دوو دۆسیەی گەندەڵی و یەک سیستەم

دوو دۆسیەی گەندەڵی و یەک سیستەم

جار بینراوە: (1)

سەربەست سەعید ساڵح

تەنها لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا، عێراق شایەتحاڵی دوو بومەلەرزەی گەورەی گەندەڵی بوو کە یان بە بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتەوە هەبوو. لە لایەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی (مەناف عەبدولمونعم) دەستگیر دەکرێت بە تۆمەتی بردنی زیاتر لە ١١٥ ملیار دیناری عێراقی.

هێشتا خەڵک لە شۆکی ئەو ژمارەیە دەرنەچووبوو، لە لایەکی ترەوە دۆسیەی جێگری پێشووی وەزیری نەوت (عەدنان جومەیلی) تەقییەوە. لەم دۆسیەیەدا دادگا دەستی بەسەر بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار، ٣١ ملیار دینار، ٧٠ موڵکی نیشتەجێبوون، ٢١ ئۆتۆمبێل و نزیکەی ٣ کیلۆگرام زێڕدا گرت، ئەمە جگە لەو پارە کاشانەی کە لە شوێنی نهێنی و سەیردا شاردرابوونەوە و هێزە ئەمنییەکان دەریان هێنان!

کاتێک مرۆڤ گوێی لەم ژمارە خەیاڵییانە دەبێت، وا هەست دەکات باسی خەزێنەی وڵاتێکی بچووک دەکەین، نەک سامانی شەخسیی تەنها دوو فەرمانبەری حکومی! ئەم ڕووداوانە وایان لە خەڵک کردووە پرسیارێکی زۆر جدی بکەن: ئایا بەڕاستی دەوڵەتی عێراق خەریکە ڕووبەڕووی حوتە گەورەکانی گەندەڵی دەبێتەوە، یان ئەمانە تەنها دەرکەوتەی سیستەمێکن کە قەڵغانە سیاسییەکەیان لەدەستداوە و کراونەتە قوربانی بۆ ئەوەی دزە گەورەترەکان پارێزراو بن؟

ئەگەر تەنها بەڕێوەبەرێکی هێڵی ئاسمانی و جێگرە وەزیرێک بتوانن ببنە خاوەنی ٧٠ خانوو و ملیاران دیناری کاش بەبێ ئەوەی دەزگاکانی چاودێری زووتر پێیان بزانن، ئەی دەبێت ئەوانەی لە سەرووی ئەمانەوەن و کۆنترۆڵی نەوت و داهاتی وڵاتیان بەدەستەوەیە چەندیان بردبێت؟

دۆزینەوەی ٣ کیلۆ زێڕ و ئەم هەموو ملیارە لە ماڵی بەرپرساندا، مانای سەرکەوتنی دەزگاکانی نەهێشتنی گەندەڵی نییە، بەڵکو بەڵگەی داڕمانی ئەو سیستەمەیە کە ساڵانێکە ڕێگەی داوە ئەم تاڵانییە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی کەس بڵێت “ئەمەت لە کوێ هێنا؟”. کێشەکە تەنها ئەو پارەیە نییە کە گیراوە، بەڵکو ئەو سیستەمەیە کە ئەم جۆرە بەرپرسانەی بەرهەمهێناوە.

بابەتى تر

👤
Live: 152 Today: 1,157 📊 Click Here