یەکەم بەنداوی هەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا سەرڕێژ بوو

یەکەم بەنداوی هەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا سەرڕێژ بوو

جار بینراوە: (9)

-

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا، بەنداوی باوەشاسوار لە سنووری قەزای کفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، وەک یەکەمین بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی سەرڕێژ بوو.

بەنداوی باوەشاسوار کە توانای گلدانەوەی 6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا پێش زۆربەی بەنداوەکانی دیکە پڕ دەبێت و بە شێوەیەکی پشت بە باراناو و کانییەکانی سنوورەکە دەبەستێت، بەتایبەت لە گوندەکانی بەکرە شەل و ئۆمەربل.

ئەمڕۆ هەینی ستار عەلی، وتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند، هەرچەندە لە سنووری کفریدا تەنها 6 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام هۆکاری ی سەرڕێژبوونی بەنداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەوی رابردوو لە سنووری سەنگاو و گوندەکانی دەوروبەری بارانێکی زۆر باریوە و ئاوەکە گەیشتووەتە بەنداوەکە.

وتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان هۆکارێکی دیکەی زوو پڕبوونی بەنداوەکەی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ دەرچەی ژێرەوەی بەنداوەکە بە داخراوی هێڵراوەتەوە و نەکراوەتەوە، بەو پێیەش بەنداوەکە لە پێشترەوە ئاوێکی باشی تێدا مابووەوە و ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی بە زوویی سەرڕێژ بکات.

بەنداوی باوەشاسوار بایەخێکی زۆری بۆ سنوورەکە هەیە؛ جیا لەوەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزای کفری و ناحیەکانی قەرەتەپە و جەبارەیە، لە هەمان کاتدا 13 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆیەوە کراونەتە بەراو و جووتیارانی ناوچەکە سوودی لێ دەبینن.

جێی باسە، لە وەرزی بارانی پێشوودا، جگە لە بەنداوە بچووکەکان و گۆمە دەستکردەکان، دوو بەنداوی گەورەی هەرێم سەرڕێژ بوون، کە بریتی بوون لە بەنداوی دەربەندیخان بە گلدانەوەی 3 ملیار مەتر سێجا و بەنداوی دهۆک بە زیاتر لە 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، هاوکات بەنداوی دووکانیش نزیک بووبووەوە لە پڕبوون.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 25 بەنداو و 178 پۆند (گۆمی دەستکرد) بوونیان هەیە کە ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە، هاوکات پلانی دروستکردنی 11 بەنداو و 58 گۆمی دەستکردی دیکەش چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


👤
Live: 89 Today: 1,426 📊 Click Here