“سەرکەوتنی پیرۆسی” لە جەنگدا: بردنەوە بە تامی شکست.

“سەرکەوتنی پیرۆسی” لە جەنگدا: بردنەوە بە تامی شکست.

جار بینراوە: (349)

(ئەگەر یەک سەرکەوتنی تری لەم شێوەیە بەدەست بهێنین، بە تەواوی لەناودەچین).

“پیروسی ئەپیری”

دوای شەڕی “ئاسکولۆم” کاتێک کەسێک پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکرد، پیرۆسی ئەپیری لە وەڵامدا وتی: (ئەگەر یەک سەرکەوتنی تری لەم شێوەیە بەدەست بهێنین، بە تەواوی لەناودەچین).

لە ساڵی (٢٨٠ – ٢٧٩ پ.ز)، پاشا “پیرۆس”ی پاشای “ئەپیرۆس” بە هاوکاری ئیتالیای هاوپەیمانی، چەند شەڕێکی دژی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ئەنجامدا، لەوانە شەڕی (هێراکلیا و ئاسکولۆم). پیرۆس لە هەردوو شەڕەکەدا سەرکەوت، بەڵام سوپا مەزنەکەی، زیانێکی بێشوماری بەرکەوت و تەفر وتونا بوون و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا، وەخت بوو ئەوەی کە بە دەستی هێنا لە کۆتایی جەنگەکەدا، کەس نەمێنێ بیچنێتەوە.

بواری بەکارهێنانی دەستەواژەی “سەرکەوتنی پیرۆسی” ئەو کاتەیە کە لایەنێک لە شەڕێکدا سەردەکەوێت، بەڵام ئەو زیانانەی لێی دەکەوێت (لە ڕووی گیانی، دارایی ولۆجستی)ەوە هێندە زۆرە کە لەگەڵ شکست هیچ جیاوازییەکی نییە و دەگاتەوە خاڵی (سفر)، سود و زیانی جەنگەکە یەکسان دەبێتەوە، واتا دەستکەوتەکان پووچەڵ دەبنەوە بە هۆی قەبارەی زیانەکانەوە.

تایبەتمەندییەکانی “سەرکەوتنی پیرۆسی”:

١.تێچووی بەرز: زیانەکان زیاترن لە دەستکەوتەکان.

٢.داهێزرانی دوای بردنەوە: براوە لە دوای سەرکەوتنەکە بە جۆرێک هێزی لەبەر دەبڕێت کە تووشی داهێزران دەبێت و ماوەیەکی باشی پێویستە بۆ ئەوەی بێیتەوە سەر خۆی.

٣.گۆڕانی ئاڕاستە: زۆربەی جار ئەم جۆرە سەرکەوتنە سەرەتایەکە بۆ شکست و مایەپوچی.

لە ڕابووردودا چەند نمونەیەکی ئەم جۆرە سەرکەوتنە (سەرکەوتنی پیرۆسی) هەیە کە دەشێت ئاماژەی پێ بکەین وەک نمونەی بەرچاو، کە بە هۆی تێچووی زۆری جەنگەکەوە لە ڕووی مرۆیی و لۆجستیەوە، سەرکەوتنی ئەو سوپایانەی بە تامی شکست دەرخواردی دەوڵەتەکە داوە:

“جەنگی زستانە”ی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و فینلەندا لە ساڵی (١٩٣٩) لە سەرەتای (جەنگی دووەمی ) یەکێک بوو لەم جۆرە لە سەرکەوتنە، ئەم جەنگە بە وردی ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن هێزێکی زەبەلاحی وەک “یەکێتی سۆڤیەت” دەبێتە براوەیەکی دۆڕاو. کاتێک یەکێتی سۆڤیەت هێرشی کردە سەر فینلەندا، وا مەزەندەی دەکرد لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەو ووڵاتە داگیر بکات. ئەوە بوو لە کۆتاییدا سۆڤیەت جەنگەکەی بردەوە و فینلەندا ناچار بوو بەشێک لە خاکەکەی ڕادەست بکات، بەڵام ئەم سەرکەوتنە تێچوویەکی “پیرۆسی” هەبوو، زیانی مرۆیی گەورە بەر سۆڤیەت کەوت، نزیکەی ١٢٠ بۆ ١٦٠ هەزار سەربازی لەدەستدا، لە کاتێکدا ئەوەی لە جەنگەکەدا بە دەستی هێنا کەمتر بوو لەوەی کە لە دەستی دا، هەر ئەمەش بوو پەردەی لەسەر توانا سەربازیەکەی لادا، شکۆی لەدەستدا و هەژموونی لاواز بوو، ئەم لاوازییەش بووە هۆی ئەوەی هیتلەر وا هەست بکات داگیرکردنی سۆڤیەت ئاسانە، کە دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەرتر بۆ سۆڤیەت.

یەکێکی تر لە نموونەی ئەم جۆرە سەرکەوتنە، جەنگی ڤێتنامە، (هێرشی تێت – ١٩٦٨)، لە ڕووی سەربازییەوە سوپای ئەمریکا لە “هێرشی تێت”دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هێزەکانی ڤێتنامی باکووری تێکشکاند، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی دۆڕان بە گوێرەی خەڵکی ناوخۆی ئەمریکا، کاتێک قەبارەی کوژراوەکان و ڕاستی جەنگەکەیان بینی، پشتگیرییان بۆ جەنگەکە نەما، هەر وەک ئەوەی کە ئێستا لە شەقامی ئەمریکا دەگوزەرێت، ڕۆژانە خەڵکی ئەو ووڵاتە دەڕژێنە سەر سەقام و ناڕەزایی دەردەبڕن و ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی جەنگی ڤێتنامیان هەیە، ئەم هەستەش ئێستا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی واشنتۆن بەرامبەر بە ئێران هەیە.

لە ئەنجامدا ئەوە ڕاستە کە لە ڕووی سەربازیەوە ئەمریکا جەنگەکەی بردەوە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بووە هۆی شکستی ئەو زلهێزە.

ئەم نموونانە پێمان دەڵێن کە لە ململانێکاندا (چ سیاسی بێت یان سەربازی)،”چۆنیەتی بردنەوە” گرنگترە لە خودی بردنەوەکە. ئەگەر بردنەوەکە هێزت لەبەر ببڕێت و تووشی هەلاکەت و ماندوبوونت بکات، لە ڕاستیدا ئەو سەرکەوتنە ووڵات بەرەو تیاچوون دەبات.

لە جەنگە هاوچەرخەکاندا، بەهۆی پەرەسەندن وپێشکەوتوویی تەکنەلۆژیای سەربازی و تێچووی بەرزی ئابووری وهەروەها لێکەوتەکانەوە، زۆربەی سەرکەوتنەکان بەرەو “پیرۆسی” بوون دەچن، چونکە هیچ وڵاتێک توانای نییە تێچووی وێرانکارییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

لە کۆتاییدا، مێژوو پێمان دەڵێت کە پێوەری ڕاستەقینەی بردنەوە لە جەنگدا، ژمارەی ئەو سەربازانە نییە کە لە مەیدانەکەدا دەمێننەوە، بەڵکو توانای پاراستنی ئەو سەرکەوتنەیە بۆ داهاتوو. وەک چۆن “پیروسی ئەپیری” لە دوای شەڕی ئاسکولۆم تێگەیشت کە بردنەوەیەک سوپاکەی تێکبشکێنێت تەنها “دواخستنی شکستە”، ئەمڕۆش هێزە یەکان لەبەردەم هەمان تاقیکردنەوەدان. ململانێی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران نموونەیەکی زیندووی ئەم هاوکێشەیەیە، هەر هەنگاوێکی سەربازیی هەڵە کە ببێتە هۆی تێچوویەکی مرۆیی و ئابووریی بێشومار، دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی جەنگی “زستان و ڤێتنام” لە هاوچەرخدا، سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەو بڕیارە سیاسیەیە کە هەر هێزێک بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی و دەوروبەرەکە دەپارێزێت بەبێ ئەوەی تووشی “داهێزرانی دوای بردنەوە” ببێت. چونکە لە کۆتاییدا، ئەو سەرکەوتنەی کە هێز و شکۆی دەوڵەت دەگەیەنێتە خاڵی سفر، تەنها سەرکەوتنێکە بە تامی شکست و هیچ دەستکەوتێکی نییە کە شایەنی چنینەوە بێت.

بابەتى تر

👤
Live: 216 Today: 970 📊 Click Here