراوە شەرعییەکان تەنها یەک هۆکاری هەیە؛ ئەویش ململانێی نێوان دوو خێزانە دەسەڵاتدارەکەیە لەسەر دابەشکردنی پۆست و سامان.


ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ بە ڕوونی دەسەڵاتی کوردییان دابەش کرد؛ پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسییان بەدەستهێنا. لە وڵاتێکی دیموکراسیدا، ئەم ئەنجامانە ڕاستەوخۆ دەبوونە هۆی دروستکردنی حکومەتێکی نوێ. بەڵام لە کوردستاندا، سیستەمەکە پێچەوانە کار دەکات؛ هەڵبژاردن تەنها ئامرازێکە بۆ وەرگرتنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی، کاتێکیش پرۆسەکە تەواو دەبێت، بڕیاری پێکهێنانی حکومەت لە ناو پەرلەمانەوە ناچێتە دەرەوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەرمێزی گفتوگۆی نێوان خێزانی بارزانی لە هەولێر و خێزانی تاڵەبانی لە سلێمانی. (وەک چۆن ڕامیارییەکان دەڵێن: کاتێک دەوڵەت دەبێتە موڵکی خێزانێک، ئەوا پەرلەمان تەنها ژوورێکی چاوەڕوانییە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانیان.”) ئەمڕۆ کوردستان بەڕاستی بووەتە “سیرکێک” کە تێیدا یاسا و دامەزراوەکان گاڵتەیان پێ دەکرێت؛ کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرەڕای بەسەرچوونی ماوەکەی، هێشتا وەک کابینەی کاربەڕێکەر کار دەکات، تەنها لەبەر ئەوەی ئەم دوو خێزانە لەسەر پشکی داهاتی نەوت و کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان ڕێکنەکەوتوون


بەهێزبوونی ئەم دوو خێزانە تەنها بەهۆی هێزی چەکدار و پارەیانەوە نییە، بەڵکو بەهۆی لاوازی و پەرتەوازەیی هێزەکانی تریشەوەیە. هەرچەندە نەوەی نوێ توانی ١٥ کورسی بەدەست بهێنێت و ببێتە هێزی سێیەم ، بەڵام نەتوانراوە بەرەیەکی بەهێز دروست بکرێت کە بتوانێت فشار لە پارتی و یەکێتی بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک بەریتانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام داوای پەلەکردن دەکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا ، سەرکردەکانی هەردوو حزب (وەک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) لە پەیامەکانیاندا تەنها قسەی باق و بریق دەکەن و باسی “خزمەتکردنی خەڵک” دەکەن، بەڵام لە واقیعدا تەواوی پرۆسەکەیان بە بارمتە گرتووە.

بابەتى تر

👤
Live: 32 Today: 1,470 📊 Click Here