با کەمێ تر چاوەڕێ بین
یەکەم: خەبات و تێکۆشانی کوردان لە ڕۆژهەڵات ڕەوایە و پشتیوانی ڕۆژهەڵات ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتیمانی و تەنانەت ئینسانییە. ڕۆژهەڵات هەمیشە پشتیوانی باشور بوون و لە زیاد لە ئازار و برینێکدا ڕۆژهەڵاتییەکان هاوکار و هاوخەم و پاڵپشتمان بوون.
دووەم: ڕژێمی ئسلامی ئێران یەکێکە لە ڕژێمە دڵڕەقەکانی دنیا و شەڕکردن لەگەڵ ئەم ڕژێمە دینییە شیعەیە ئاسان نییە و وەک بینیمان شەڕی زیاد لە وڵاتێکی ناوچەکە و ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
سێیەم: باشور ٣٥ ساڵە ئەزموونێک سەررێ دەخات” سەرباری خراپی بەڕیوەبردن و خراپی دەسەڵاتی دوو هێزی سیاسی”. ئەم ئەزموونە لە ئیستادا ئەوەندە بەهێز نییە توانای شەڕی گەورەی هەبێت و نە سوپایەکی گەورەی هەیە و نە چەکی گەورەی لەبەردەستە و نە حکومەتێکی تۆکمەی هەیە و نە قەڵایەکی تۆکمەی هەیە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی.
چوارەم: تەلەفۆنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرپرسانی باشور بەبێ هیچ گرەنتییەک، بەبێ هیچ نوسراوێک، ترسی ئەوە لەئارادایە وەک ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمریکییەکان جێمانبێڵن. سەرباری ئەوەی بە ئیستاشەوە پێم وایە ئەمریکا و ڕۆژئاوا و پشتیوانییەکانیان بۆ باشوری کوردستان گرنگن و لانی کەم زیاد لە سێ دەیە ئێمەیان لە چنگی برا موسوڵمانەکانی ناوچەکە پاراستووە.
پێنجەم: خەڵک و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیش لەم دۆخە ناسکەی ئێمە تێدەگەن و بۆ هەموان باش دەبوو دۆخی ناوچەکە هێندە نەسک نەبوایە و پشتێنی یەکترمان بگرتایە و بەیەکەوە شانمان بدایەتە بەر هەر شەڕێک کە لە ناوچەکەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
شەشەم: سەرباری هەموو ئازار و برین و قوربانییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات، گرنگە کەمێکی تر چاوەڕێ بکەین و یاری بە کات بکەین بزانین لە چەند ڕۆژی ئایندەدا چی ڕوودەدات. ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕووخێ، ئەوە باشتر و ئەگەر نا وردتر و عەقڵانیتر بیر لە دۆخەکە بکەینەوە و کە دەکرێ شەڕەکە فراوانتر بێت و هێز و دەوڵەتانی تر بەشداری تێدا بکەن و کورد نەبێتە قوربانی ئەجێندای دەوڵەتانی تر.
حەوتەم: سەربەیەکەوەنان و بینینی برینەکانی پارچەکانی تر گرنگە، وەک ئەوەی حاجی قادری کۆیی دەڵێت: جۆشێ بدەن وەکو هەنگ/ تەکبیر بکەن بەبێ دەنگ/ ئەسبابی شەڕ پەیداکەن/ تۆپ و هاوەن وتفەنگ”. بەهیوای ئەم دۆخە تێپەڕێت و ڕۆژ ببینین لە ڕۆژهەڵاتەکەی پیشەواوە هەڵبێت.















Post Comment