چۆن حەشدی شەعبی بووەتە زەروویەک بۆ مژینی سامانی دەوڵەت؟
ڕێبەر ئەنوەر عبدوڵا
لە عێراق و ناوچەکانی خۆمان، کاتێک گوێت لە وشەکانی “بودجەی تەرخانکراو، پڕۆژەی ستراتیژی، یان پاراستنی سەروەری” دەبێت، بزانە کە میلیشیاکان و دەسەڵاتداران خەریکی شاردنەوەی تاوانێک یان تاڵانییەکی گەورەن! لێرە، گەورەبوونی قەبارەی هێزە چەکدارەکان بە ڕێکەوت ڕوو نادات و ملیاران دۆلاریش بە ڕێکەوت ناچێتە گیرفانیانەوە؛ بەڵکو “بەتاڵکردنەوەی خەزێنەی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی عێراقی نوێیە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵات و کوشتنی ئیرادەی خەڵک، “داگیرکردنی ئابوورییەکەیەتی بە ناوی پیرۆزییەوە”. بۆیە دەبینین هەموو شتێک لێرە قۆرخ کراوە، لە دەروازە سنوورییەکانەوە بگرە تا دەگاتە بودجەی گشتی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە!
با سەیری قەیرانی بودجە بکەین. بۆچی هەموو ساڵێک پشکی ئەم گرووپە چەکدارانە بە ملیاران دۆلار زیاد دەکات لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نییە و خەڵک چاوەڕێی مووچەیە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە عێراق لەوپەڕی مەترسیدایە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە نەوت و سامانە سروشتییەکان دەڕژێتە گیرفانی ئەم ئیمپراتۆریەتە سەربازییەوە، بەڵام بژێویی خەڵک دەبڕدرێت چونکە “بەهێزکردنی ئابووریی میلیشیاکان لەسەر حیسابی برسیەتیی هاوڵاتییان” باشترین چەکە بۆ ئەوەی خەڵک تەنها بیر لە نانی ڕۆژانەی بکاتەوە، نەک بیر لە لێپرسینەوە و وەستانەوە دژی چەکدارەکان بێت.
هەمان سیاسەت بۆ قۆرخکردنی بازاڕ و پڕۆژەکانی دەوڵەتیش جێبەجێ دەکرێت. دوای ئەوەی کۆنترۆڵی سەربازییان بەسەر ناوچەکاندا سەپاند، ئێستا حەشدی شەعبی کۆمپانیای زەبەلاحی وەک “کۆمپانیای موهەندیس” دروست دەکات بۆ ئەوەی هەموو تەندەر و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت بەبێ ڕکابەری قۆرخ بکات. ئەوان ئەم هەژموونە ئابوورییە بەکاردهێنن نەک وەک هەنگاوێک بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی “دەوڵەتی شاراوە” و درێژەدان بە تاڵانکارییەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ چاودێرییەکی دارایی بوێرێت لێپرسینەوەیان لێ بکات. کاتێک تۆ خاوەنی تفەنگ بیت و دەسەڵاتی دادوەریشت بێدەنگ کردبێت، بۆچی دەست لە دزینی سامانی گشتی هەڵدەگریت؟ ئەوان بودجە دەمژن، داهات کۆنتڕۆڵ دەکەن، و پاشان وەک پاڵەوانی نیشتمانی بەسەر میللەتی دەفرۆشنەوە.
تەنانەت کاتێک باس لە “داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان” دەکرێت، ئەم گرووپانە ڕێگا بازرگانییەکان کۆنترۆڵ دەکەن تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی قاچاخچێتی و باجی نایاسایی (سەرانە) لەناو تاریکیدا بزر بکەن. داهاتی گومرگەکان، کۆنترۆڵی بازاڕی دراو، و داگیرکردنی زەویوزاری دەوڵەت بە مەبەست و بە هێزی چەک دەسەپێنرێن، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی بکات کە ئەم وڵاتە موڵکی چەکدارەکانە و ئێمەش تەنها کۆیلەیەکین لەسەر خاکەکەی خۆمان.
کۆمەڵناسی گەورەی مێژوو، ئیبن خەلدون دەڵێت: “کاتێک دەسەڵات دەکەوێتە دەست ئەوانەی بە شمشێر حوکم دەکەن، ئاوەدانی وێران دەبێت و خەزێنەکان بەتاڵ دەکرێن.” ئەمڕۆ حەشدی شەعبی (وەک چۆن حیزبە دەسەڵاتدارەکانی خۆشمان لە کوردستان هەمان کار دەکەن) بە زەبری “هەژموونی سەربازی و ئابووری” دەیانەوێت نیشتمان بڕووتێننەوە و کەرامەتی خەڵک بشکێنن.
ئەو ڕۆژە نیشتمان بووە زیندانێکی گەورە، کە هێزە چەکدارەکان تێگەیشتن دەتوانن بە داگیرکردنی بودجە و سامان، ئیرادەی میللەتێک بکوژن. تا ئەو کاتەی خەڵکی عێراق و کوردستان باوەڕ بەم پیرۆزییە درۆینەیە بکەن و لەبری ڕاپەڕین، چاوەڕێی “خێر و سەدەقەی سەرانی میلیشیا و حیزبەکان” بکەن، ئەم وڵاتە هەرگیز ئابوورییەکی سەربەخۆ و سەقامگیر بەخۆیەوە نابینێت، بەڵکو تەنها لە قەیرانێکی داراییەوە دەگوازرێتەوە بۆ تاڵانکارییەکی گەورەتر!















Post Comment