چیتان بەسەر ئەم میلەتە هێنا

چیتان بەسەر ئەم میلەتە هێنا

جار بینراوە: (4.9K)

هۆگر عەلى

بەڕاستی جێگەی پرسیارە لەپاش ٣٤ساڵ دەوڵەت داری و حکومڕانی چەوتی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان و یاخود بڵێین مافیاکانی زۆنی سەوز و زەرد، هێشتا کەسانێکی خۆش باوەڕ مابن و پێیان وابێت کە ئەم دەسەڵاتەی کە سەرکردە و ڕێبەرەکانی تەنها خەریکی کوشت و بڕ و قاچاغچێتی و برسیکردنی هاوڵاتیان و نانەوەی شەڕی براکوژی و وە لە لایەکی تریشەوە سەرقاڵی دەوڵەماندکردنی خێزان و نەوەکانی داهاتوی خۆیانن وە هیچ هەلێکی ژیانێکی ئاسودەیان بۆ گەنج و لاوی ئەم هەرێمە نە هێشتۆتەوە ،بەڵام ببینین کەسانێک بیروڕایان وابێت کە ئەم مشەخۆرانە فریادڕەسی دۆزی نەتەوەی کوردن، کە لەکاتێکدا هەموو هەوڵێکی ئەم دەسەڵاتە تەنها لە ناوبردنی هیوا و ئاواتەکانی گەلی کوردی بەش مەینەت بووە.
بە نمونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ٦٠ ساڵێک پێش ئێستا دەبینین سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە چۆن کۆتاییان بەخەونێکی مەزنی گەلی کود هێنا لەپاش هەڵگیرسانی شۆڕشێکی گەورە کە هۆکار بوو بۆ شەهیدبوون و برداربوون و زیندانی کردنی کۆماڵێکی زۆر لە هاونیشتیمانانی ئەو سەردەمە، وە پاشان تەسلیم بوون ئاشبەتاڵ کردن لەلایەن سەرکردەکان.
یان لە پاش ڕوودانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەنجامدەری بوون، بینیمان کە چۆن سەرکردەکانی پارتی گەڕانەوە لە ئێران وە سەرکردەکانی یەکێتیش گەڕانەوە لە ئەوروپا و ئامانجیان ئەوەبوو کە بڵێن ئێمە ڕێکخەری ئەو ڕاپەڕینە بووین،وە بۆ هەموومان ڕوونە کە تەنها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەنجامدەری بوون،نەک ئەم دەسەڵاتەی ئێستەی کوردستان، وە پاش ڕاپەڕین بۆمان دەرکەوت کە ئەمانە ئیشیان تەنها بەتاڵان بردنی موڵکی گشتی و نانەوەی شەڕی برا کوژیە لەپێناو دەسەڵاتدا، دواتر لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسی خوێنڕژ و دروستبونی حکومەتێکی دیمۆکراسی دووبارە بەلیستێکی هاوبەش دەستیانکرد بە بانگەشەی درۆ بۆ بەدەست هێنانی ئامانجە گڵاوەکانی خۆیان و توانیان دەنگێکی بەرچاو بەدەست بهێنن لە هەڵبژاردنەکاندا و ببنە بڕیاردەر لە حکومەتی فیدراڵی عێراق،
بەڵام نەک نەیان توانی هیچ ئامانجێکی باش بۆ دۆزی کورد بەدەست بهێنن بەڵکو بونە هۆکارێک بۆ دروستکردنی مادەی ١٤٠ و دابڕاندنی خاکێکی زۆری کوردستان و ناویان لێنا (ناوچە دابڕاوەکان یان ناوچە کێشە لەسەرەکان)،کە ئێستایشی لەسەر بێت نەیانتوانیوە ئەم ناوچانە بگەڕێننەوە سەر خاکی کوردستان و بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشە و دەربەدەری زیاتر دروست دەبێت بۆ هاوڵاتیانی ئەم ناوچانە.
وە لە بەرامبەر ئەمەدا لە بری فەراهەنگ کردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هەستان بە تاڵانکردنی ژێرخانی و دەرهێنانی (نەوت و کانزاکان)ی هەرێمی کوردستان ،و تەسلیم کردنیان بە وڵاتانی دراوسێ بەنمونە تورکیا و ئێران لە ڕێگەی بۆری و لۆری ، هیچ کەسێکیش نازانێت داهاتی ئەم نەوت و کانزایانە بۆ کوێ دەڕوات و چی بەسەر دێت.
بەداخەوە لە سایەی ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە ڕۆژ بەڕۆژ بار و گوزەرانی هاوڵاتیان بەرەو خراپترین ئاست دەڕوات و ژیانی تاک زیاتر سەخت دەبێت، وە لەم ساڵانەی دواییدا کار گەشتە ئەوەی دەست ببرێت بۆ قووت و موچەی فەرمانبەران و ساڵانە چەندین مانگ مووچەی فرمانبەران دەدزن و نایدەن، کە ئەمکارە لەگەڵ هیچ یەکێک لە یاساکانی مافی مرۆڤدا یەک ناگرێتەوە.
بۆیە داواکارم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چیتر باوەڕ بەم دەسەڵاتە مافیا و لەیاسا دەرچوەی هەرێمی کوردستان نەکەن و نەبنە هۆکارێک بۆ مانەوە و بەهێز بوونی ئەم دەسەڵاتە خۆفرۆشە کە ناتوانن هیچ هەنگاوێکی چارەنوس ساز بنێن بۆ پێشکەوتن و بەهێزبوونی کوردستان، بەڵکو هەموو هەڵێکیان تەنها لەناوبردنی دەنگی ئازاد و ئەشکەنجەدانی رۆژنامە نوسان و پڕکردی گیرفانیانە .

بابەتى تر

👤
Live: 46 Today: 2,505 📊 Click Here