ئیمپراتۆریەتی سێبەر

ئیمپراتۆریەتی سێبەر

جار بینراوە: (14.2K)

ئەیوب ئەورەحمان

چۆن بنەماڵەی بارزانی هەولێر و دهۆکیان کردووەتە موڵکی تایبەتی خۆیان؟

ئەگەر لە دەرەوە سەەیری باڵەخانە بەرزەکان و شەقامە قیرتاوەکانی هەولێر و دهۆک بکەیت، ڕەنگە وا هەست بکەیت لە شارێکی مۆدێرن و ئیدارەیەکی حکومیی بەهێزدایت، بەڵام کاتێک پردە دەخەیتە سەر وردەکارییەکان، وێنەیەکی تەواو جیاواز و ترسناک دەردەکەوێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە زۆنی زەرد بەڕێوە دەچێت، حکومڕانی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکی خێزانیی زەبەلاحە کە تیایدا سنووری نێوان “سامانی گشتی” و “گیرفانی بنەماڵەی بارزانی” بەتەواوی سڕدراوەتەوە. بازاڕی ئازاد لەم دەڤەرەدا تەنها دروشمێکە، چونکە لە واقیعدا تەواوی جومگە ئابوورییەکان، لە دڵۆپە نەوتێکەوە تا دەگاتە پاکەتە جگەرەیەک، لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی کوڕ و برازا و ئامۆزاکانی ئەو بنەماڵەیەدا دەسوڕێتەوە.
گەورەترین نهێنیی ئاشکرا لە هەولێر و دهۆک ئەوەیە کە هیچ بازرگانییەکی گەورە بوونی نییە ئەگەر “شەریکە بەش”ێکی دەستڕۆیشتووی بنەماڵەی تێدا نەبێت. کەرتی نەوت و وزە، کە خوێنبەری ئابووری کوردستانە، بەتەواوی لەلایەن کۆمپانیاکانی وەک “کار گرووپ” و هاوشێوەکانییەوە قۆرخ کراوە، کە هەمووان دەزانن سەر بە کێن و داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت. پاڵاوگەکان، بۆرییەکانی گواستنەوە، و تەنانەت گرێبەستە لۆجیستییەکان بۆ گواستنەوەی نەوت بە تانکەر بۆ سنورەکان، تۆڕێکی ئاڵۆزی مافیاییە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن بازنەی یەکەمی بنەماڵەی بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم داهاتە زەبەلاحە لەبری ئەوەی بچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، دەچێتە سەر هەژماری کۆمپانیا حیزبییەکان و لەوێشەوە بۆ بانکەکانی دەرەوە.
دەسەڵاتی ئەم خێزانە تەنها لە نەوتدا قەتیس نەماوە، بەڵکو دەستیان خستووەتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیشەوە. کەرتی یەکان و ئینتەرنێت نموونەیەکی زەقە؛ کۆمپانیای “کۆڕەک تیلیکۆم” و هاوشێوەکانی، کە خاوەندارێتییەکەیان بۆ کەسایەتییە دیارەکانی وەک سیروان بارزانی و ئەوانی دیکە دەگەڕێتەوە، بازاڕەکەیان بەجۆرێک قۆرخ کردووە کە ڕکابەری مەحاڵە. هاوڵاتی ناچارە پارە بەو خزمەتگوزارییانە بدات کە ئەوان دیاری دەکەن، بەو نرخەی ئەوان دەیکەنە لیست. ئەمە جگە لە کەرتی دەرمان، خۆراک، و جگەرە؛ هیچ بارهەڵگرێک لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە تێپەڕ نابێت ئەگەر باجی تایبەت بە کۆمپانیاکانی کوڕانی بەرپرسان نەدات، یان ئەوەتا خۆیان بریکاری ن و بازاڕەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
لەسەر ئاستی زەوی و نیشتەجێبوون، ئەوەی لە هەولێر ڕوودەدات بەتاڵانبردنێکی مێژووییە. زەوییە ستراتیژییەکانی دەوروبەری شار کە موڵکی گشتی بوون، بە بڕیاری ئیداری و بەناوی “وەبەرهێنان”ـەوە دابەشکراون بەسەر کۆمپانیاکانی وەک “ستێر”، “سەڵاحەدین هۆڵدینگ” و ئەوانی دیکە کە هەموویان لق و پۆی ئابووریی بنەماڵەن. ئەوان ئەم زەوییانە دەگۆڕن بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی گرانبەها (Empire, Dream City, etc.) و بە پارەی خەیاڵی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، واتە زەوی میللەت دەبەن و بە میللەتی دەفرۆشنەوە.
ئەم دۆخە وایکردووە کە لە هەولێر و دهۆک دوو چین دروست بێت: چینێکی بچووکی فیرعەونی کە ئەندامانی بنەماڵە و دەوروبەرەکەیانن و خاوەنی هەموو شتێکن، لە ڤێلاکانی “سەری ڕەش” و “شارە مۆدێرنەکان” دەژین و بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانیان (G-Class و Range Rover) بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە، و چینێکی زۆرینەی خەڵک کە خەریکە لەژێر بارگرانی باج و گرانیی ژیاندا دەچەمێنەوە. سیستەمی دادوەری و ئەمنیش لەم نێوەندەدا تەنها ڕۆڵی پاسەوانیی ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییانە دەگێڕێت؛ هەر دەنگێک باسی ئەم گەندەڵییە بکات، وەک چالاکوانانی بادینان، بە تۆمەتی هەڵبەستراو ڕاپێچی زیندان دەکرێت. لە کۆتاییدا، ئەوەی لە هەولێر دەگوزەرێت سیاسەت نییە، بەڵکو بزنسێکی خێزانییە کە تێچووەکەی لەسەر گیرفانی هاوڵاتی هەژارە.

بابەتى تر

👤
Live: 149 Today: 746 📊 Click Here