کابینەی بەسەرنەچوو!
ئارام جەمال خدر
هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، دوای ساڵێک کابینەی نۆیەم پێکهات و مەسرور بارزانی بووە سەرۆکی کابینەکە، ئەوە دوای چەندین ساڵ، هێشتا هەمان کابینە و هەمان سەرۆکی حکومەت حوکمی کوردسان دەکات!
ئەم دۆخە لە وڵاتێکدا ئەگەر بەدەست جەنگ و کێشەی نیشتمانییەوە بناڵێنێت ئاساییە، چونکە هەڵبژاردن ئەنجامنادرێت و ئاساییە کابینەیەکی حکومەت لە وادەی خۆی زیاتر بمێنێتەوە، بەڵام لەم کوردستانەی خۆمان چونکە ئاشی نەزانە و خوا دەیگێڕێت، ساڵێک و چەند مانگێکە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی نوێ پێکهەناتووە، هەر حکومەتیش نا، بەڵکوو تا ئێستا پەرلەمان کە بناغەی هەموو دامەزراوەکانی دیکەیە، بێ دەستەی سەرۆکایەتییە و تەنها و تەنها پەرلەمانتارەکان سوێندی یاساییان خواردووە و بەس!
لەم دۆخەدا کە هەموو دامەزراوەکانی هەرێم و خودی پەرلەمانیش شەرعییەتیان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە تا ئێستا پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستووە و بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش بێت، بە هەڵوەشاوە حسابە و دەبێت هەڵبژاردنیش دووبارە بکرێتەوە! ئەوەی سودمەندی یەکەمە پارتی و بە دەرەجەی یەک جەنابی مەغرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە، جا خۆی حکومەتەکەی ماوەبەسەرچووە، بەڵام هەر خۆیان بڕیار دەردەکەن و باج زیاد دەکەن و یاسا دەردەکەن و چییان پێ خۆش بێت دەیکەن! واش مامەڵە دەکەن کە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک بەهای باڵە مێشوولەیەکی لای ئەوان نییە! بێئاگا لەوەی داخستنی دەرگای پەرلەمان کە لەوێوە شەرعییەت دەدرێت بە هەموو دامەزراوەکانی دیکە، شەرعییەتی پەرلەمان و خودی قەوارەی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەم لە ناوخۆی عێراق و هەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بگرە سەریش دەکێشێت بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم! بەڵام ئاخۆ خەڵکی هەرێم لەوە زیاتر لە پارتی قبوڵ دەکەن یاری بە چارەنووسیان و چارەنووسی ئەو هەرێمەوە بکات کە دەیان هەزار گەنج و پیر و ژن و منداڵ خوێنیان بۆ ڕشتووە؟















Post Comment