مەسعود بارزانی: هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان

مەسعود بارزانی: هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان

جار بینراوە: (460)

-

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، “بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2726ـی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەكەم، هەروەها جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەی جیهان و ناوچەكە پیرۆز دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە فەرهەنگ و مێژوویان”.

ئاماژەی بەوەکردووە، ” هیوادارم ساڵێكی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەك، نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە، ئەمە وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی بەردەوامبوون و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاشتی لە مێژووی گەلی كوردستاندا ڕەگی قووڵی داكوتاوە”.

مەسعود بارزانی وتی، “نەورۆزی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكاری و ئاڵۆزی و گرژیی زۆر لە ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی. لەو دۆخە هەستیار و مێژووییەدا، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسیەكان هەماهەنگ و هاوكاری یەكتری بن و پشتیوانی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان بن”.

وتیشی، “هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە شادی و كامەرانی بەڕی بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە دوور لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی بتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین”.

بابەتى تر

👤
Live: 27 Today: 107 📊 Click Here