ئێران لە نێوان ئەگەری شەڕ و ئاشتیدا

ئێران لە نێوان ئەگەری شەڕ و ئاشتیدا

جار بینراوە: (27)

چەند ڕۆژ پێش ئێستا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوو بە ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد: «ئێوە دوو جار ڕێگای شەڕ دەگرنە بەر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون». هەروەها مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، وتی: «پێویستە کۆتایی بە دۆخی شەڕ و ئاشتی بهێنین».

ناتوانین دەرنجامی شەڕی ئێران و ئەمریکا بێ لە بەرچاو کردنی دۆخی ئابووریی ئێران شرۆڤە بکەیین. ڕۆژانە خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و سەبارەت بە دۆخی گۆزەرانی خۆیان گلەیی و شکایەت دەکەن. لە ئێستادا دۆخی ئابووریی ئێران گەیشتووتە ئاستێک کە دەوڵەت فرۆشتنی گۆشتی گوێدرێژ و ئەسپی بە یاسایی کردووەتەوە. لە کاتێکدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی خزمەتگوزاری لە ئێران مووچەکەیان بە ریال وەردەگرن، بەڵام نرخەکانی شتومەک لە بازاڕدا بە پێی دۆلار دەستنیشان دەکرێن. ئەمەیش گووشارەکان لە سەر کۆمەڵگە زۆرتر دەکات. لە بازاڕی تاراندا یەک دۆلاری ئەمریکی بە ٢٧١،٠٠٠ تمەن ئاڵۆگۆڕ دەکرێت، کە بە پێی ساڵی پار کە ١٠٦،٩٧٨ تمەن بوو، نزیکەی ١٥٣٪ زیادی کردووە. هەر ورها بە پێی ئاژانسەکانی ناوخۆی ئێران، نرخی گۆشتی سوور نزیکەی ١.٦٨ ملیۆن تمەن تاوەکوو ٢.٨٥ ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت، کە بەراورد بە ساڵی پار، نرخی گۆشتی بەرخ ١١٠٪ و گۆشتی مانگا ٨٩٪ زیادی کردووە.

ئەمە تەنیا بەشێکی بچووکە لەو پێداویستییە ڕۆژانەیەی خەڵک کە بەر لە شەڕ و دوای شەڕ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

لە کاتێکدا سەرۆککۆماری ئێران باس لە کۆتاییهێنانی دۆخی شەڕ و ئاشتی دەکات، غولامحەسەن مۆحسینی ئێژەیی، بەرپرسی دادگاکانی ئێران، چەند ڕۆژ پێش ئێستا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە گۆڕینی بەڕێوەبەری رژێم ڕازی نابن و دەیانەوێت ئێمە وەکوو سیستەم نەمێنین؛ لەبەر ئەوە دەبێ بۆ دۆخی شەڕ خۆمان ئامادە بکەین.

وەک دەزانین، لەم ڕۆژانەی دواییشدا ڕژێم دەستی بە مانۆڕێکی بەرفراوانی سەربازی کردووە، هەم لە ناو شارە گەورەکاندا وەکوو تاران و ئەسفەهان، و هەمیش لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای ئێران، بەتایبەت پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجان. هەرچەندە لە دیداری میری بافڵ تاڵەبانی ئەگەری دانوسانی هێزە کوردییەکان لەگەڵ ڕژێمی ئێران ورووژاند، بەڵام ڕژێم سەرلەنوێ پێداگریی کردەوە لەسەر دووپاتکردنەوەی سزای سێدارەی گیراوی سیاسیی ژن، «وێریشە مۆرادی»، و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر شاهۆ و مەریوان.

هاوکات وەڵامدانەوەی دەستبەجێ پەژاک لە کۆسالان دژ بە سوپای پاسداران و گرتنی بنکەیەکی ئێران بۆ ماوەی دوو ساعەت و لەناوبردنی چەندین چەکی قورس و زرێپۆش لەلایەن پەژاکەوە نیشانی دا کە پەژاک بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیی هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دۆخەکەی زۆرتر ئاڵۆز کردووە و ئەگەری روودانی شەڕێکی دیکە دژی ئێران لە ئانوساتدایە. ئیسرائیل باسی ئەوە دەکات کە ٩٩.٩٪ی سیخوڕەکانی لە ناو ئێراندا چالاکەن و دەتوانن گورزێکی جەرگبڕ لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بدەن.

مەزەندە دەکرێت لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕدا، بەشێکی دیکە لە سەرکردایەتیی ئێران بەئامانج بگیردرێن؛ لەم لیستەدا کەسانی وەکوو مۆحسین ڕەزایی، غولامحەسەن مۆحسینی ئێژەیی، و تەنانەت پزشکیان لەخۆ بگرێت.

هەرچەندە ترامپ پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە چیدی سەرکردایەتیی ئێران بەئامانج ناگرین و ئامانجی داهاتوو چیاکانی کووهرەنگ و ناوەندی ئەتۆمیی ئێران دەبێت،هەموু ئەگەرەکان لەسەر مێزدەبن . دیارە ئەم قسانەی ترامپ هاوکات هەڕەشەیە و هەمیش بەشێکە لەو شەڕە دەروونییەی کە دەیکەن. بەم جۆرە بە ئابڵووقە دانی ئێران لە بوار ئابوورییەوە تەنانەت لە سنوورەکانی عێراقەوە هەوڵ ئەدەن نارەزایەتیی گەل لە ناوخۆدا زۆرتر بکەن و ڕژێم ملکەچی داخوازییەکانی خۆیان بکەن.

لەم دواییانەدا هەڵمەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین و ڕووسیا لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە بەڕێوە دەچێت و ڕووسیاش بە کردنەوەی دەرگاکانی بە ڕووی ئەمریکا و ناردنی چەندین کەشتیی گازوئیل بۆ ئەمریکا، هاوکارییەکی باشی لە دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا بۆ دەوڵەتەکەی ترامپ کردووە.

لە خوێندنەوەیێکی سیاسیدا دەتوانین ئەمە وەکوو پێخستنی گڵۆپی سەوزو بۆ ئاوەڵاکردنی دەستی ئەمریکا دژی رژیمی ئێران.

گرنگە لایەنی کوردی (ڕۆژهەڵات) بۆ هەر ئەگەرێک خۆی ئامادە بکات؛ هەرچەندە هاوپەیمانیی هێزە کوردییەکانی ئێران د ساڵێک بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا لە باری کردارییەوە وەک پێویست نەبووەتە ناوەندێک بۆ دەستنیشانکردنی ستراتیژیی هاوبەشی کورد لە ڕۆژهەڵات. تەنانەت لە بواری دەرکردنی لێدوان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە یەکدەست نییە، و چەند ڕۆژ پێش ئێستا کە سوپای پاسداران شاهۆی تۆپباران دەکرد، هیچ لێدوانێکیان نەدا، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدانەی هەموو ئەو هێرشانە کراوە کە دژی کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور کراون.

لەم بوارەدا دەبێت چاوەڕوان بین کە ئایا کورد لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ یان دانوستاندا دەتوانێت ستاتۆی خۆی بپارێزێت و خۆی بۆ ئەو دۆخە نوێیە ئامادە دەکات کە بتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر لە کایەی سیاسیی ئێرانی ئێستا و ئێرانی داهاتوودا؟!


👤
Live: 66 Today: 1,858 📊 Click Here