گەڕەکی نەورۆزو ڕۆژهەڵاتی کوردستان
۱
گێچەڵی سوپا بەگەڕەکی نەورۆز تازەنیەو پازدە بیست ساڵە ناو بەناو نوێدەبێتەوە، بڕو بیانوی سوپا هەر چیەک بێت، جەیش ئەو هەقەی نیە بەو جۆرە پەلاماری خەڵکی سڤیل و پاسەوانانی بەرپرسی یەکەی کارگێڕی شار بدات، بەرتاقای ئەوەش هیچ میدیایەک ئەو هەقەی نیە بەمەبەستی گەورەکردنەوەی ئاژاوە فوبکات بە پشکۆی ڕوداوەکەدا، لەم ئان و ساتەدا دروستکردنی هەر ئاژاوەیەک لەکەرکوک، خزمەتە بە پیلانی دەوڵەتگەلێک کە لەخەیاڵی قوتکردنەوەی ستەمکاریدان.
۲
بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی نەورۆز بەوانەشەوە کە مامەڵەیان بەخانوەکانەوە کردوە، خەڵکانی ماندو ستەملێکراوی سەردەمی بەعسن، شایستەی خزمەت و ڕێ و جێی باشن، شایانی چونە سەرو داگیرکردنی شوێنی نیشتە جێبوونیان نین لەلایەن سوپاوە، پاشان ئەم لاسای کردنەوەیە چیە، خۆ ئەوخانوانە بەعس بۆ تێکۆشەرو خەڵکانی نیشتمانی دروستی نەکردون، بۆ ئەفسەرو پلەداری بەعسی دروستکردون، بە ویژدان بڕیار بدەن کێی تیابێت باشە تێکۆشەرو ماندوی کورد، یان بکوژو جەلادی بەعسی؟.
۳
پێکەوە کارکردنی پێنج حزبی ڕۆژهەڵات و بڕیاردان لەکاری هاوبەش و بەردەوامی جێی ئافەرین و دەستخۆشیە، ئێمەو مانان بیست ساڵ پترە داوای ئەو پێکەوە بونە لەڕۆژهەڵاتیەکان دەکەین، ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەهەر کاتێک زیاتر دەبێ یەکگرتوو بن، هیچ هۆیەک نیە بۆ پرش و بڵاوی و هەلاهەلایی، بەهیوام ئەم کارە بەردەوام و بەرهەمدار بێت، هەروەک چۆن هاوڕێیەکی ڕۆژهەڵاتی وای بۆ نوسیبووم.
٤
لەڕۆژهەڵات بیر لەیەکگرتن دەکرێتەوە، لەڕۆژئاوا عەبدی بەدوای یەکخستنی دەنگی کوردەوەیە، لەباکور کوردان بەچەکی ئاشتی دەیانەوێ چەکی تیرۆری دەوڵەتی بێننە چۆک، لەباشور بەسی ساڵ ناتوانن پێشمەرگە لەبن دەستی حزب دەربێنن و بەساڵ و نیوێک ناتوانن حکومەتێکی سەرتاسەری ئاکاری دروستبکەن.















Post Comment