×

خیانەت کردن لەمیللەتێک لەژێر سایەی هەڵبژاردندا

خیانەت کردن لەمیللەتێک لەژێر سایەی هەڵبژاردندا

جار بینراوە: (20.0K)

ڕابەر خدر عومەر

هەڵبژرادن وەک ڕێگایەک بۆ گۆڕانکاری پێش پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق لە ١١/١١/٢٠٢٥.
بەشی یەکەم :

بۆ زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوو دەچێ، کە خەڵکی بەشخوراوی کوردستان خەون بە دروستکردن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەبینن کە پڕ بێ لە ئازادی و شکۆمەندی بۆ تاک بەتاکی کورد و بوونی دادپەروەریەکی ڕاستەقینە، دەوڵەتێک کە تیایدا نەوە لە دوای نەوە بتوانن بەبێ بوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە سەر و ماڵ و گیانیان ئەرکەکانیام بەجێ بگەیەنن و مافەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن، دەوڵەتێک کە لەژێر سایەیدا هەناسەی کامەرانی هەڵبمژن.
بەڵام ئێستا لەکاتایکدا بەرەو هەڵبژاردنی گشتی عێراق هەنگاودەنێین کە وا بڕیارە لە بەرواری ١١/١١/٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت، کەچی هێشتا و دوای ئەو هەموو ماوەیە لەبری هاتنە دی ئەم خەونە ڕۆژ بە ڕۆژ بێ ئومێدبوونی تاکی کورد لە هێنانەدی کەم دەبێتەوە لەسایەی حوکمی یەکێتی و پارتی دا.

ئەوانەی کە بەڕاستی دەبوایە پارێزەری خاک و خەڵک بونایە ، ئەو بەناو سەرکردانەی دوو حیزبی پارتی و یەکێتی کە لەمێژووی حوکومڕانییان دا دەسەڵاتیان بۆ خۆسەپاندنیان بەسەرخەڵکی دا بەکارهێنا نیو ئەوەندە بۆ خۆشگوزەرانی و خزمەتکردنی خەڵک بەکاریاننەهێناوە، بەڵکو بوونە گەورەترین لەمپەر لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کورد و تاکی کوردی.
ئەوان دروشمی ئازادی و دیموکراسیان بەکارهێنا بۆ پەردەپۆشکردنی بازرگانییەکانیان بەخاک و نیشتیمانەوە، هەروەها بە کۆیلەکردنی تاکی کورد بەوەی کە هەرکەسێک بیەوێت کۆیلە ئاسا خزمەتی بنەماڵەکانیان بکات ئەوا پاداشت دەکرێت چونکە لەلای ئەوان دیموکراسی بریتیە لە خزمەتکردنی بنەماڵەکانیان و ئەوانەیشی کە دژی زوڵم و ستەم ڕاستەیە حاشا هەڵنەگرەکان دەخەنە ڕوو توشی سزا دەبنەوە چونکە لای ئەوان بەشێکن لەوانەی کە پێشێلی دیموکراسیان کردوە و بەزاندنی سنوری بنەماڵەکانیان هێڵی سورە ، هەر لەژێر سایەی ئەم سیاسەتە چەوتانەیان خاک و نیشتیمانیان دابەشکردین ، دامودەزگانیان بێ پەل و پۆ کرد و هەتا کەسایەتی و ناسنامەبوونی ئێمەشیان خستە ژێر پرسیارەوە !

ئەوەتا سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستاندا وەکو کۆیلەی سەردەم سەیر دەکرێن و سەڕەڕای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەبەرچاوی دنیاوە مافەکانیان لەلایەن دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکی کوردستانەوە دەدزرێت و نادرێت پێیان، ڕۆژنامەنوسان زیندانی دەکرێن لەسەر گوتنی وشەی حەق ، چالاکوانان لەزیندان دەکرێن چونکە دژی نادادی دەنگ هەڵدەبڕن ، وە لەهەمووی ئازاربەخشتر ئەوە خەڵکی ئاسایی لەژێر سێبەری ترس و دڵە ڕاوکێدا شەوانە ڕۆژ دەکەنەوە . گەنجەکانمان، کە پێویستترین چینن بۆ ژیان و مانەوە و بەردەوام بوون هیچ داهاتوویەکی ڕوون نابینن و بە ناچاری و بەزۆر وایان لێدەکرێ خاکی پیرۆزی خۆیان جێبێڵێن و شکۆمەندی خۆیان لەشوێنێکی دیکە بدۆزنەوە . دەسەڵاتداران شایەتن بەوەی کە ڕوودەدات بەڵام کەیف و سەفای خۆیان ساردیان ناکاتەوە و بێ باکن لەوەی کە چ کارەساتێک بەسەر خەڵک لە سەرجەم چین و توێژەکاندا دێت .

ئەوەی جێگەی داخە گەورەترین ناسۆری و تراژیدیا ئەوەنییە کە ئەوان تائێستا بەسەر ئێمەیان هێناوە بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە ڕێگەمانداون تا ئێستاش بەردەوام بن لەوەی چیان بوێ بیکەن بە جۆرێک ئێمەی تاکی کوردیان تەڵقین داوە کە سیاسەت بەو شێوەیە دەکرێت کە ئەوان دەیکەن وە بەجۆرێک تاکی کوردیان فێری بێدەنگی کردوە و وشەی ( نا ) یان کردوەتە بڤە لەسەر دەمی خەڵک کە زۆرینەی کۆمەڵگا نەتوانێت بیکاتە وێردی سەر زمانی لەکاتێکدا ئەم بێدەنگی و ترسە دروستکراوە گەورەترین هاوکارییە کە لەلایەن ئێمەی تاکی کوردەوە پێشکەش بەم دەسەڵاتە کراوەو بووەتە هۆی مانەوەیان.

ڕاستەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە هەرگیز لەلای ئەوانەوە دروست نابێت کە دەستور و یاساکانیان بەپێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان داناوە، دەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لەکەسانێکەوەبێ کە ئازاردەچێژن و کوێرەوەری دەبین بەدەست ئەو سیستەمەوە ، دەبێ لەو مامۆستایانەوە بێ کە هێشتا بە ئومێد و سەربەرزی و شانازیەوە لە هۆڵەکانی خوێنداندا ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن و مافەکانیان زەوتکراوە، دەبێ لەو ڕۆژنامەنوساوەبێت کە هێشتا بە ئازایەتی و دلێری و چاونەترسیەوە قەڵەمی پڕ لە خامەیان دێتە گۆ ، دەبێ لەو کرێکار و ڕەنجدەر و زەحمەتکێشانەوە بێ کە هەموو کاتێک بەهیوای دادپەروەریەوە خزمەتی خاک و وڵات دەکەن ، پێویستە ئێمە بڕیاری لەسەر بدەین !

ئێستا و کە پەیتا پەیتا نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنی گشتی لە ١١/١١/٢٠٢٥ ، هەموومان لە چوارڕییانێکی دیکەی مێژوویدا دەوەستینەوە و یان ڕێبازەکەمان تازە دەکەینەوە یان هەڵوێست وەردەگرین، یان دەتوانین هەمان ئەو کەسانە هەڵبژێرینەوە ، هەمان درۆ و دەلەسە و هەمان نارەحەتی و دژواری و کوێرەوەری . یاخود ، دەتوانین قەرار لەسەر شتێکی جیاوازتر بدەین.

با ڕێگەنەدەین ئەو هەڵبژاردنە ببێتە ڕۆتینێکی ئاسایی دیکەی دەنگدان، با بە ئازادانە ڕایگەیەنین چیتر ترسمان نییە لێتان، با پەیامێک بنێرین بۆ ئەوانەی کە خیانەتیان خستە جێگەی بەڵێن و پەیمانیان – بڵێین خەڵکی کوردستان لەکۆتایدا بڕیاردەدات ، چونکە ڕێگەی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەئۆفیسی حیزبی دەسەڵاتەوە دەست پێناکات بەڵکو لەناو جەرگەی کۆمەڵانی خەڵکی بەشخوراو و مەینەتبارەوە دێ کە باوەڕیان بە کوردستانێکی ئازاد و دادپەروەر و مۆدێرن هەیە .

بابەتى تر

👤
Live: 116 Today: 365 📊 Click Here