كۆماری دیموكراسی، یان كۆماری تیرۆر!

كۆماری دیموكراسی، یان كۆماری تیرۆر!

جار بینراوە: (1.1K)

سەرنجێكی خێرا لەبارەی كۆنوسی دیداری ئۆجالانەوە

بڵاوكردنەوەی دیدارەكەی بەڕێز ئۆجالان لەم كاتەدا ئەشێ مەبەست لێی دروستكردنی جۆرێ لە بەریەككەوتنی ناوخۆیی كورد بێ، بەتایبەت هاوهەڵوێستی و یەكگرتووییەكی سەرتاسەری پڕاوپڕ لە تینوتاوی كوردانە هاتۆتە ئاراوە، هەر لەیەكەم بڵاوبوونەوەیدا كاردانەوەی لێ كەوتۆتەوە.

بەڵام ئەوەی گرینگە بڕیاری خێرا و بێ بیركردنەوە لەو بارەیەوە نەدەین، هەر بۆیە بە چەند سەرە قەڵەمێك ڕوونیدەكەینەوە:

یەكەم، بە ڕوونی دەڵێت دەوڵەتی سەربەخۆم ناوێت و كۆماری دیموكراسیم دەوێت. ئایا ئەمە چ كێشەیەكی تێدایە؟ لە كاتێكدا هەموو پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا لەسەر بنچینەی چارەسەركردنی ئەو پرسەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی توركیادا، هەر خۆی توركەكان كە دەستیان بۆ ئەم چارەسەرە بردووە، لەیەكەم تەوقەكردنی باخچەلییەوە بۆ ئەوە بووە لەچوارچێوەی توركیادا بگەنە ڕێككەوتن و پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری بەڕێوە ببەن. نە تەنیا توركەكان، كورد، ئۆجالان و ڕێكخراوە شۆڕشگێڕەكەیشی و كوردیش بەگشتی لە هەر چوارچارچە لەتەك چارەسەر و چەسپاندنی مافەكانی گەلەكەمانن لە توركیادا. من لێرە باسی ئەوە ناكەم خواستی ئێمە بۆ دەوڵەتی كوردستان هەیە یان نا، دەرفەتی وەها بڕەخسێت پێموانییە نە ئۆجالان و نە هیچ هێزێكی كوردی ڕەتیبكاتەوە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، لەم چركەساتەی مێژووی ئەم جیهانە دڕندەیەدا كورد لە توانایدا چەند لە مافە بنەڕەتییەكانی بەدەستبهێنێت؟

دووەم، لێرەدا با ی “كۆماری دیموكراسی” بیربكەینەوە. ئەمە داواكاری ئۆجالانە و وەك جێگرەوەیەكی گرینگی دەوڵەتی سەربەخۆ هێناویەتە گۆڕێ. با بپرسین، ئایا كۆماری دیموكراسی داخوازییەكی سادە و ئاسانە، كە ئۆجالان ڕووبەڕووی توركەكانی ئەكاتەوە؟ هەڵبەت دەبێ ئەوە بزانین، ئەم داواكارییە بۆ سوریاشە، بەو پێیەی لە بڕگەی تایبەت بە كوردانی ڕۆژئاوادا، كاتێك دەڵێت لەتەك دیمەشق ڕێكبكەون و بەمەرجی دیموكراسی خۆجێیی. هەمان پێوەری بەسەردا ئەچەسپێت.

سێهەم، كۆماری دیموكراسی بە كێ دادەمەزرێت؟ ئەردوگان و ئەحمەد شەرع و ئایدۆلۆژیا و شوێنكەوتوانیان، هەم لەباری باوەڕ و هەم لەباری ئەخلاقییەوە هیچ گرێدراوییەكیان بە فەلسەفە و بیر و ئەخلاقی دیموكراسییەوە هەیە؟ هەتا ئەم چركەساتە ئەوەی گرێدراوی ناوخۆی توركیایە، نەك هەر بۆ كورد، بۆ خودی توركیش نەیانتوانیوە كۆماری دیموكراسی دابمەزرێنن، لە ساكارترین نمونەدا خەڵك لەسەر ڕەخنەكردنی سەرۆك و ڕكەبەرایەتی سیاسی بە خراپترین شێوە دەگیرێن و دادگایدەكرێن و خراونەتە زیندانەكانەوە. ئیدی ئەگەر باسی سیستمی فاشیستی تورك بەرانبەر كورد بكەین، ئەوە مێژووی ڕابردوو و ئێستاشیان بە خوێنی كورد سورە. ڕۆژئاوای كوردستان لەم چەند ڕۆژانەی ئێستادا، كە لە توركیادا مشتومڕی چارەسەری پرسی كورد لەئارادایە، جارێكی تر ڕقی فاشیستی دەسەڵاتدارانی توركیان بۆ هەموو مرۆڤێكی ژیر و بە ئەخلاق نیشاندایەوە.

چوارەم، “كۆماری دیموكراسی” لە پەیوەند بە جۆلانییەوە، یان ئەحمەدشەرعەوە دەتوانێت هیچ واتایەكی هەبێت؟ هەر باسكردنی پرسی دیموكراسی و دەسەڵاتە دڕندەكەی دیمەشق پێكەوە شایانی ئەوەشە پێكەنینت پێی بێت؟ ئەم هەڵبژاردە بە بنەڕەت توندئاژۆ و داعشییە، یان ئەو تێكەڵە ترسناكە توندئاژۆیە، كە ئێستا سوریا بەڕێوە دەبەن و وەك دەستێكی دەوڵەتی توركیا یاری دەكەن، بە خەیاڵی هیچ مرۆڤێكی ئاقڵدا دێت كۆماری دیموكراسی دابمەزرێنن؟ بە دڵنیایی نەخێر. هەر ئەم دەسەڵاتەی بەڕێككەوتنی وڵاتان هاتووە، جگە لە زمانی تیرۆر و كوشتن و سڕینەوەی ئەویتر تا ئێستا چ شتێكی جیاوازی لە خۆی نیشانداوە؟

كەواتە با زۆر لەوە نیگەران نەبین، كە ئۆجالان باسی كۆماری دیموكراسی دەكات و دەوڵەتی سەربەخۆی ناوێت. ئەگەر بە قووڵی بیربكەینەوە، ئاستی شیاوێتی” مومكینیەتی” دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە ئەقڵی توركی و عەرەبیدا، لەو ئەقڵەی ئێستا لە سوریا فەرمانڕەوایە، هەر هێندەی كۆماری دیموكراسی توانا و شیاوێتی بەدیهاتنی تێدایە. دەوڵەتی كوردی چەندە قەبوڵكراوە لە ئەقڵی فاشیستی توركی و عەرەبی و ئایدۆلۆژیاكانیاندا، هەر هێندەش بوونی كۆماری دیموكراسیی لەو ئەقڵەدا قەبوڵكراوە.

بابەتى تر

👤
Live: 189 Today: 1,095 📊 Click Here