لە “ڕووناکی”یەوە بۆ تاریکی: چۆن پرۆژەکەی حکومەت گیرفانی خەڵکی دڕی؟

لە “ڕووناکی”یەوە بۆ تاریکی: چۆن پرۆژەکەی حکومەت گیرفانی خەڵکی دڕی؟

جار بینراوە: (0)

ڕابەر ئەشرەف

پڕۆژەی “ڕووناکی” کە مەسرور بارزانی بە شانازییەوە وەک دەستکەوتێکی گەورەی کابینەی نۆیەم بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی ببێتە مایەی ڕووناککردنەوەی ماڵی هەژاران، بووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ ڕووتاندنەوەی هاوڵاتییان و قورسکردنی باری داراییان! حکومەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە داخستنی موەلیدە ئەهلییەکان و پشتگوێخستنی گەندەڵییەکانی کەرتی کارەبا، تا ساڵی ٢٠٢٦ کارەبای بەردەوام دەداتە تەواوی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەوەی لە واقیعدا ڕوویدا، پەردەپۆشکردنێکی گەورە بوو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا بە شێوەیەکی خەیاڵی کە گیرفانی مامۆستا و فەرمانبەری بێمووچە بەتەواوی خاڵی دەکاتەوە. ئەمە پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ بەبازرگانیکردنی (Commercialization) یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی هاوڵاتییان!

ئەوەی ئەم پڕۆژەیە دەکاتە کارەساتێکی ئابووری، ئەو باجە قورسەیە کە لەژێر ناوی “کرێی کارەبا”دا دەخرێتە سەر شانی خەڵک. بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە ١٨ دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ ٧٢ دینار، و تەنانەت دەگاتە ٣٥٠ دینار بۆ ئەو ماڵانەی کە بەکارهێنانیان زۆرە! ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمانتاران هۆشدارییان داوە کە ئەمە “بەرزبوونەوەیەکی دڕندانەیە” و وا دەکات کە خەرجیی کارەبای ماڵێک بۆ دوو تا سێ هێندەی پێشتر زیاد بکات. حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە لە ٨٠٪ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: هاوڵاتییەک کە شەش مانگە یەک مووچەی وەرنەگرتووە، چۆن دەتوانێت مانگانە دەیان هەزار دینار بداتە کارەبایەکی حکومی؟ ئەم پڕۆژەیە بە ئاشکرا دروست کراوە بۆ ئەوەی تەنها بەرپرسە دەوڵەمەندەکان بتوانن لە ناو ڤێلا سارد و گەرمەکانیاندا سوودی لێ ببینن، لە کاتێکدا هەژارەکان ناچار دەبن لە ترسی پارە، سویچی کارەباکانیان بکوژێننەوە.

سەرەڕای ئەم هەموو پارە زەبەلاحەی کە لە خەڵک دەسەنرێت، پڕۆژەی ڕووناکی هیچ گەرەنتییەکی بۆ بەردەوامی نییە. کاتێک بەهۆی کێشەیەکی بچووکی وەک لەکارکەوتنی بۆریی غازەوە لە وێستگەکانی کۆرمۆر، تەواوی پڕۆژەکە پەکیدەکەوێت و کوردستان دەچێتەوە ناو تاریکییەوە، ئیتر چۆن دەتوانرێت متمانە بەم “ڕووناکییە” بکرێت؟ خەڵک ئێستا کەوتوونەتە ناو تەڵەیەکی گەورەوە؛ لەلایەکەوە سەدان موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکاندا کوژێنراونەتەوە و بەدیلێکیان نەماوە، لەلایەکی تریشەوە، تۆڕەکانی کارەبای حکومەت هێندە کۆن و وێرانن کە بەرگەی پەستانی ئەو ٢٤ کاتژمێرە ناگرن و بەردەوام دەپچڕێن. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە پڕۆژەکە پێش ئەوەی بۆ خزمەتی خەڵک بێت، ڕیکلامێکی سیاسیی هەڵبژاردن بوو بۆ داپۆشینی فەشەلی ٣٠ ساڵەی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە.

ئایا دەسەڵاتێک کە نەتوانێت مووچە بدات، چۆن ڕووی دێت کارەبا بە چەند هێندە بە خەڵک بفرۆشێتەوە؟ ئەمەیە حوکمڕانیی ئۆلیگارشی، کە تێیدا خەڵک تەنها وەک ئامێرێک بۆ پارەدان سەیر دەکرێت و هیچی تر!

بابەتى تر

👤
Live: 23 Today: 94 📊 Click Here