ڕووناکی یان تاریکی؟ پرۆژەیەک بۆ گیرفانی پارتی و تاڵانکردنی خەڵک!

ڕووناکی یان تاریکی؟ پرۆژەیەک بۆ گیرفانی پارتی و تاڵانکردنی خەڵک!

جار بینراوە: (2.8K)

هاوڕێ فاتیح محمد فەریق

کاتێک مەسرور بارزانی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا بە شانازییەوە پرۆژەی “ڕووناکی”ی ڕاگەیاند وەک “چارەسەری کۆتایی بۆ کێشەی ٣٠ ساڵەی کارەبا”، میدیاکانی پارتی کەوتنە هەڵپەڕکێ و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە کابینەکەیان کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین دەکات. بەڵام لە پشت ئەم پەردە ڕازاوەیەی “مۆدێرنیزاسیۆن” و “لابردنی مۆەلیدەکان”، ڕاستییەکی زۆر تاڵتر شاراوەتەوە: پرۆژەی ڕووناکی چارەسەری کارەبا نییە، بەڵکو گەورەترین پرۆسەی بەتایبەتیکردن و تاڵانکردنی گیرفانی هاوڵاتییانە کە ڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەتی کۆمپانیاکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و شەخسی سەرۆک وەزیران خۆیەوە

بۆ تێگەیشتن لەم تاڵانییە، تەنها سەیرێکی میکانیزمی پرۆژەکە بکەن. پێشتر، حکومەتی هەرێم کارەبای لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بەرهەمهێنان (کە زۆربەیان هی بەرپرسانی باڵان) دەکڕی و بە نرخی پاڵپشتیکراو  دەیدا بە هاوڵاتییان، کە ئەمەش بووە هۆی کەڵەکەبوونی زیاتر لە ٤ ملیار دۆلار قەرز لەسەر حکومەت بۆ ئەو کۆمپانیایانە. ئێستا، لە ڕێگەی پرۆژەی “ڕووناکی”یەوە، حکومەت ئەو قورساییە داراییەی لەسەر شانی خۆی لابردووە و ڕاستەوخۆ خستوویەتیە سەر شانی هاوڵاتیی گیرفانبەتاڵ! ئەوەی ناوی لێ نراوە “پێوەری زیرەک” و “کارەبای ٢٤ کاتژمێری”، لە ڕاستیدا سەپاندنی باجێکی قورسە بەسەر خەڵکدا بەناوی پێدانی خزمەتگوزارییەوە، لە کاتێکدا هەمان ئەو خەڵکە هێشتا مووچەی چەندین مانگیان وەرنەگرتووە و لە قەیرانێکی ئابووریی سەختدا دەژین.

ئایا کێ لەم پرۆژەیە سوودمەندە؟ ئەوانەی کارەبا بەرهەم دەهێنن و دەیفرۆشنەوە! کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی وزە، کە پشکی شێریان بەدەست بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسانی پارتییەوەیە، ئێستا دڵنیان لەوەی کە پارەکەیان سەداسەد و بە خێرایی لە ڕێگەی سیستەمی کۆکردنەوەی نوێوە لە گیرفانی خەڵک دەردەهێنرێت. وەزارەتی کارەبا دەڵێت ٨٠٪ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن، بەڵام ئەمە تەنها یارییەکە بە ژمارەکان ؛ لە واقیعدا، سیستەمەکە وا داڕێژراوە کە هەر خێزانێک کەمێک لە سنووری “ڕێگەپێدراو” زیاتر بەکاربهێنێت، نرخەکەی بە شێوەیەکی خەیاڵی لەسەری هەژمار دەکرێت. ئەمە “ڕووناکی” نییە، ئەمە ڕووتاندنەوەیەکی مۆدێرنە

لەلایەکی تریشەوە، چارەنووسی ئەو نزیکەی ٢٨,٥٠٠ کەسەی (خاوەن مۆەلیدە، کرێکار، و تەکنیکار) کە بژێوی ژیانیان لەسەر مۆەلیدە ئەهلییەکان بوو، کەوتووەتە مەترسییەوە. حکومەت بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی داون، بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی تری پارتی، پارەدانەکان پچڕپچڕن و زۆربەیان ناچار بوون مۆەلیدەکانیان بفرۆشن بۆ پارێزگاکانی تری عێراق. لە کاتێکدا میدیای دەسەڵات باس لە “کەمکردنەوەی دووکەڵ و ژینگەی پاک” دەکات ، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا پاککردنەوەی ژینگە دەبێت بە نرخی برسییکردنی هەزاران خێزان و قۆرخکردنی کەرتی وزە بێت لەلایەن یەک خێزانی سیاسییەوە؟

دەبێت خەڵک بپرسێت: چۆن دەکرێت سەرۆک وەزیرانێک کە ناتوانێت مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی دابین بکات، لەپڕێکدا و بەم خێراییە سەرسوڕهێنەرە دەتوانێت ملیۆنان دۆلار لە پرۆژەیەکی “تایبەتیکردنی کارەبا”دا خەرج بکات؟ وەڵامەکە سادەیە: چونکە مووچە پارەدانە بە خەڵک، بەڵام “ڕووناکی” پارەکێشانە لە خەڵک! ئەمەیە عەقڵیەتی حوکمڕانیی پارتی؛ کاتێک پرۆژەیەک خزمەتگوزاری بێت، دەڵێن “بەغدا پارە نانێرێت”، بەڵام کاتێک پرۆژەکە داهاتەکەی ڕاستەوخۆ بچێتە گیرفانی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە، زۆر بەخێرایی و بە ناوی “کابینەی خزمەتگوزار”ەوە جێبەجێی دەکەن! ماف نادرێت بەڵکوو دەسەنرێت؛ و ئەگەر خەڵکی کوردستان بەرامبەر ئەم تاڵانییە بێدەنگ بن، سبەینێ ئاو و هەواشمان پێ دەفرۆشنەوە!

بابەتى تر

👤
Live: 124 Today: 2,216 📊 Click Here