کوردستان لە نێوان تاڵانکردنی دارایی و پێشێلکردنی سەروەری: حوکمڕانییەک بەرەو بنبەست

کوردستان لە نێوان تاڵانکردنی دارایی و پێشێلکردنی سەروەری: حوکمڕانییەک بەرەو بنبەست

جار بینراوە: (23)

محمد سەڵاح – چالاکوان

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، تێپەڕاندنی سنوورەکانی حوکمڕانی و سیاسەتە؛ ئەوەی دەیبینین جۆرێکە لە بازرگانیکردن بە ژیان و کەرامەتی میللەتێکەوە. پارتی و یەکێتی، دوای سێ دەیە لە هەژموونی بێ رکابەر، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێک کە تێیدا هەموو بەها نیشتمانییەکان دەکرێنە قوربانیی پاراستنی کورسی و بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکانیان.

پەرلەمان؛ بارمتەی ململانێی پۆست و پلە

ماوەیەکی درێژە پرۆسەی دیموکراسی لەم هەرێمەدا پەکخراوە و ناهێڵدرێت پەرلەمان وەک ناوەندێکی یاسایی دەستبەکار بێت. هۆکارەکەش ڕوونە: بەرژەوەندییە حیزبییەکان و چۆنیەتی دابەشکردنی “پلەو  دەسەڵات” لای ئەوان لە پێش هەموو عورفێکی یاسایی و نیشتمانییەوەیە. پەرلەمانێک کە دەبوو مەکۆی دەنگی خەڵک و چاودێریکردنی حکومەت بێت، ئێستا کراوە بە بارمتەی دەستی چەند گروپێک. ئەمە تەنها “پەککەوتنی سیاسی” نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی ئیرادەی گەل و بێبایەخکردنی دەنگی دەنگدەرە.

غاز و کارەبا؛ جەنگ دژی بژێویی هاووڵاتی

لە وڵاتێکدا کە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە و جیهان چاوی تێبڕیوە، جێگەی شەرمەزارییەکی گەورەیە هاووڵاتییەکەی لە ناو تاریکیی بێکارەباییدا بژی و دایکی کورد لە سەرەی بوتڵە غازدا کاتەکانی بەفیڕۆ بدات. دروشمی “بەهێز” لە ئاست ئەم واقیعەدا وەک تەنزێکی سیاسی دەردەکەوێت.

ڕاستییەکە ئەوەیە: قەیرانی خزمەتگوزارییەکان قەیرانی نەبوونی سامان نییە، بەڵکو ئەنجامی چاوچنۆکیی کۆمپانیاکانی سێبەری حیزبە. ئەوان ئامادەن ژیانی خەڵک ڕوبەڕووی مەترسی بێتەوە، بەڵام گرێبەستە گوماناوییەکانی خۆیان پارێزراو بێت. حکومەت لەم هاوکێشەیەدا نەک هەر بێدەنگە، بەڵکو خۆی ئەندازیاری دروستکردنی ئەم جەنگە دەروونییەیە دژ بە هاووڵاتییانی خۆی.

سەروەرییەک کە بە موشەک دەشکێنرێت

لە لایەکی تریشەوە، خاکی هەرێم بووەتە مەیدانی تاقیکردنەوەی موشەکەکانی وڵاتانی دراوسێ و میلیشیاکان. ڕۆژانە هاووڵاتییان  دەبنە قوربانی و خوێنی منداڵی کورد دەڕژێت، کەچی دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی تەنها سەرقاڵی یەکتر شکاندن و ململانێی ناوخۆیین.

ئەم حکومەتە تەنها لە بەرامبەر هاووڵاتیی بێدەرەتانی خۆی “باڵادەستە”؛ کاتێک موشەک دەگیرێتە شارەکانمان، دەسەڵات هەڵوێستێکی جددی و کردەیی نییە. کاتێک پارتی و یەکێتی لەسەر پۆست و دەستکەوتی دارایی شەڕیانە، نەیارانی کوردیش ئەم بێخاوەنییەی هەرێم دەقۆزنەوە و شکۆی نەتەوەییمان پێشێل دەکەن. پرسیارەکە لێرەدایە: ئەگەر ناتوانن گیان و کەرامەتی هاووڵاتییان بپارێزن، شەرعییەتی مانەوەتان لەسەر ئەو کورسییانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

ئەنجام: هەرێم لە بەردەم لێشاوی تووڕەیی

ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو وێرانییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەترسیدار دەچێت. یەکێتی و پارتی سەلماندیان کە تەنها خەمی مانەوەی بنەماڵە و گروپە بەرژەوەندیخوازەکانیانە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانن: مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەسەڵاتێک بەردەوام نابێت کاتێک متمانەی گەلی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر ئەمڕۆ بەردەوام بن لە پەراوێزخستنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک و بێدەنگ بن لە ئاست شکاندنی سەروەریی خاکەکەمان، سبەی لە بەردەم لێشاوی تووڕەیی گەلدا هیچ پەناگەیەک شک نابەن.

بابەتى تر

👤
Live: 87 Today: 2,219 📊 Click Here