×

تەنیاترین جەنگاوەر عوسمانی حاجی مەحمود

تەنیاترین جەنگاوەر عوسمانی حاجی مەحمود

جار بینراوە: (1.0K)

پێش یان ناوەڕاستی ساڵانی هەشتا بوو، شەوێكیان لە ماڵی پورە ئایشەم لە سەرچنار كتێبی چارەنوسی ئادەمیزادی میخائیل شۆڵۆخۆفم دەستدایە بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە، ڕۆمانەكە دكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف كورداندبوی بیرم نیە لەڕوسیەوە بوو یان لە عەرەبیەوە ، محەمەدی مەلاكەریمیش پێیدا چووبوەوە، كتێبێكی چكۆلەی هەشتاو حەوت لاپەڕەیی بوو جاری یەكەم تا تەواوم كرد چەندین جار فرمێسك بەری چاوی تەڵخكردم ، دووبارە دەستم كردوە بە خوێندنەوەی ئەمجارە باشتر بووم، تەواوی ڕۆمانەكە لە سەر وێرانی و جەنگ و بێچارەنوسی و بەتەنیا مانەوەو دەستپێكردنەوەیە بە ژیان ، چەندین ڕۆژ دواتر خەیاڵم لای كارەكتەرەكەو ئەو مناڵەبوو كە ئەفسەری هەموو شت لە دەستچوو پێی دەڵێت من باوكتم ، من لە ڕێی ئەو ڕۆمانەوە وێنەی پێشمەرگەم دەكێشاو پێموابوو لە نەبوونی باوك و كەسدا ئەوان باوك و كەسن ، ڕۆژگار زۆر شتی ئاوەژووكردەوە، لە دوای ئەو هەموو ساڵەش هەمیشە بە دوای جەنگاوەرێكەوەم بە مناڵە بێنازو بەلەنگازەكانی نێو كورەی شەڕو ئاگر بڵێت ” من باوكتم ” من دەزانم ئەوەی ئێمە لە ساڵی 1961 وە دەستمان داوەتێ تا ئەمڕۆ كە 64 ساڵی تێپەڕاندوە هەرگیز ناكرێت ناوی بنەی شۆڕش یانی ئەمە بۆ سەرهەڵدانەوەكانی دوای 1975یش هەر وایە ، لێ ئەمە هەرگیز مانای ئەوە نیە لە نێو ئەو هەراو زەنایەدا كە ناوی شۆڕشمان لێناوە، شۆڕشگێڕو جەنگاوەری گیانبەخشمان نەبووبێت، زۆر جا بۆ ئەوەدەچم نمونەی شەهید مەلا عەلی شاعیرو عاشق، شەهید ئازاد هەورامی ، شەهید ڕێزان جاوید و زۆری تر بە هەموو مانایەك شۆِڕشگێڕ بوون ، ئەوە ئێمەین نەمانتوانیوە ئەوان لە ڕێگەی ڕۆمان و داستانەوە بێناوهێنان ، یان ئەگەر بە ناو هێنانیشەوە بێت لەوانی دیكە جیا بكەینەوە، ئەوانەی هەر لە كۆتای شەستەوە كاتێك پێشمەرگەیەك زۆر تكا لە باپیرم فەرەج دەكات با ناوم بنەن شۆڕش، ئەوەتا باوكیشی پێشمەرگەو بەرپرسە ، باپیرەم دەڵێت ئەوە شۆڕش نیە ئێوە هەتانە شۆتڕە بۆیە من ئەو ناوەی لێنانەم .

عوسمانی حاجی مەحمود، چیرۆكی دەستپێكی ئەو بۆ پێشمەرگایەتی و پشتكردنە خوێندن، هەڵەتەكانی گەرمیان و پارتی زانی دوای سڕینەوەو جینۆسایدی ئەنفال شۆِڕشگێڕو جەنگاوەرێكم نیشاندەدات كە وێڕای خەونی شەهید بوون لە سەنگەردا ئەو بە تەنیا ماوەتەوە” یان باشترە بڵێین یەكێكە لەو ژمارە زۆر كەمەی بە تەنیا ماونەتەوە” و ئێستاو دوای ئەو هەموو ساڵە ئاوڕ لەو ڕابردوەو ئەو دنیایە دەدەن كە بە خەیاڵ بۆ ئایندەی گەلەكەیان دروستیان كردبوو ، ئەو جارێكیان پێی وتم ” ئەرێ ئەو هەموو قوربانی و خوێنە بۆ ئەمە بوو” جارێكیش كە زۆر تكام لێكرد ئەو كتێبە چاپبكات كە چیرۆكی پارتیزانی دوای ئەنفالەو پێویستە ئایندە بیزانن، زۆر لە سەر خۆ پێی وتم ” مێژوو بزانرێ یان نا تازە سودی چیە ” ئەمە دڵشكانی ئێستایە، وێڕای ئەوەی خۆم بەردەوام داوای لێدەكەم كتێبەكە چاپبكات ، ئاگادارم زۆر كەسی دیكەش هەم بە خۆی دەڵێن هەم ئێمە هاندەدەن كونە جەرگی بكەین، دڵنیام دەیكات ، بەڵام كەی نازانم ،لە زۆر دانیشتنا هەر هەردوكمان بین یان دۆستگەلی دیكەشی لێبن، ئەو ڕەخنە لەو ئێستا شێواوە دەگرێت و چیرۆكی ئازاراوی ئەوانە دەگێڕێتەوە كە كورد بوون زۆر شتی لێسەندن و ئێستا كەم كەس ئاوڕیان لێدەداتەوە.

ئەگەر هەر بەو ناوەی بڕاوەتە سەریدا بڵێین شۆڕش لە چركە ساتی یەكەمی دوای ڕاپەڕیدا بۆ ئێمەو مانان نا ئومێدی بوو ، ڕاستە لە ساڵانی هەشتا ئاگاداری ئەو هەموو شەڕو شۆڵ و یەكوكوژیە بووین ، لە زاری گەورەكانیشەوە بە مەلایی و جەلالی و ناووناتۆرەی ئەو سەردەمە لە دژی یەكتر ئاشنا بووین ، لێ لە بەر ئەوەی پێشمەرگە دژی بەعس و ستەمی بەعس دەجەنگا وەك پیرۆزی سەیرماندەكردن و دەمانویست بیانوو بۆ ململانێ و خۆكوژیەكانیان بێنینەوە ، بۆ ئەوەش زۆر جار هەر دوژمنمان تاوانبار دەكرد، بەڵام چركە ساتی ڕاپەڕین سەراسیمەی كردین بەوەی ئاخر چۆن دەبێت شۆڕشگێڕ نیشتمان وێران بكات و وڵات تاڵان و كەلە لابكات، ئەوەش كەی لە كاتێكا هێشتا لە كەركوك ، خورماتوو، دەورو بەری موسڵ و زۆر شوێنی دیكە پێشمەرگە گیان بازی دەكرد، ڕێك لەو سەرو بەندەدا كە كاروانی دزەكان مۆراڵ و ئاكاریان لە شۆڕش دادەماڵی عوسمانی حاجی مەحمود و شەهید حەمەڕەش و هاوڕێكانیان لە خورماتوو شەڕی بەعسیان دەكرد ، هەر ئەوكاتەش هەواڵی شەهید بوونی حاجی مەحمودی باوكی و عومەری برای بە عوسمان دەگەیەنن ، ئەو دەڵێت سەنگەر چۆڵناكەم و ئەوانیش وەك شەهیدانی دیكە، ئەمەش خاڵی خۆ جیاكردنەوەیە لەوانی تر، كە بەر پرسی نێو دەسەڵاتیش بوو بە شێوەیەكی زۆر جیاواز لەوانی تر مامەڵەی دەكرد، بە درێژای دەیان ساڵیش هەوڵدرا وێنەكەی تەڵخ بكەن، بەڵام نەتوانرا ، من زۆر چیرۆك و سەربوردەی ئەوم لایە كە ئەو تەنیاو تەریك دەكەن لەوانی دیكە.

بابەتى تر

👤
Live: 85 Today: 1,536 📊 Click Here