دەوڵەتێکی شەلەل لەژێر سێبەری میلیشیاکاندا!

دەوڵەتێکی شەلەل لەژێر سێبەری میلیشیاکاندا!

جار بینراوە: (0)

ڕاستگۆ محمد سەعید

لە عێراقی ئەمڕۆدا، سنووری نێوان “دەوڵەت” و “میلیشیا” بە تەواوی سڕاوەتەوە، و جۆرێک لە حوکمڕانیی هەمەجۆر دروست بووە کە لە مێژووی سیاسیدا دەگمەنە. حەشدی شەعبی کە بە ڕواڵەت و بەپێی یاسا بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و مووچەی لە بودجەی گشتی بۆ دابین دەکرێت، لەسەر ئەرزی واقیع کۆمەڵێک گرووپی نیمچە سەربەخۆیە کە نە گوێ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆک وەزیران) دەدەن و نە باکیان بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت هەیە. ئەمە دەوڵەت نییە، بەڵکو میوانخانەیەکە کە تێیدا گرووپە چەکدارەکان بە پارەی میوانەکان (گەل)، خاوەن ماڵەکە (حکومەت) دەچەوسێننەوە!

ئەم هێزە دووڕەگە، پێیەکەی لەناو دەوڵەتدایە بۆ وەرگرتنی پارە، شەرعیەتی قانوونی و قەڵغانی دەستووری، وە پێیەکەی تریشی لە دەرەوەی دەوڵەتە بۆ ئەنجامدانی کاری نایاسایی و ڕفاندن بەبێ لێپرسینەوە. کێشە گەورەکە ئەوەیە کە بڕیاردەر لەناو حەشدی شەعبیدا یەک سەرکردە یان یەک دەزگا نییە؛ بەڵکو دەیان فەرماندەی لۆکاڵی و سەرۆک میلیشیا (وەک سەرکردەکانی کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیب) هەن کە هەر یەکەیان ئیمپراتۆریەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم فەرماندە لۆکاڵییانە هەژموونێکی یەکجار گەورەیان هەیە؛ لە ناوچەکانی خۆیاندا باج دەسەنن، خەڵک دەگرن، و تەنانەت لە ڕووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیشدا (فالح فەیاز) دەوەستنەوە و ئامادە نین فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن. ئەمەش وایکردووە کە هەماهەنگیی نێوان حەشد و هێزە فیدراڵییەکانی وەک سوپا و پۆلیس زۆر لاواز و پچڕپچڕ بێت، چونکە حەشد خۆی بە سەرووتر لەو هێزانە دەزانێت.

حکومەتەکانی عێراق، بەتایبەت کابینەی سوودانی، هەوڵیان داوە لە ڕێگەی یاساوە ئەم گرووپانە “ڕێکبخەنەوە” و بیانخەنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بوونەتە مەترسییەکی گەورەتر. لەبری ئەوەی حەشد بخرێتە ناو قاڵبی دەوڵەت، ئەوان دەیانەوێت تەواوی دەوڵەت بخەنە ناو قاڵبی حەشدەوە! یاسا نوێیەکان دەیانەوێت ئەم نیمچە سەربەخۆییەی فەرماندەکان شەرعیەت پێ بدەن و بیانپارێزن لە هەر لێپرسینەوەیەکی نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی. لەولاشەوە، سەرکردە کوردەکانیش لەبری ئەوەی دژی ئەم مۆدێلە ترسناکە بن کە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان لە بەغدا، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

لە کۆتایدا “دەوڵەت ئەو قەوارەیەیە کە مافی قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێزی ڕەوای هەیە.” بەڵام لە عێراقدا، دەوڵەت ئەم مافەی لەدەست داوە و داویەتییە دەست دەیان گرووپی چەکدار کە هەر یەکەیان بۆ بەرژەوەندییەکی دەرەکی (بەتایبەت ئێران) یان لۆکاڵی کار دەکەن.

بابەتى تر

👤
Live: 60 Today: 1,339 📊 Click Here