بڕیارێکی نوێ لە سوودی جوتیاران دەردەچێت

بڕیارێکی نوێ لە سوودی جوتیاران دەردەچێت

جار بینراوە: (14)

-

حکومەتی فیدراڵی زنجیرەیەک رێکاری نوێی لە بەرژەوەندی بەرهەمی ناوخۆیی و جوتیاران گرتەبەر، بە جۆرێک چیتر رێگری لە گواستنەوەی بەرهەمەکانی ناوخۆ ناکرێت و هاوردەکردنی تەماتەش لە دەرەوە رادەگیرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بەرایگەیاند، “لە رۆژانی رابردوودا لە بازگەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی رێگری لە تەماتەی ناوخۆ دەکرا، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵی ئەو رێگرییانەی لابردووە و رێگری لە بەرهەمی ناوخۆیی ناکات”.

ئاماژەی بەوەش کرد، خاڵی دووەم و گرنگی بڕیارەکان ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە دابخات، بڕیارەکەش لەئەمڕۆوە دەرچووە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە کاریگەریی ئەم بڕیارە لەسەر بازاڕ و نرخی تەماتە، عەتا محەمەد وتی، “ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی جوتیارانی خۆمان بێ هیوا نەبن، چونکە لە ئێستادا بەرهەمەکانیان پارەیەکی ئەوتۆ ناکات و نرخەکەی زۆر دابەزیوە، بەم بڕیارە نرخەکەی تۆزێک بەرز دەبێتەوە و جوتیاران سوودمەند دەبن”.

ئەو نوێنەرەی کاسبکاران دڵنیایی دا کە نرخەکان زۆر بەرز نابنەوە و وتی، “لەو باوەڕەدا نیم تەماتە زۆر گران بێت، چونکە لە ئێستادا تەماتەیەکی زۆری ناوخۆییمان لە بازاڕدا هەیە، بەرهەمی ناوچەکانی هەولێر، تەقتەق، خانەقین و کەلار گەیشتوونەتە بازاڕ، هەروەها بەرهەمی پێنجوێن و سیدەکانیش لە داهاتوودا دەگەن، بۆیە تەماتەیەکی زۆر لەبەردەست دەبێت”.

👤
Live: 98 Today: 1,303 📊 Click Here