گریمان ئەمریکا دوژمنی کوردە!

گریمان ئەمریکا دوژمنی کوردە!

جار بینراوە: (3)

هەرچەند من بۆ خۆم تا لە ژیان مابم سوپاسی جۆرج بۆشی باوک و ئەمریکا ئەکەم کە سەدامی تەفروتونا کرد لە ساڵی ١٩٩١، چونکە تەنیا ئەوانە لەبەهای ئەم تەفروتونا کردنەی بەعس ئەزانن، کە ئازاری بەعس-یان چێشت یان سەدام خۆشەویستێکی لێبردوون! هەرگیز ئەوانە لە بەهاکەی نازانن کە لەو سەردەمەدا جاش بوون.

بەڵام گریمان ئەمریکا دوژمنی کوردە و لەم قۆناغە ئاخوندەکانی ئیران-یان پێ باشترە، چونکە رۆژانە لێدوان و وتەی سەیر و سەمەرە دەبینم.

ئەمجارەش ئەلێم گریمان ئەمریکا دۆست نییە و دوژمنە، کە دڵنیابن ئەمریکا لەم ناوچەیە نەبێت عەرەبی سوونە و شیعە کارێک بە کورد ئەکات، ئەبێت ئاوات بە بەعس بخوازن.

سەدام بەو دڕندەییەی خۆی لە دوای کۆڕەوی ١٩٩١ کە ژیان بەبەریدا هاتووە داوای گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردایەتی کورد کرد، لەکاتێکدا بەعس ئەیزانی ١٠٠٪ ئەمریکا وازی لێهێناوەو لەسەر حوکم ئەیهێڵێتەوە، بەڵام ئیران ئێستا دەست و قاچی شکێنراوە، کەچی نەک حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆی بوردومان ئەکات لە هەرێمی کوردستان کە هیچ یەکێک لە حزبە کوردییەکانی خۆرهەڵات یەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا نییە! بەڵکو درۆن ئەنێرێت بۆ کێلگە نەوتییەکانی کوردستان کە بەندن بە شادەماری کوردستانەوە.

دیسان ئەڵێم گریمان ئەمریکا دوژمنی کوردە، با ئیران دۆستایەتی خۆیمان بۆ دەرخات لەبەرانبەر کوردانی خۆرهەڵات.

ئەگەر بە قەولی هەندێک شرۆڤەکار، ئیران دۆستێکی باشە، با مورتەزەقەکانی لە باشووری عیراق ئاگادارکاتەوە واز لە هەرێم بهێنن، هەرهیچ نەبێت با لەم ساتە وەختەدا بۆ مانەوەی خۆی، مافی خودموختاری بە گەلی کورد لە خۆرهەڵات بدات، کورد وتەنی؛ «ئەو بەڕەیە لەژێر پێی ئەمریکا دەربهێنێت»، هەر هیچ نەبێت پێش لەناوچوونی، ئاخوندەکان مێژوویەکی باش بۆ خۆیان تۆمار بکەن.

👤
Live: 66 Today: 2,144 📊 Click Here