کورد و ئەمریکا
پێشەکیەکی وەرگێڕ..
سڵاو هاوڕێیان ، سەرنجتان بۆ خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە ڕادەکێشم کە پڕۆفیسۆری یە نێودەوڵەتییەکان بەڕێز عەبدوڵڵا کیران ( عەبدوڵا مەروانی ) بە زاراوەی کرمانجی نووسیوێتی ، لە تۆڕی X و لە گۆڤاری ( Neŗîna Azad ڕای ئازاد ) بڵاوی کردووەتەوە ٫ نووسینەكەی بەڕێز عەبدوڵڵا كیران باسی بیرۆكەیەك دەكات كە دەیەوێت بڵێت : تەنها دۆزە ڕەواکان نین کە لەم جیهانەدا سەردەکەون ، بەڵکو ئەو دۆزانەن کە دەزانن لە کوێ بوەستن و لەگەڵ کێ قسە بکەن وچۆن دزە بكەنە ناو ناوەندەكانی بڕیاردانەوە و چۆن خۆیان پێشکەش بکەن. مێژوو هەرگیز دادگایەکی ئەخلاقی نەبووە، بەڵکو هەمیشە سازاندن و هاوسەنگکردنی هێز بووە. لەم هاوسەنگی هێزەدا، ئەوە بەس نییە کە ڕاست وخاوەن ماف بیت، مرۆڤ دەبێت لەو شوێنانەدا ئامادە بێت کە بڕیاری گەورە دەدرێت، لەو شوێنانەی كە بیرۆکەکان دەبنە سیاسەت و سیاسەتەکان دەبنە ڕاستیی مێژوویی. ئەو گەلانەی کە هێشتا لە سروشتی سیستەمی نێودەوڵەتی تێنەگەیشتوون، پێیان وایە هاوسۆزیی بەسە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان. بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ئەزموونی یە نێودەوڵەتییەکان سەلماندوێتی ئەوەیە کە هاوسۆزیی بێ پشتگیریی وەک دەنگێک وایە لە بیاباندا؛ دەبیسترێت بەڵام دەنکە لمێک ناجووڵێنێت.لە دنیای سیاسەتدا هاوسۆزیی نابێتە هۆی بڕیاردان ، بەڵێ ڕاستە هاوسۆزیی هەستێکی بەرزە ، بەڵام بێدەسەڵاتە لەئاست گۆڕینی چارەنووس ، دڵنەواییە ، بەڵام بەرزنابێتەوە بۆ پاڵپشتیکردن و سەرخستن ، وەک چرایەکی جوانە بەڵام تاریکیی ناڕەوێنێتەوە . ئەو گەلانەی فێری خوێندنەوەی نەخشەی هێز و دەسەڵات بوون، تێدەگەن کە ڕێگای بەدەستهێنان و چەسپاندنی مافەکان تەنها بە قووڵیی مێژوودا یان بە قەبارەی قوربانیداندا تێناپەڕێت، بەڵکو بە دامەزراوە و و نوێنەرایەتی کاریگەر لەناو ناوەندە کاریگەرەکاندا تێدەپەڕێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە سیاسەت، لە جەوهەرەکەیدا، لە ڕێگەی قوربانیبوونەوە بەڕێوەناچێت بەڵکو لە ڕێگەی پێکهاتە دامەزراوەییەکانەوە بەڕێوەدەچێت. لە دونیای ئەمڕۆدا پایتەختەکان سەنگی یەکسانیان نەماوە. پایتەخت هەیە تەنها کاروباری وڵاتەکانی خۆیانیان تێدا بەڕێوەدەبرێن، پایتەختیش هەیە لەناویدا کاروباری جیهان بەڕێوەدەبرێت. واشنتۆن یەکێکە لەو شارانە ، جیاواز لە هەموو شارەکانی تر . واشەنتۆن تەنیا پایتەختی وڵاتێک نییە، بەڵکو ناوەندی بڕیاردانی یە، خاڵی کۆبوونەوەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتییە، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانییەکان و تاقیگەی سیاسەتە. ئەوانەی وەک یاریزان دەچنە ناویەوە دەنگیان دەبیسترێت، لە کاتێکدا ئەوانەی لە دەرەوە دەمێننەوە دەنگیان تەنها وەکو دەنگدانەوەیەک دەبیسترێت، چونکە کاریگەریی ڕاستەقینە بەهۆی ژمارەی هاوسۆزەکانەوە دروست نابێت، بەڵکو بەهۆی توانای هاوپەیمانەکانەوە بۆ وەرگێڕانی هاوسۆزی بۆ کردار. ئەزموونە مێژووییەکانی ئەو گەلانەی کە سەرکەوتوو بوون لە چەسپاندنی ئامادەیی سیاسی خۆیان، ڕاستییەکی ڕوون دەردەخەن: ئەوان تەنیا لەبەر ئەوەی شایستەتر بوون، سەرکەوتنیان بەدەستنەهێناوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی زیرەکتر بوون لە بەڕێوەبردنی یە نێودەوڵەتییەکانیان و توانای بنیاتنانی کاریگەرییان لە ناو ناوەندەکانی دەسەڵاتدا هەبووە. دەوڵەتە بچووکەکان- یان ئەو گەلانەی کە هێشتا نەبوونەتە دەوڵەت وەکو ئێمەی کورد – ناتوانن کاریگەرییان لەسەر سیستەمی هەبێت، ئەگەر سەرکەوتوو نەبن لە گواستنەوەی ئامادەبوونی خۆیان لە پەراوێزەوە بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان. لێرەوە گرنگی ئەم بیرۆکەیەی پڕۆفیسۆر عەبدوڵڵا کیران ( عەبدوڵڵا مەروانی) دەردەکەوێت ، چونکە بیرۆکەکە داوای تێگەیشتن و ئامادەبوون و دروستکردنی کاریگەریی و دزەکردن بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان و دروستکردنی هەلومەرج دەکات ، نەک چاوەڕوانیکردنی دادپەروەریی. بانگەوازێکە بۆ گواستنەوە لە قۆناغی گلەییکردنەوە بۆ قۆناغی کردار، لە وی قوربانیبوونەوە بۆ ئەندازیاری کاریگەریی و لە کاردانەوەوە بۆ دروستکردنی دەستپێشخەری. ئەو پرسانەی کە لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دەنگیان نییە، وەک پرسێک دەمێنێتەوە کە دەبێت باسی بکرێت… نەک چارەسەر بکرێت. بیرۆكەكەیم زۆر لەلا گرنگ بوو ، بۆیە بڕیارم دا بیكەم بە سۆرانی و بڵاوی بكەمەوە . ( سەربەست إسماعیل )
دەقی ەکە..
کورد و ئەمریکا:
ئەگەر ئەم بابەتەم بە زمانی تورکی یان ئینگلیزی بنووسیبایە دڵنیام هەزاران کەس دەیانخوێندەوە. بەڵام مادام بە کوردییە، ڕەنگە نەخوێندرێتەوە. مەڵێ مردووین، بەڵام کەس نەماوە ماتەمینیمان بۆ بگێڕێت. هێشتا دەڵێم ئەم بابەتە بخوێنەرەوە، چونکە ئەو شتانەی لێرەدا باسم کردوون، بە ژیان و داهاتوومانەوە هەیە:
ئەمریکا وڵاتێکە بە دۆستایەتی خۆی وڵاتان بنیات دەنێت و بە دوژمنایەتی خۆی نەتەوە و دەوڵەتەکان لەناو دەبات. هەموو نەتەوەیەک، هەموو دەوڵەتێک دەیەوێت دۆستی ئەمریکا بێت و بەهاوڕێیەتی بمێنێتەوە. هەندێک نەتەوە و دەوڵەت هەن کە دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا بە دۆستایەتی لەگەڵ هەموو جیهان ناگۆڕنەوە. لێیان بپرسە ئایا دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا دەگۆڕنەوە بە دۆستایەتی لەگەڵ هەموو جیهان؟ یەکسەر دەڵێن “با ئەمریکا دۆستمان بێت، و هەموو جیهان دوژمنمان بێت”. دەزانم، ئێستا دەپرسن، ئایا وڵاتی وا لە جیهاندا هەن؟ پێتان دەڵێم بەڵێ هەن و ژمارەیان زۆرە . یەکێک لەو وڵاتانەی کە دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا بە دۆستایەتی هەموو جیهان ناگۆڕێت ئیسرائیلە.
هەمووتان تێبینیتان کردووە کە دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئیسرائیل شەڕێکی بێ وێنەی دژی حەماس دەستپێکرد. لەم شەڕەدا زیاتر لە ٧٠ هەزار فەلەستینی کوژران و نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان دژایەتی ئیسرائیلیان کرد. بۆ نموونە هەندێک وڵات ئیسرائیلیان بە دەوڵەتی تیرۆریستی ناساند و دۆسیەیەک لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دژی ئیسرائیل تۆمارکرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ و وەزیری بەرگری یۆاڤ گالانت دەرکرا. بەپێی بڕیاری ئەم دادگایە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل ناتوانن بچنە ناو ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی ئەم دادگایەن. باشە چەند وڵات ئەندامی ئەم دادگایەن؟
نزیکەی دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان، واتە ١٢٥ وڵات. لەو ١٢٥ وڵاتە، ٣٣ وڵات لە ئەفریقا، ٢٨ وڵات لە ئەمریکا و کاریبی، ٢٥ وڵات لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، ٢٠ لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ١٩ وڵات لە ئاسیای زەریای هێمن. هەموو ئەو دەوڵەتانە دەوڵەتی سەربەخۆن و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. دوایین جار، لە ساڵی ٢٠١١، باشووری سودان وەک ئەندامی ئەو ڕێکخراوە وەرگیرا. فەلەستین و ڤاتیکان ئەندامی تەواو نین، بەڵکو ئەندامی چاودێرن لە نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی نوێ ببێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگ پشتگیری لە ئەندامێتی ئەو دەوڵەتە بکەن. سەرنج بدەن تا ئێستا لە کۆی ١٩٣ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٥٧ دەوڵەت فەلەستینیان وەک دەوڵەت ناساندووە، بەڵام هێشتا فەلەستین ناتوانێت ببێتە ئەندامی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر تەنها ئەمریکا نەیەوێت فەلەستین ببێتە ئەندام، باوکی فەلەستینییەکانیش، ناتوانێت ببێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئێستا، دڵنیام تێگەیشتوون بۆچی ئیسرائیل دۆستایەتی ئەمریکا بە باشتر و سوودبەخشتر لە دۆستایەتی هەموو جیهان دەزانێت. بەڵام بابەتەکەی ئێمە ئەمە نییە ، ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان نین؛ مەسەلەی ئێمە پێویستی ڕزگاربوون و، نەهێشتنی چەوساندنەوەی کوردە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمریکا دەتوانێت پێویستیی کورد دەستەبەربکات و کۆتایی بە چەوساندنەوەی کورد بهێنێت، و شەرەف و کەرامەتی بپارێزێ و کۆت و زنجیری مێژوو و پەتی جوگرافیا لە دەست و قاچی بکاتەوە. چۆن؟
تایتڵەکانی تاپۆی زەوی کوردستان لە واشنتۆنە ڕاستگۆ و بێپێچوپەنا دەبم. سەد ساڵ لەمەوبەر تاپۆی زەوی و زاری کوردستان لە لەندەن و پاریس بوو؛ بۆ ئەوەی ئەم تایبەتمەندییە زەوییە بەدەست بهێنێت، دەبوو هەردوو فەرەنسا و ئینگلتەرا ڕازی بن. بەڵام ڕووی نەدا. دوو شت ماڵی کوردیان وێران کرد. یەکێکیان ئەوە بوو کە هێشتا هۆشیاری نەتەوەیی لەناو کورددا کامڵ نەبوو بوو ، ویستی سەربەخۆیی تەشەنەی نەکردبوو و کورد خۆی بە ئەندامی ئومەتی ئیسلامی دەزانی؛ گەرمیی ئایینییان بەسەر هۆشیاری نەتەوەیی ئەواندا زاڵ بوو. هەرچەندە بەشێک لە سەرکردە و پێشەواکانی کورد داوای دەوڵەتبوونیان دەکرد، بەڵام دەنگیان نەگەیشتە کۆمەڵگای . کەمالیستەکان وەک هاوکاری ئینگلیزەکان و دوژمنی ئایینی ئیسلام وێنایان کردن ، بەمەش بزووتنەوەکەیان پووچەڵ کردەوە.
دووەم شت شۆڕشی ڕووسیا بوو. ئەگەر شۆڕشی ڕووسیا سەرکەوتوو نەبووایە، پەیمانی سیڤەر جێبەجێ دەکرا و کورد دەبوو بە دەوڵەت . بەڵام دوای سەرکەوتنی سۆڤییەت ، زلهێزه یەکانی ئەو سەردەمە له پێناو پێشگرتن له بڵاوبوونەوەی سۆسیالیزمی سۆڤیەت، ویستیان یەکی بەهێز لەگەڵ دەوڵەتی ئێران و تورکیا دروست بکەن. بۆیە کوردیان کردە قوربانی.
دوای سەد ساڵ ، هەلومەرجی دونیا زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئێستا تاپۆی خاکی کوردستان لە پاریس و لەندەن نییە، بەڵکو لە واشنتۆنە. بارودۆخی ڕۆژهەڵات و باکور ئاڵۆزە و نامەوێت لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا لەسەر ئەم بابەتە بمێنمەوە. بەڵێ کوردەکانی باشوور و ڕۆژئاوا دەتوانن خاکەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. باشە چۆن؟ لە ڕێگەی دیپلۆماسی لە ئەمریکا و واشنتۆن. نوێنەرایەتی کورد لە واشنتۆن زۆر لاوازە، نزیکە لە نەبوون .
دوو جار چوومەتە ئەمریکا و ساڵی ڕابردوو لە زانکۆی کارۆلینای باکووری گرینسبۆرۆ وانەبێژ بووم. هەروەها لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ماوەی چەند مانگێک زانای سەردانکەر بووم لە زانکۆی جۆرج تاون. لە هەردوو گەشتەکەمدا بۆ ئەمریکا، من نزیکەی حەوت مانگ لە واشنتۆن مامەوە. لەوێدا چەند باڵیۆز و دیپلۆماتکار و ئەکادیمییەکی بەڕێزم ناسی. نزیکەی دوو مانگ ماڵی دیپلۆماتکارێکی خانەنشینکراوم بە کرێ گرت و دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا بە درێژی باسی ئەمریکا و سیاسەتی جیهان بکەین. بە ئەزموونی خۆم لە ئەمریکا، ئەمە فێربووم :
فایلەکانی کوردستان لە واشنتۆنن و بە کاری دیپلۆماسی بەهێز، لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەستیان دەکەوێت. ئەگەر چارەکێکی دانیشتوانی کورد کە لە ئەوروپان ، لە ئەمریکا بوونایە و چارەکێکی ئەو کارانەی لە ئەوروپا ئەنجام دەدرا لە ئەمریکا ئەنجام بدرایە ، ئەگەر ئەو کارانە لێرە بکرایە، کورد لە مێژە دەوڵەتی هەبوو. بەداخەوە هێشتا سیاسییەکانمان فێر نەبوون و لەوە تێنەگەیشتوون کە ئیرادەیەکی ئەوروپی لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا بوونی نییە، ئەوان خۆیان چاویان لە دەستی ئەمریکایە.
ئەگەر بینایەکی باش لە گەڕەکێکی دیار لە واشنتۆن دی سی بکڕدرێت، فەرمانگەیەکی دیپلۆماسی بەهێز لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکان و دیپلۆماتکاران دابمەزرێت، و کاری سیستماتیکی لە ژێر چاودێری ئەم نووسینگەیەدا ئەنجام بدرێت، لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵدا، لە کۆی سەد ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لانیکەم پاڵپشتیی پەنجایان بەدەست دەهێنرێت . لەبەرچاو بگرن ئەگەر زۆرینەیەکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ بناسێنن ، ئەوە مانای ئەوەیە کە کوردستان سەربەخۆیە و کەرکوکیش لەسەریەتی.
لە واشنتۆن جگە لە نووسینگەی دیپلۆماسی، کە دەتوانین ناوی بنێین KURDMAL، نووسینگەیەکی ڕۆشنبیری و چێشتخانەیەک کە خواردنی نیشتمانیی کوردی ئامادە دەکات، پێویستە. بەڵێ دەبێت هەر سێ شوێنەکە دیار و یەکگرتوو (بەستراو) بێت لەگەڵ یەکتر. کورد چۆن دەتوانێت ئەو دامەزراوانە بنیات بنێت؟ بێگومان ئەمریکا وڵاتێکی سەرمایەدارییە، بێ سەرمایە و وەبەرهێنان لێرە هیچ ناکرێ. کورد کوردی ٢٠ – ٣٠ ساڵ لەمەوبەر نییە؛ سوپاس بۆ خوا ئێستا هەم سەرمایەدارمان هەیە و سەرمایەی ڕۆشنبیریی و فیکریشمان لە زیادبووندایە. ئەگەر لێهاتووانە سەرمایەی ماددی و فیکری خۆمان تێکەڵ بکەین، بە ئاسانی ئەم بەختە ڕەشە دەکەینە سپی. لە ئێستادا تەنیا لە باشوور دەیان کورد هەن کە ملیاردێرن؛ ( لە ئەمریکاش ملیاردێری کورد بوونیان هەیە ) سەرمایەدارە کوردەکان لە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و بێگومان سەرکەوتن و سەرفرازییان مایەی شانازی و شەرەفە. زۆرینەی دەوڵەمەندەکانمان هێشتا نازانن کە موڵک و ماڵ و بوون و سامانیان پەیوەستە بە پێگەی وڵاتەکەیانەوە. بۆ نموونە لە هەولێر، دوای مانگێک لە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، کەرکوک بە لەشکرکێشی و گەمارۆدانی دەوڵەتانی دراوسێ لە کورد سەندرایەوە و نرخی موڵک و باڵەخانەکان بە ڕێژەی ٥٠٠٪ بۆ ١٠٠٠٪ دابەزی ، باڵەخانەیەکی هەولێر ئەگەر بەر لە کەوتنی کەرکوک بەهای شەش ملیۆن دۆلار بووبێت ، دابەزی بۆ خوار یەک ملیۆن دۆلار. تێچووی مرۆیی و شکست لە کەرکوک بە لایەک، تەنها نرخ و تێچووی ئاوەداکردنەوەی شاری کەرکوک بە ترلیۆن دۆلار بوو. بەهۆی نەبوونی پێگەیەکی نێودەوڵەتییەوە، موڵک و سەروەت و سامان و هەبوونی کورد لە یەک ڕۆژدا لەناوچوو. سەدان هەزار کورد لە ماڵ و خاکی خۆیان ڕاوەدوونران و وێران بوون. پێش ئەوەی ببنە دەوڵەت، هیچ نەتەوەیەک لە دونیادا هێندەی نەتەوەی جولەکە لە موڵک و سەروەت و سامانی خۆی بێبەش نەبووە. ماڵ و سامان و بوونیان سەدان جار لێیان سەندرا و تاڵان کرا. دوای هۆلۆکۆستی ساڵی ١٨٨١ کە سێ ملیۆن جوولەکە لە ڕووسیا و ڕۆمانیا ئاوارە بوون، جوولەکە دەوڵەمەند و ڕۆشنبیرەکان درکیان بەو ڕاستییە کرد ، کە تا نەبنە دەوڵەت، موڵک و ماڵ و سەرمایەیان پارێزراو نابێت ، شەرەف و کەرامەتیان لە مەترسیدا دەبێت و ژیانیشیان لە مەترسیدا دەبێت. پڕیشکی دەوڵەتی جوولەکە نەک لەلایەن ئەوانەی لە ئەوروپا بوون، بەڵکو لەلایەن جولەکەکانەوە کە لە ڕووسیا کۆچیان کردبوو، ئاگری تێبەردرا. بە هاوکاری و دیپلۆماسیەتی جوولەکەکانی ئەمریکا، میللەتی جوولەکە دوای دوو هەزار ساڵ تاجی دەوڵەتبوونی لەسەر سەری دانا. بێگومان لە مێژووی جوولەکەدا وانەیەکی باش بۆ کورد هەیە. سەد ساڵ لەمەوبەر هەرچەندە بەشێک لە سەرکردەکانی کورد داوای دەوڵەتبوونیان دەکرد، بەڵام پێکهاتەی کورد بۆ ئەمە ئامادە نەبوو. ئێستا دوای سەد ساڵ میللەتی کورد وریا و ئامادەیە، بەڵام ئێستا هێشتا پێویستی بە ڕێکخراوێک و سەرکردەیەک و سەرکردایەتییەکی بەهێز هەیە کە بەرەو ئامانجەکەی بیبات. بێگومان هەلومەرج و بارودۆخی هەر ناوچەیەک جیاوازە و ئومێدێکی ئەوتۆم بە کوردی باکوور نییە کە ئیرادەی خۆیان بە زیندانییەک یان دیلێک سپاردووە. بەڵام کوردەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت کوردەکانی باشوور دەتوانن بەڵگەنامەکانی وڵاتەکەیان لە واشنتۆن وەربگرن.
ئەمڕۆ سەرمایەی فیکریمان و سەرمایەی ماددیمان بەسە بۆ ئەمە. دەوڵەمەندەکانمان باش ئەمە بزانن: سامانی بێ ئامانج بێهودەیە و ناپارێزرێت و تا دەوڵەتی کوردی نەبێت، سامان و ماڵ و بوونیان مسۆگەر نییە. ئەگەر باوەڕم پێ ناکەن، تۆزێک سەیری مێژووی جولەکەکان بکەن. هیوادارم سەرکردایەتی باشوور دیپلۆماسیی کوردیی لە واشنتۆن پەرەپێبدات و بەهێزتری بکات، بەبێ دواکەوتن، بەخێرایی ئەم دامەزراوانە دابمەزرێنن کە من باسی دەکەم، و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڵگەنامەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە واشنتۆنەوە دەستبکەوێت. لەبیرتان بێت ئەمریکا دەوڵەتی دەوڵەتەکانە و دەشێت سێبەر و پەناگەی دەوڵەتی کوردیش بێت.















Post Comment