×

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا دووبارە سەریان هەڵدایەوە

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تایلاند و کەمبۆدیا دووبارە سەریان هەڵدایەوە

جار بینراوە: (7.5K)

پێنجشەممە، 24ـی تەمموزی 2025، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 16ی سەر بە هێزی ئاسمانیی تایلاند، پێگەیەکی سەربازیی کەمبۆدیای بۆمباران کرد. لە بەرامبەردا کەمبۆدیا، لەپێناو پەرەنەسەندنی گرژییەکان، داواکارە “تایلاند کۆتایی بەو کردە سەربازییانە بهێنێت.”

وەزارەتی بەرگریی کەمبۆدیا، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند “فڕۆکەیەکی ئێف 16ـی تایلاندی پێگەیەکی سەربازی وڵاتەکەمانی بۆمباران کردووە، ئێمە دەستدرێژیی سەربازیی نەگونجاو و قبوڵنەکراوی تایلاند، بۆ سەر سەروەری و یەکێتیی خاکی وڵاتەکەمان، بە توندی سەرکۆنە دەکەین.”

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دووبارە سەریان هەڵدایەوە پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، تایلاند باڵیۆزی خۆی لە کەمبۆدیا کشاندەوە و ڕایگەیاند کە نوێنەری کەمبۆدیا لە وڵاتەکەی دەردەکات. تایلاند، بە شێوەیەکی فەرمی کەمبۆدیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ناوچە جێناکۆکانی سەر سنووردا مینی چاندووە؛ هەفتەی ڕابردوو ئەو مینانە بە دوو سەربازی تایلاندیدا تەقیونەتەوە و لە ئەنجامدا بە سەختیی بریندار بوونە.

وەزارەتی دەرەوەی تایلاند لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، هێزەکانی کەمبۆدیا بە تۆپی قورس، سەربازگەیەکی تایلاندی و نەخۆشخانەیەکیان تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا چەند کەسێکی مەدەنی کوژراون و بریندار بوونە.”

وەزارەتی دەرەوەی تایلاند، لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت: حکومەتی تایلاند ئامادەیە لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشی چەکدارانەی کەمبۆدیا و دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەمان، بە توندی بەرگریی لە سەروەریی وڵاتەکەمان بکات.

دوای ئەم راگەیەندراوەی تایلاند، وەزارەتی دەرەوەی کەمبۆدیا ڕایگەیاند، “هێرشە ئاسمانییەکەی تایلاند بەبێ هیچ هۆیەک بووە و داوا دەکەین تایلاند کۆتایی بەو کردە سەربازییانە بهێنێت، چونکە هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی و گرفتی زیاتر لە نێوانماندا.”

بابەتى تر

👤
Live: 71 Today: 1,259 📊 Click Here