حکومەتێکی بەسەرچوو کە هێشتا کار دەکات
محمد موسڵیح
بەڕێوەبردنی نیشتمان وەک “ئامێرێکی قوماری یەکئاراستە”، کە تەنها پارە قوت دەدات و هەرگیز هیچی لێ ناکەوێتە خوارەوە، گەورەترین تاوانی ئەم سەردەمەیە! کابینەی کاربەڕێکەر لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ساڵێکە شەرعییەتی یاسایی و متمانەی جەماوەریشی لەدەستداوە، بووەتە سەیرترین دیاردەی سیاسیی جیهان؛ کاتێک باسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک دەکرێت، ئەم کابینەیە دەڵێت “ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین چونکە پەرلەمان سڕ کراوە و لە بۆشاییداین” ، بەڵام کاتێک باسی سەپاندنی باج و سەرانە بەسەر کاسبکارێکی هەژاردا دەکرێت، یان کاتێک گرێبەستی زەبەلاح و درێژخایەن دەدەنە کۆمپانیاکانی خۆیان ، ئامێرە ژەنگاوییەکەی حکومەت بەوپەڕی خێراییەوە کار دەکات و هیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نابینن!
(“دەسەڵات بەبێ فشار و زەبرێکی بەهێز، هەرگیز دەستبەرداری هیچ ئیمتیازێک نابێت؛ نە لە ڕابردوودا وا بووە و نە لە داهاتووشدا وا دەبێت.”) بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، نەک هەر دەستبەرداری کورسییەکانیان نابن، بەڵکو مۆدێلێکی نوێیان لە چەتەگەری داهێناوە. ئەوان لە ژێر پاساوی “حکومەتی کاربەڕێکەر”دا، مانگانە سەدان ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ و گیرفانی خەڵک کۆدەکەنەوە ، خاڵە سنوورییەکان دەدۆشن و زەوییە گشتییەکان تاپۆ دەکەن ، بەبێ ئەوەی یەک دامەزراوەی چاودێری یان پەرلەمانێک هەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکات. ئەم کارتێلە سیاسییە تەنها لە یەک حاڵەتدا شەرمن و بێدەسەڵاتە، ئەویش کاتێکە کە پێویستە ملکەچی ئیرادەی هەڵبژاردن بێت و دەسەڵات ڕادەستی نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل بکات.
مانەوەی ئەم دەرەبەگایەتییە مۆدێرنە و درێژکردنەوەی تەمەنی کابینە تەنها باجەکەی لەسەر شانی باجدەران و هەژاران قورس دەبێت! ئەی ئەو هاووڵاتی و کاسبکارانەی کە ڕۆژانە ئارەقە دەڕێژن بۆ ئەوەی خەزێنەی ئەم مافیایانە پڕ بکەن و لە بەرامبەردا بچووکترین خزمەتگوزاریتان پێنادرێت؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم بێدەنگییە کوشندەیە بشکێنن. دەسەڵاتێک کە تەنها بۆ وەرگرتنی پارە و لێدانی قامچی زیندوو بێت، بەڵام بۆ گوێگرتن لە دەنگی گەل خۆی بە مردوو بزانێت، شایەنی ئەوە نییە یەک چرکەی تر لەسەر ملی ئێوە بژیێت. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم منداڵە لوسکانەدا و ئامێری تاڵانکارییەکەیان لەکار بخەن، چونکە ئەم سیستەمە فێڵبازە تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!















Post Comment