فەنتەڵۆس و حوکمی چەتەکان…
فارس لەتیف
ئەوەی لەم هەرێمە سێ پارێزگاییەی ئێمەدا رۆژانە دەیبینین و دەیبیستین، بڕوا بکەن مەگەر بەس لە فەنتەڵۆس هەبێت! سەیری ئەم نموونانە بکەن، کۆسرەت ڕەسوڵ فەرمانی لە سێدارەدانی هەبوو کەچی کرا بە جێگری مەسعود بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم بوو! وەهاب هەڵەبجەیی ماسیگر فەرمانی لەسێدارەدانی هەیە بە تۆمەتی تیرۆر، کەچی بەرپرسی دژە تیرۆرە و مانگانە مووچەکەی لە حوکمەت وەردەگرێت کە پارتی بەڕێوەی دەبات! حاکم عەبدولڕەحمان زێباری سەرۆکی دادگای سەربازی دووی پێشمەرگە فەرمانی گرتنی لەسەرە لە هەولێر، کەچی لە سلێمانی حوکم بۆ خەڵک دەردەکات و خەڵک دەگرێت و خەڵک بەردەدات!
کێشەی ئێمە تەنها ڕێگاوبان و ئاو کارەبا و نەوت و غاز نیە، کێشەی ئێمە سیستمە کە نیمانە، کێشەی ئێمە بێسەرەوبەرەییەیە. کێشەئی ئێمە بەرپرسەکان منداڵەکانیانن کە بە تەلەفونێک بۆ حاکم خەڵک دەگرن و سزای ئەدەن ، کێشەی ئێمە پوری بەرپرس و خاڵۆژنی بەرپرس و ژنی بەرپرسە کە بوون بە خۆرەی خەڵک و لەڕێگای کۆمپانیا وەهمیەکانەوە دەستیان گرتوە بە سەر هەموو خێر و بێری کوردستاندا، کێشەی ئێمە نەبوونی متمانەیە بە دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس لەبەر ئەوەی لەبری پارێزگاری سەر و ماڵی هاوڵاتی پارێزەری سەر و ماڵی بەرپرس و بەچکە بەرپرس و تەنانەت پارێزەری سۆزانیەکانی ژێر بەرپرسیشن!! کێشەی ئێمە بوونی ئەو هەموو خائین و خۆفرۆش و بەعسی و میت و ئیتڵاعاتە زەرعکراوانەن کە پارێزگاریان لێ دەکرێت لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە، کێشەی ئێمە بوونی ئەو هەموو گروپە سەرانە وەرگرانەن کە گەر لێیان بکۆڵیتەوە یا پاسەوانی بەرپرسن یا خزمی بەرپرسن.
هاوار بۆ بە دامەزراوەیی بکەن ، هاوار بۆ یەکگرتنی هێزە پەرتوبڵاو و گرووپە میلیشیاکان بکەن، ئەوانە وەک بۆمبی تەوقیتکراون هاکا شارەکانیان کرد بە گۆڕەپانی تەسفیات و لالەزارێکی دیکەیان ئەنجامدایەوە، هاوار بکەن حزب لە دەسەڵات بچێتە دەر، هاوار بکەن ئەندازیار و دکتۆر و فەرمانبەر و وەزیر و بەڕێوبەر و بەرپرسی گەندەڵ و نابەرپرس سزا بدرێت، دادگا ببێت بە دادگای گەل و لە ژێر چنگی منداڵە لوسکەی بەرپرس و پور و خاڵۆژن و ئامۆژنی بەرپرس بهێندرێتە دەر، هاوار بکەن وێنەی سەرۆک خێڵە پیرۆزکراوەکانی ناو فەرمانگەکان دابگیرێن، هاوار بکەن زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگاکان لە ڕێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکاران و حزبیەکان پاکبکرێتەوە، هاوار بکەن ڕێکخراوە بە ناو خێرخوازیەکان دابخرێن و با حکومەت بە ئەرکی خۆی هەستێت نەک بەخێر و سەدەقە بڕۆن بە ڕێگادا، ئەوکات ئینجا دەتوانین بڵێین ئێمەش هەنگاو بەرەو دامەزراوەیی و بوون بە وڵات دەددەین.















Post Comment