وەزارەتی ئەوقاف: هەر مامۆستایەکی ئایینی بەر لە دادوەر مارەبڕین بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، مارەبڕین لە دەرەوەی دادگە رێگەپێدراو نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، “هەر مامۆستایەکی ئایینی بەر لە دادوەر مارەبڕین بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.”
رۆژی دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی راگەیاند، “بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، پێویستە هەموو کاروبارەکانی دادگە، پزیشک و رێکارە یاساییەکان تەواو بکرێن، ئەوکات لای مامۆستای ئایینی مارەبڕین بکرێت.”
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، هەر مامۆستایەکی ئایینی سەرپێچی رێنوێنییەکان بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
هاوکات عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان وتی، “لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف لێکتێگەیشتی باش لەنێوانمان لەسەر ئەو بابەتە هەیە. ئەم بڕیارە دەرکراوە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی پێیەوە پابەند نەبوون، بەتایبەتی ئەوانەی لە گوند و شارۆچکەکان و شوێنە دوورەدەستەکان نیشتەجێن.”
بە گوتەی عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گرنگە هەموو کەسێک سەرەتا لە دادگە مارەبڕین بکات و دواتر لای مامۆستای ئایینی، “ئەم بڕیارە بۆ کەمبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ئاگاداربوونی هەردوولایە لە تەندروستی و نەخۆشییەکان.”
وەکو گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ چاودێریکردنی ئەم پڕۆسەیە، بۆئەوەی گرفت دروست نەبێت، بۆیە داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات پابەندی رێنوێنییەکان بن.