مەرجەعییەت ڕازییە..!!
هاژەی مووشەک و هاڕەی ماتۆڕە فڕیوەکانی کۆماری ئیسلامیی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا، بۆ لێدانی شارو شارۆچکەکانمان لەخۆوە نییە..
ڕووکار، میلیشیا شیعەکانی بەرەی مقاوەمەی عیراقە، بەڵام چەکی ئێران و مەشق و نەخشەو لیستی ئامانجەکان و پەنجەکانیش ئەفسەرانی سوپای پاسدارانن.
ئەم پەرەسەندنەی دوایی، نابێت ساویلکانە لێکدانەوەی بۆ بکرێت.
دڵنیاین، ئەم هێرش و پەلاماردانانە بەفەرمانی مەرجەعییەتی نەجەفە .
ئەگەر وا نیە، بابفەرموون وەک هەنگاوی پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی “درۆ” ی خاک و خەڵکی عیراق، فەتوای ڕاگرتن و تەحریمی هێرشەکان بدەن..
دڵنیابن، ئەوان بڕیاریانداوە، شارەکانمان بسووتێنن، چ وەک و کوردو وەکو سوننەش ئێمە لەخانەی دوژمنانی ئەوانین، بەدەر لەمە هەر بیرکردنەوەیەک گەمژەیی سیاسییە..
کاتی ئەوەیە، خاڵەکان بخرێنەوە سەر پیتەکان، بەسێ ئاڕاستە؛
یەک؛
سەرکردایەتی سیاسی وئیداریی کوردستان، دکتۆر مەحمود عوسمان وتەنی، بیسەلمێنن کە”قیادەیەکی ترسنۆک” نین، هەنگاوی سیاسی و دبلۆماسی و نیشتمانی و ئاساییشی بنێن، لەنێوان بەرژەوەندی و کۆمپانیاکانیان لەگەڵ سەروەریی و شەرەفی یبووندا، یەکەمیان بژاردەبێت، وا گڕو بۆنی بارووت گەیشتە ژووری نووستنەکانتان..
دوو؛
بێ دوودڵی هەموو کاراکتەرو پەرلەمانتارو نوێنەرە تەزویرەکان، کە بەکردەیی بوقی بەرەی مقاوەلە وکورسییەکانیشیان ئێرانییە، پەلکێشی دادگای گەل بکەن، یان رەوانەی جورفلسەخرو قەرارگەیان بکەنەوە.
سێ؛
خەڵکی کوردستان بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە جدییە کان بدەن، لەنێوان کوردبوون و مانەوە، لەگەڵ کۆیلەیی و بەکەم سەیرکردن و ژێردەستەیی تائیفی و قەومییە شۆڤێنییەکان، یەکێکیان بژاردەکەن..
کورد ئەڵێ؛
ئەمە شەڕەو یەخەم ئەگرێ، ئەگەر نەیکەم، خوا ئەمگرێ..















Post Comment