×

چۆن کۆتایی بە پارتی و یەکێتی دەهێندرێت؟

چۆن کۆتایی بە پارتی و یەکێتی دەهێندرێت؟

جار بینراوە: (8.8K)

بەختیار عەلى شەریف

یەکێک لە هۆکار و کۆڵەکەکانی مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە خاوەن پێگەکان بوون کە لەڕێگەیانەوە دەسەڵات درێژەی بە حوکمی خۆی داوە.

زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای خێڵ یان بنەماڵەیی دامەزراون کە تێیدا بنەماڵەیەک لەناو بنەماڵەکەشدا خێزانێک جومگەکانی سیاسەست و سەربازی و ئابووری کۆنترۆڵ دەکات. لە راستیدا لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا دەسەڵات هی تاکە کەسێکە کە لەژێر چەتری حزبێکدا شەرعیەت بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات و واشدەکات کە دوای خۆی دەسەڵات بۆ کوڕ و نەوەکانی مسۆگەر بێت ( وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە).

بەشێک لە هۆکاری ئەم دۆخە ئەوەیە لە مێژووی کورددا ململانێی چینایەتی رووینەداوە و کۆمەڵگە هێشتا خێڵ و عەشیرەتەکەی بۆی گرنگترە لە ماف و ئازادی و دیموکراسی.

لە هەرێمی کوردستاندا ستراتیژی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەجۆرێک داڕێژراوە کە كار بۆ مانەوەی خێڵ و عەشیرەتگەرایی دەکەن کە لەڕێگەیەوە حیزب بووەتە ماڵێك بۆ كۆكردنەوەی ئەندامانی خێڵ و پاڵپشتی حزب لەکاتی هەڵبژاردندا. هەردوو حزبی دەسەڵات زۆرجار پیاوکوژێک داڵدە دەدەن لەبەرئەوەی سەر بە فڵان خێڵە، رێگە بە گەندەڵی و کاری نایاسایی فڵان سەرۆک خێڵ و فیسار بازرگان دەدەن لەبەرئەوەی دەزانن لە رۆژی هەڵبژاردن و دەنگداندا پێویستیان بەوە دەبێ دەنگی ئەو خێڵە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

هەربۆیە ئەگەر ١٠٠ ساڵی رابردوو کورد خەباتی رزگاری نەتەوەیی کردبێت و هەوڵیدابێت دەوڵەت دروستبکات، کە بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووە، بە بۆچوونی من لەئێستادا گرنگە خەباتی چینایەتی دەستپێبکات، لانیکەم لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەی جیاوازی چینایەتی نەهێڵرێت و حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەڕێگەی پشتیوانی بەشێکی کەم لە خێڵ و عەشیرەتەکان کۆنترۆڵی تەواوی کۆمەڵگە نەکەن و چیتر دۆخی ئەم هەرێمە ٣ پارێزگاییە لەوە زیاتر لەلایەن جوت بنەماڵە و دار و دەستەکانیان وێران نەکرێت.

بابەتى تر

👤
Live: 73 Today: 2,506 📊 Click Here