تورکیا دژی مەسعود بارزانی!

تورکیا دژی مەسعود بارزانی!

جار بینراوە: (1.3K)

ڕەشەکانی وەزیری دەروەی تورکیا لە باشووری کوردستان، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا دژی پەکەکە و یەپەگەیە، بەڵام لە هەناودا هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.

هۆکاری هەڕەشەکانی فیدان لە هەرێم و ئاماژەدان بە ئامادەیی تورکیا بۆ هاوکاری لەگەڵ حەشدی شەعبی و ئەگەری تێوەگلانی ئێران دژی هەرێم، ناڕاستەوخۆ دژی مەسعود بارزانی و دەسەڵاتی پارتییە.

ئەگەرچی پارتی هەواڵگری بەردەوامی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا هەیە، ئەگەرچی تورکیا لیستی ناوی ڕۆژنامەنووسان و پزیشکان و جەنگاوەران کەسانی تری خۆبەشی دەستکەوتووە، کە لە باشوورەوە بۆ یارمەتی کوردانی ڕۆژئاوا سنووریان بڕیوە، هێشتا تورکیا لە هەڵوێست و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مەسعود بارزانی، بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، نیگەرانە.

لە بەرامبەردا بانگکردنی باڵیۆزی تورکیا و لە بەغدا، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە فوئاد حسێن بەڕێوەی دەبات، ئاماژەی ڕوونی ناڕەزایەتی پارتییە، دژی لێدوانەکەی هاکان فیدان.

ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاستییەکی تاڵی بۆ پارتی ئاشکرا کرد! پارتی چیتر ناتوانێت متمانە بە تورکیا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو بکات.

پلانیگێڕی تورکیا و قەتەر و سعودیە دژی کورد لە سوریا (٢٠٢٦)، بە جیاوازی ئەنجامەکانی، هیچی لە ڕێکەوتنی جەزائر(١٩٧٥) ی نێوان ئێران و عێراق دژی کورد لە عێراق کەمتر نییە.

دەزانم نە بارزانی نە هیچ سیاسییەکی تری کورد، گوێ لە نووسەر و ئەکادیمی و توێژەر و ئامۆژگاری ڕاوێژکارانە ناگرن، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت بیری بارزانی بێنمەوە، گەر هەرێمی کوردستان لە دەست بچێت، چۆن مەلا مستەفای بارزان لە ئاوەرییدا سەری نایەوە، تۆش هەمان چارەنووست دەبێت.

بە بارزانی دەڵێم: پێویستە هەوڵەکانت بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و چالاککردنەوە پەرلەمانێکی زیندوو یەکخستنەوەی هیزەکانی پێشمەرگە بخەیتە گەڕ، هەمووان دەزانن تۆ دەتوانیت ئەو کارە بکەیت، ئەدی بۆچی نایکەیت؟

بابەتى تر

👤
Live: 171 Today: 447 📊 Click Here