گەلی کورد کۆکە بەڵام سەرکردایەتی ناکۆک..!
شاهۆز جلال سدیق – چالاکوان
دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشی تیرۆرستەکانی سەر بە حکومەتی عەرەبی سوریا و کۆماری تورکیا، هەڵوێستی کوردانی هەر چوار پارچەی یەکخست، تەنانەت لەتەواوی جیهان ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی دەرەوە بەجۆش و خرۆشەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و پشتگیری لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، بەڵام جێگەی گومان و نیگەرانیە هیچ یەکڕیزی و کۆدەنگیەکی ، لای سەرۆک و سەرکردەکانی کورد بەدیناکرێت و جگە لە بەیاننامە هەڵوێستێکی کرداریان نەبووە بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا.
بەرگریکردن لە ڕۆژئاوا پێمان دەڵێت کە پاراستنی شكۆی گەلی كورد بژاردە نییە بەڵكو ئەركێكی پیرۆزەو قەدەرە لە سەرمان فەرزكراوە، رۆژی مان و نەمانەو پێویستمان بە یەكێتی و یەكڕیزییە، گەل لەسەرتاسەری جیهان خرۆشاوەو بە دروشمی ” بەرخۆدان ژیانە ” پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکەن، داواش لە قیادەی کوردی دەکەن یەکبگرن و ناکۆکیەکان وەلابنێن و سوود لە هەڵەکانی مێژوو وەربگرن.
گەلی کورد لە رۆژئاوای كوردستان و لە هەرسێ پارچەکەی دیکە، هەروەها ڕەوەندی کوردیش لە وڵاتانی دەرەوە وەكو چیا بەرامبەر بە دوژمنی تیرۆرست و ناپاك و ستەمكار وەستاوە، ڕێپێوان و خۆپیشاندان و پەیامی تووند لەلایەن گەلی کوردەوە ئاڕاستەی تەواوی جیهان دەکرێت، پەیامی گەل ڕوونە بەڵام پەیامی سەرکردایەتی کورد ناڕوونە و هەڵوێستی گەل ئازایانەترە.
لە سلێمانی و کەرکوک و چەندین شاری دیکەی باشوری کوردستان سەدان کەس چوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان، دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی و سیاسەتمەداری باشوری کوردستان بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا خۆیان گەیاندە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام جێگای داخە سەرکردەکانی کورد تا ئێستا ئەم یەکگرتووییەی گەل ناقۆزنەوە بۆ جاڕدانی کۆنگرەی نەتەوەیی و لەژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەییدا ماف و ئازادییەکانی گەلەکەی مسۆگەر بکات، تا ئێستا سەرکردایەتی کورد شەرمنانە سەیری ڕووداوەکان دەکەن و جگە لە هەندێ بەیاننامەی ناکاریگەر هیچ هەڵوێستێکی دیکەیان نەبووە.
گەلی کورد لە سۆشیال میدیاکانەوە دەڵێن ئەم ساتەوەختانە ساتەوەختێكی هەستیارن، پێویستمان بە یەكێتی و یەكڕیزییە، بانگ لە سەرکردایەتی کورد دەکەن یەکبگرن، گەل پرسیاری ئەوە دەکات بۆچی حزبە کوردییەکان یەکناگرن و چاوی دوژمن کوێر ناکەن ؟ بۆچی لەبەرامبەر داگیرکەراندا دەست لەناو دەستی یەک نانێن و دڵی ناحەزانی پێ ناوەستێنن ؟
هەروەها گەل دەپرسن بۆچی دەنگی کچان و کوڕانی کورد لەجیهان دەنگ دەداتەوە، بەڵام بەناو سەرکردە و ڕێبەرەکانمان هیچ هەڵوێستێکی نەتەوەییان نیە…؟!















Post Comment