هەڵبژاردن کۆتایی هات، بەڵام چاوەڕوانییەکە هەرگیز کۆتایی نەهات!

هەڵبژاردن کۆتایی هات، بەڵام چاوەڕوانییەکە هەرگیز کۆتایی نەهات!

جار بینراوە: (1)

عەلی ایسماعیل

لە شانۆگەرییە بێزارکەرەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا، خەڵک لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بەو هیوایەی پڕۆسەیەکی دیموکراسی ئەنجام بدەن و کۆتایی بە قەیرانەکان بهێنن، بەڵام نەیاندەزانی کە دەنگەکانیان دەبێتە بلیتی پشوویەکی کراوە و بێکۆتایی بۆ سەرکردە سیاسییەکان! نزیکەی دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕۆژەدا، مەرەکەبی سەر پەنجەی دەنگدەران زۆر لەمێژە سڕاوەتەوە و چیرۆکی هەڵبژاردن لای هاوڵاتییان لەبیرچووەتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کە مەرەکەبی قەڵەمی حیزبەکان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت هێشتا تەنانەت نەکڕدراوە. پارتی و یەکێتی و هێزەکانی تر بە جۆرێک باس لە “دانوستانی هەستیار و قووڵ” دەکەن، وەک بڵێیت لە ژوورە داخراوەکانیاندا خەریکی دابەشکردنی گەردیلە و دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ کێشەی گەرمبوونی زەوی، لە کاتێکدا هەموو منداڵێکی ئەم وڵاتەش دەزانێت کە ململانێکە تەنها و تەنها لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، پۆستە سیادییەکان، و کۆمپانیاکانی نەوتە نەک خەمی هاوڵاتییان. ئەمە گەورەترین سووکایەتییە بە چەمکی هەڵبژاردن؛ کاتێک پرۆسەکە لەبری ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ نوێبوونەوەی دەسەڵات و خێراکردنی خزمەتگوزارییەکان، دەبێتە بیانوویەک بۆ ئیفلیجکردنی تەواوەتیی دامەزراوەکان و لێدانی قوفڵێکی گەورە لە دەرگای پەرلەمان. سەرکردەکانمان فێری یارییەکی زۆر زیرەکانە بوون: با خەڵک دەنگ بدات تا شەرعییەتێک بەدەست بهێنین، پاشان سندوقەکان دادەخەین و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە مەکتبە سیاسییەکانماندا قاوە دەخۆینەوە و شەڕە لێدوان دەکەین، لە کاتێکدا وڵات بەبێ حکومەتێکی نوێ و بەبێ چاودێرییەکی یاسایی بەرەو نادیار دەڕوات. کێشەکە ئەوە نییە کە کەی کابینەی نوێ پێکدێت، بەڵکو کارەساتە ترسناکەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتداران فێربوون وڵات بەبێ پەرلەمان و بەبێ حکومەتی کاراش زۆر بە ئارامی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان تاڵان بکەن، بۆیە هیچ پەلەیەکیان نییە و دەتوانن تا وادەی هەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر مێزی گفتوگۆ یاریی شەترەنج بە دەنگی خەڵکەوە بکەن. لەم نێوەندەدا، تاکە شتێک کە بە تەواوی بێبەها بووە، ئیرادەی ئەو دەنگدەرە داماوەیە کە باوەڕی بە دروشمەکانی گۆڕانکاری کردبوو، بەڵام ئێستا تەنها ئەرکی ئەوەیە لە وێستگەکانی چاوەڕوانیدا دابنیشێت تا ئەوکاتەی باوکە ڕۆحییەکانی سیاسەت بڕیار دەدەن کێکی دەسەڵات بەسەر خۆیاندا دابەش بکەن.

بابەتى تر

👤
Live: 147 Today: 817 📊 Click Here