کاتێک “ئاغا”کان زۆر دەبن و شارێک دەبێتە قوربانی!
هەڵۆ ئیسماعیل
“کاتێک لە کەشتییەکدا کاپتن زۆر بوون، نوقمبوونی مسۆگەرە!” ئەمە ڕێک وەسفی ئەو وێرانەیەیە کە ناویان ناوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی دەیبینین، چیتر حیزبێکی سیاسی نییە کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکات، بەڵکو کۆکراوەیەکە لە دەیان ئاغا، چەتە، و فەرماندەی سەربازی کە هەریەکەیان سوپایەکی تایبەت، زیندانێکی تایبەت و ئیمپراتۆریەتێکی ئابووریی تایبەت بە خۆی هەیە. سەرۆکی یەکێتی شەو و ڕۆژ لە شاشەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە حیزبەکەی “یەکخستووەتەوە” و پاکی کردووەتەوە، بەڵام واقیعە قێزەونەکە ئەوەیە کە یەکێتی بووەتە دارستانێک کە تێیدا چەندین باڵ و تۆڕی بەرژەوەندیخوازی چەکدار، لەسەر دابەشکردنی پارووەکانی سلێمانی خەریکی هەڵدڕینی سکی یەکترن.
لەبری ئەوەی زۆنی سەوز خاوەنی یەک هێزی ئەمنیی دامەزراوەیی بێت کە پارێزگاری لە کەرامەتی هاوڵاتییان بکات، ئەمڕۆ شارەکە بووەتە مۆڵگەی هێزە ەکانی وەک “کۆماندۆ”، “دژەتیرۆر” و دەیان هێزی تری سێبەر کە ڕاستەوخۆ فەرمان لە کوڕانی تاڵەبانی و بەرپرسە دەوڵەمەندەکانەوە وەردەگرن، نەک لە دادگا و وەزارەتی ناوخۆ. ئەم میلیشیایانە کە بە پارەی خەڵک و داهاتی نەوت قەڵەو کراون، ئەرکی یان بریتییە لە داگیرکردنی زەوی، کۆنترۆڵکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، هەڵکوتانە سەر ماڵی نەیارە سیاسییەکان و تەنانەت دەستبەسەرداگرتنی یانەی ی و کەناڵی تەلەفزیۆنی! کاتێک هێزی چەکدار لەبری یاسا دەچێتە سەر خەڵک و ڕاوەدووی چالاکوانان و باڵەکانی تری ناو حیزبەکەی خۆی دەنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکانیان، ئەوە ئیتر ناوی “حوکمڕانی” نییە، بەڵکو تەراتێنی مافیایە بە جلی سەربازییەوە.
ئایا دەزانن باجی ئەم فرەئاغایی و فرەفەرماندەییە کێ دەیدات؟ تەنها خەڵکی ڕەشۆکی و فەرمانبەرانی زۆنی سەوز! لە کاتێکدا فەرماندە ئەمنییەکان و مەکتەب سیاسییەکانی یەکێتی لەسەر قاچاخچێتیی دەروازە سنوورییەکان، داهاتی نەوت و غاز، و سەرانەی بازاڕەکان ملیۆنان دۆلار کۆدەکەنەوە و ململانێ دەکەن، هاوڵاتییانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بەدەست بێمووچەیی و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن. سەرکردەکانی یەکێتی بەردەوام فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن و پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە پارتی و حکومەتی هەولێر “سزای سلێمانی” دەدەن و پارە نانێرن ، بەڵام پرسیارە بێوەڵامەکە ئەوەیە: ئەی مەگەر قاچاخچێتی مەرزەکان، داهاتی ناوخۆ، و تاڵانکردنی زەوییەکانی سلێمانی بە دەست هەمان ئەو فەرماندانەی ئێوەوە نییە؟ ئەگەر پارە نییە، چۆن ئەم هەموو چەکدارە دەتوانن ئۆتۆمبێلی گرانبەها لێبخوڕن و کۆشک و تەلار دروست بکەن لەسەر حیسابی گیرفانی خاڵی و سکی برسیی مامۆستایان؟
یەکێتیی ئەمڕۆ بەتەواوی بووەتە بارمتەی چەند سەرەمافیایەک کە بە تفەنگەکانیانەوە دەستیان خستووەتە بینەقاقای شارێک و ناهێڵن هەناسە بدات. کاتێک لە حیزبێکدا “فەرماندەی چەکدار” لە “سیاسەتمەدار” زیاتر بوو، و لولەی تفەنگ جێگەی یاسای گرتەوە، دەبێت بزانین کە ئەو حیزبە بووەتە پەنگاوێکی پڕ لە ژەهر کە خەریکە نەک تەنها خۆی، بەڵکو تەواوی ناوچەکەش لەگەڵ خۆیدا نوقم دەکات.















Post Comment