خیانەت کردن لە میللەتێک لەژێر سایەی هەڵبژاردندا.
ڕابەر خدر عمر
هەڵبژاردن وەک ڕێگایەک بۆ گۆڕانکاری پێش پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق لە ١١/١١/٢٠٢٥.
بەشی چوارەم و کۆتایی:
هەرچەندە پڕۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان شانۆیەکی ناشرینە بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی لە ناو خۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی سینارست و دەرهێنەری شانۆکەن و هەر جارەو ڕۆڵی پاڵەوان بەیەکێک لە کەسە لەپێشینەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە دەسپێردرێت و لە کۆتا جارەکانیش لەولا مەسرور و نێچیرڤان بارزانی و لەملاش قوباد و بافڵ تاڵەبانی کە لە ئێستادا سەرکردایەتی دوو گروپ و بنەماڵە مافیاکەیان لەدەستە دەرکەوتون و کۆیلە ئەڵقەلەگوێکانیشیان ڕۆڵی ئەکتەری لاوەکی لە شانۆکەدا دەگێڕن و هەموو جارێک هەمان قاوان لە بانگەشەکاندا لێدەدەن و کۆتاییەکەشی گاڵتە جاڕییەکی بێمانا بە میللەت و تراژیدیای کوشتن و برسیکردن بۆ گەل و دەست لەناو دەستی و چنینەوەی بەرهەمە دزراوەکان لەلایەن هەردوو بنەماڵە و کەسایەتیە قێزەونە ناوبراوەکانەوە دەرئەنجامی شانۆکەن.
بەڵام ئایە دەبێت تاکی کوردی هێندە خۆ بەکەم زان بێت کە بەرمەبنای سیاسەتی هەڵە و برسیکردن و کوشتن لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە و گاڵتەکردن بە پڕۆسەی هەڵبژاردن ببنە سەنەمێک و واز لە دەنگدان بێنن و مومارەسەکردنی ئەم مافە لە دەست خۆیان بدەن؟ یان ئایا ترسی مرۆڤ دەبێت لە مردن گەورەتر لەچی بێت؟ دەی ئەوەتا ئەوان بەبەر چاوی دوونیاوە مێژویان پڕە لە کوشتن و بەرەو مەرگبردنی هەموو کۆمەڵگە، کەواتا ئەو هەموو ترسە لەچی؟ ئەگەر لە ئێستادا تاکی کورد کۆمەڵێک بەهانەی وەکو نەڕژانی خوێن و مەترسی لەسەر خاک و هەڕەشەی داگیرکاری دەرەکی بکاتە بەربەست بۆ سەرهەڵنەدان و دەستپێنەکردنی شۆڕشێک کە بە ڕۆژی ڕوون ئەو خوێنمژانەی نیشتمان بخاتە گۆڕەوە، خۆ دەکرێت چاونەترسی تاکەکان هێندە هەبێت کە بتوانن لە پشتی کابینەکانی دەنگدانەوە سزای ئەم دوو بەناو حزبە بدەن و هەر جارە و هێزێکی نوێ تاقی بکەنەوە، خۆگەر بیانوی خەڵک بۆ شاردنەوەی ترسەکەیان ئەوەبێت کە ئەو هێزانەی ئێستا لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی هەن بەدیلی شیاو نین، دەکرێت بڵێین کە:
- تائێستا بەڕەسمی هیچ یەک لەم هێزانە تاقینەکراونەتەوە بەبوونی دەسەڵاتێکی موتڵوق لەلوتکەی دەسەڵاتدا
- ئەگەر ئەوان هەرچەندە خراپ و دڕندە بن هێشتا دڕندەییان تای تەرازوی دڕندەی و بکوژی یەکێتی و پارتی ناکات
- لەمێژە وتراوە هێزێک بە هەڵبژاردن بێتە سەر دەسەڵات هەر بە هەڵبژاردن و زۆر بە ئاسانی لادەدرێت
کەواتا هێنانەوەی بەهانە بە تێبینیکردنی ئەو هۆکارانەی وتران و زۆر هۆکاریتریش تەنها پەردەپۆشکردنی ترسە لە یەکێتی و پارتی و بێ ڕوئیایی و نا جەربەزەیی کۆمەڵانی خەڵک دەردەخات.
با ئێمە لەو بڕگەیەی سەرەوە بگەڕێین و وای دابنێین نەمان خوێندۆتەوە خۆ دەکرێت تاکی کوردی ئەوەندە هۆشیاریەی هەبێت بزانێت و درک بەوە بکات کە پڕۆسەی دەنگدان پڕۆسەیەکی دیموکراسی چاودێریکراوە لەلایەن هێزە دەرەکیە گەورەکانەوە و ئەگەر گۆڕانکاری خاڵێکی هێندە زەق لەپڕۆسەکەدا بەدیبکرێت کە جیاوازی پڕۆسەکە لە هی ساڵانی پێشو پشانبدات دەبێتە مایەی هەڵوێستە لەسەرکردن و تێڕامان دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان، کەواتا بۆ خەڵک بیر لەوە نەکەنەوە لەیەکەم دەقەی دەنگدانەوە شەڕ لەسەر چونە سەر سندووقەکان بکەن و دەنگەکانیان بسوتێنن و بۆیەکەم جار شۆڕشی دەنگی سپی هەڵبگیرسێنن تا بە گوێ و چاوی دونیای دابدەن کە لە دەسڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی سڕف دیکتاتۆریە و خەڵک نەک هەر لێێ ڕازینیە بەڵکو تا سەر ئێسقان لێی بێزارە، هێزەکانی دەرەوەی دوو حزبی دەسەڵاتیش نەیان توانیوە ببنە جێگای متمانەی خەڵک و ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە لەدژی ئەوان.
کەواتا دواجار ئەوەی کە بڕیاری ڕاستەقینەیە ئەوەیە کە دەبێت تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردی لەهەرێمی کوردستان بێ جیاوازی بچوکترین هەلی سزادانی ئەم دوو بنەماڵە و هاو ئاوازەکانیان لەدەست نەدەن و هەمیشە لە هەلێک بگەڕێن و بە ئومێدەوە بەروە سزادان و بچوککردنەوە و لەناوبردنیان هەنگاو بنێن، کورد وتەنی (هەمیشە کردە پەشیمان بن نەک نەکردە پەشیمان) لەم سۆنگەیەوە دەبێت هەڵبژاردنیش وەک هەلێک و دەرچەیەک بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە سەیر بکرێت و بەم شێوازە لێی بڕواندرێت و بەژداری تێدا بکرێت
لەکۆتایدا دەڵێم گەر چیتر ڕێگە بدرێت نەخوێندەوار و بێ ئاگاکانی وەک قوباد و بافڵ تاڵەبانی مایکەکان بشکێنن و سەری خۆیشیان سەلامەت بێت…
گەر بلیۆنێرە دزەکانی سەر کەوڵی نیشتمان و سەری گەل لە شێوەی نێچیر و مەسرور بارزانی، لەبەرانبەر شکاندنی چاڵنجی یەک ملیۆن دەنگی چەپڵە باران بکرێن و ملێۆنێک شەقیان تێهەڵنەدرێت…
ئەوە دڵنیابن شکۆی گەل بەگشتی لەهەموو چین و توێژەکان هێندەیکە دەشکێت و ژیان و گیان و نان و ئازادی وەک کۆترێکی لەقەفەسکراو هەمیشە دەبێ چاوەڕێی سەربڕین بن.















Post Comment