ئەزمونێکی شکست و ساویلکەیی سیاسی کورد
ئەزمونەکانی گروپەکانی نارازی دوای شکستی گۆڕان دەیسەلمێنن ململانێی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم بۆ گۆڕانکاری دروست بێ هودەیە. پارتی و یەکێتی بە دەنگی نزیکەی ٣٠٪ ی هاوڵاتیان سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردوە. وێرای ئەوەی ئەو دو هێزە لە گێژاوێکی ناکۆکی مێژوییدا گوزەر دەکەن، بەڵام هاوران دەسەڵات نێوان خۆیان بە رێژەی تایبەت کۆنترۆڵ بکەن.
ئەم هاوکێشەیە دوای رێککەوتنی واشنتۆن بۆ راگرتنی شەری ناوخۆ بە زەبری ئەمریکا بۆتە ئەمرێکی واقع. ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تا ئەم چرکەیەش نایانەوێت کورد کیانێکی سەربەخۆی هەبێت تا عەرەب و تورک تورە نەکەن هاوسەنگی ناوچەکە بەرێوەببەن.
دوای روخاندنی سەدام و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە دەستوردا ئاکامی چەمکی سازان بو کە ئەمریکا لەساتی دروستکردنی ئەنجومەنی حوکمرانیەوە و سەرۆکایەتی بەدەوری ئەنجومەنەکە سەپاندی و شیعەکانیش پەسندیان کرد بۆ لێدانی عەرەبی سوننە و رازیکردنی ئێرانیش. دواتر هەنگاو بەهەنگاو پاشەکشەی لێدەکەن و خوازیاری دەسەڵاتی رەهان لە عێراق.
هێزە کوردیەکانیش بە پەرۆشیەکی کاڵفامانە پەسندیان کرد، تایبەت یەکێتی و پارتی دوای دەسکەوتەکانی پلە و پۆست و پارە کەوتن، هەرێمی شیان بەرێژەیەکی لاسەنگ نێوانیان دابەش کرد، دوای وەفاتی مام جلال و کاک نەوشیروان ئەم لاسەنگیە تادێت خەستتر دەبێت.
لەو ساتەشەوە دەسەڵاتی رەهای حوکمرانی هەرێم لای پارتیە و یەکێتیش وەک شەریکێکی لەتبو و لاواز و بێ دیدێکی ستراتیژی سەقامگیر پەلەقاژەیەتی دەسەڵاتی لە زۆنە لێکترازاوەکەی بپارێزێت، رداوەکانی لالەزار ئەمە دەسەلمێنێت.
پارتی لەو هەوڵانەی یەکێتی نارەحەت نیە چونکە سەلمێندراوە ئەو لاسەنگیە زیاتر بۆ یەکێتی زەرەرمەندە، ئاکامەکانی دوا هەڵبژاردنەکەش ئەمە دەسەلمێنن.
ململانێی و رکابەری نێوان ئەو دو هێزە لەم قۆناغەدا بەچەک نمایش ناکرێن، هەرچەندە ناوبەناو دەزگا هەواڵگری و سیخۆریەکانیان دەخەنە گەر بۆ روشاندنی یەکتر، بەڵام شتێکی ئەوتۆیان لەو واقعی لاسەنگیە نەگۆریوە.
پارتی سەبر و تەحەمولی لەم پرۆسەیەدا سەلماندوە، یەکێتیش هەوڵێکی زۆری داوە پشتئەستور بە مێژو و ە ئەرێنیەکانی لە گەڵ ئێران و دەسەڵاتدارانی بەغدا پشکێکی باشتری دەستکەوێت، بەڵام بەهۆکاری فەرمانرەوایی سەقەت و لاواز لە ناوچەکانی دەسەڵاتی و گەندەڵی و دابەشبونی رێکخراوەیی شاردراوە و لاوازبونی بەرچاو لە پێگەی ئێران و دەسەڵاتی میلیشا شیعەکانی بەغدا و تورەبونی تورکیا لێی چەقی بەستوە.
پاش زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی کوردستان و بەهێزبونی پێگەی پارتی لە پەرڵەمانێکی کارتۆنی بەغدا ئەو دو هێزە ناتوانن لەسەر پێکهێنانی کابینیەیەکی نوێ رێکەون چونکە پارتی داوای پشکی شێر دەکات، یەکێتیش خەمی نیە ئەمری واقع وەک خۆی بمێنێتەوە چونکە هێز و داهاتی لەو واقعەدا دابینکردوە، بە کوردی و کورت کەم یاخود زۆر هەر دو هێز لە خەمی خۆیاندان.
لەم دواییەدا دەنگۆ بڵاوبوەوە کە باڤڵ تاڵەبابی، سەرۆکی یەکێتی، کاندیدە بۆ سەرۆک کۆمار، بەرپرسێکی باڵای پارتی، هۆشیار زێباری لە لێدوانێکدا رایگەیاند کێشەیان لەگەڵ ئەو پرسە نیە، هۆکارەکەی پارتی مەبەستیانە باڤڵ تاڵەبانی لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان دوربێت و گۆرەپانەکە باشتر بۆیان تەخت بێت.
هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ لە ناوەرۆکی سیاسی کورد ناگۆرێت بەڵام ئەم هەڵوێستەی پارتی دەربرێکی توندی خەمێکی گەورەیانە.
پارتی ژێرخانێکی مێژویی بنەماڵەیی و خێلەکی هەیە، رۆلێ گرنگ و بەرچاوی ئەرێنی و نەرێنی لە بزافی کوردایەتی لە باشور و گەورە هەبوە.
لە بەرامبەردا یەکێتی لە سایەی رەوشێکی ئاڵۆزی سیاسی و فکری و ململانێی ناوخۆ و ناوچەکە و لە ژێر کاریگەری بزافی نەتەوەیی عەرەب چاوەکانی بە دنیای سیاسی کردۆتەوە، هێزێکە رۆڵی زۆر گرنگی لە شۆرشی هەستانەوەی دوای شکست و دروستکردنی بەرەی کوردستان و راپەریندا هەبوە، ئێستاش لە قەیرانێکی خەستی حزبی و فەرمانرەوایی و کۆمەڵایەتیدا گوزەر دەکات.
ئەم جیاوازیە مێژوییانە زەمینەی رەسەنی کێشەکانی نێوان ئەم دو هێزەن.















Post Comment