کورد و کۆنگرەی ئاسایشی میونخ!

کورد و کۆنگرەی ئاسایشی میونخ!

جار بینراوە: (1.3K)

وا دەردەکەوێت بانگهێشتکردنی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ کۆنگرەی ئاسایشی میونخ، لەلایەن ئەڵمانەکانەوە بێت، بەو پێیەی ئەڵمانیا وڵاتی خانەخوێی کۆنگرەکەیە.

لە کۆنگرەی میونخدا کە لە سیازە بۆ پازدەی ئەم مانگە بەرێوە دەچێت، شەست و پێنج سەرۆکی وڵاتان و نەوەد وەزیری دەرەوە و بەرگری و سەدان کەسایەتی سیاسی و ئەمنی بەشدارن.

من بەدواداچوونی زۆرم کرد، بەڵام زانیاریم لەبارەی ژمارەی کۆنگرێسمانە بەشداربووەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەکەی میونخ دەست نەکەوت!

زانراوە ئەمریکا بە قورساییەکی زۆرەوە لەو کۆنگرەیەدا بەشدارە. بێجگە لە وەزیری دەرەوە، هەریەک لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بە شاندی خۆیان و بە ئەجەندای تایبەت بە خۆیان، لە کۆنگرەکەدا بەشدارن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کۆبوونەوە پشتیوانییە هاوبەشەکەی دیموکرات و کۆمارییەکانە لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم و ئیلهام ئەحمەد.

تا ئێستا نازانرێت مەزڵوم عەبدی بە پەساپۆرتی سوری، یان لە رێگەی فیزا و رێوشوێنی تایبەتەوە گەیشتووەتە ئەڵمانیا.

دیدارەکانی مەزڵوم و ئیلهام لەگەڵ وەزیری دەرەوە و چەندین کۆنگێرێسمانی ئەمریکی و سەرۆکی فەرەنسا شایانی هەڵوێستەن!

لەم دۆخە یەی ئێستادا کە کورد لەبەردەم بە دەستهێنان، یان لە دەستدانی دەستکەوتەکانیەتی، دیدار و زیکبوونەوەی زیاتر و درووستکردن و بەستنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەمریکا، وەک گەورەترین زلهێزی و فەرەنسا وەک ڕووخسار و دەستی باڵای سیاسی ئەروپا، بژاردەیەکی ژیرانەی ستراتیجییە بۆ کورد.

ئیلهام ئەحمەد لە وەڵامی پرسیاری کەناڵی تەلەفزیونی سوریادا دەڵێت: ئێمە ( مەزڵوم و ئیلهام) وەک نوێنەری هەسەدە و خۆسەری بانگهێشت کراوین، لێرە شاندی سوریامان بینی و پێکەوە وەک نوێنەرانی سوریای نوێ، چەند دیدارمان ئەنجامداوە، هەمانکات وەک هەسەدە و خۆسەری، چەند دیداری سەربەخۆمان ئەنجام داوە و بەردەوامین”.

ئەم لێدوانەی ئیلهام ئەحمەد گومانەکان لە بارەی بەشداری کورد لە میونخ دەڕەوێنێتەوە و پێمان دەڵێت: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دواجار لەسەر ئەو بڕیارە ساغبووەتەوە، کە دەبێت کورد لە سوریا نوێ، بە شوناسی خۆیەوە وەک گەلێکی زیندوو، لە سوریا و لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا، بەشدار و چالاک بێت.

پرسارێک لەم دۆخەدا خەریکە دەبێت بە ژێر خێرایی ڕووداوەکانەوە و پێویستە جارێکی تر بیورژێنین، ڕۆڵ و مەترسییەکانی تورکیایە لەسەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە!

تورکیا بۆ کورد هەرگیز جێگەی متمانە نییە، بەڵام تورکیاش وەک هەر هێزێکی تر، خاڵی لاوازی خۆی هەیە و پێویستە لە قۆناغێکدا بوەستێنرێت و مەرجەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەسەردا بسەپێنرێت!

وا پێدەچێت تورکیا خۆی ڕادەستی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییە کردبیت، کە لێرە بە دواوە کورد لە سوریا، وەک نەتەوە، بە شوناسی نەتەوەیی خۆیەوە، لە سوریای نوێدا بەشدار دەبێت.

گەر ئەم دۆخەی ئێستای سوریا ببێتە دۆخێکی سەقامگیر، تورکیا جارێکی تر، بە ناچاری ڕووبەڕووی پرسیارە وجودییەکە دەبێتەوە!

لەگەڵ بوونی دوو دەسەڵاتی نیمچە خۆسەری کوردی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئایا پرسی کورد لە باکووری کوردستان و لە تورکیا، چۆن و بە چی رێگایەک چارەسەر دەکرێت؟

خۆ ئەگەر لە داهاتووی نزیکدا جمهوری ئیسلامی ئێران بڕوخێت، یان ڕژێم لاوازتر بکرێت، چاوەروان دەکرێت پرسی کورد لە ئێران، هاوشێوەی پارچەکانی تری کوردستان ئاڕاستەی خۆی وەربەگرێت، ئەوکات ڕەنگە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا درەنگ بکەوێت و تورکیا باجێکی گەورەتر بدات!

بابەتى تر

👤
Live: 110 Today: 1,346 📊 Click Here