پێکەوەیی نەوەی نوێی نەتەوەیەک

پێکەوەیی نەوەی نوێی نەتەوەیەک

جار بینراوە: (1.2K)

ئیدی نەتەوەی کورد ئاوایەو بەو جۆرەیە، ویست و ئامانجەکانی پڕە لە ئاشتی و ئازایەتیی و نەبەردیی و پاراستنی کەرامەت و خۆڕاگریی و بەرخودان

گەورەیی تاکەکانی کورد لە شانازیی کەسایەتییاندایە.

سام و هەیبەتی ئەوان بەکرداریی لەم سەردەمەی ئێستادا و بەهۆی خرۆشانی هەستی نەتەوایەتی تاکی کورد لە هەموو سووچ و قوژبنێکی دونیاو هەر چوار پارچەی کوردستان، کورد مێژوویەکی دیکەی پڕ لە شانازیی نووسییەوە کە بەخوێنی گەرمی چەندان گەنج و لاو و نەوجوان و منداڵ و نەوەی تازە نووسرایەوە، ئەو هەستە سرووشتییە هێندە بە تین هاتە بوون، کە لە مێژووی ڕابردووی چەندان ساڵە شتی وا نەبووەو ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا.

خەباتێک کە تەواوی هەستە نەتەوەییە شاراوەکانی واڵاکردو، لە یەخە و سنگی لاوانەوە، بۆنی ئازادی و سەربەستیی و سەردانەنەواندنی کوردایەتیی بە هەموو دونیادا بڵاوکردەوە.

ڕووانینمان جۆرێک لە نەنگیی بوو بەرامبەر بە نەوەی ئێستا، کەچی ئەوان ترووسکایی و هیوای داهاتوویەکی ڕوونیان بۆ پێناسە کردین، مەقسەدی چەندین ساڵەی کوردیان بۆ ڕوونکردینەوە، ئازارو برینی دابڕان و لێکترازانیان بۆ ساڕێژکردین.

ئەوە نەوەی ئێستا بوون کە خەباتی قازی و شێخ و مامیان بۆ زیندوو کردینەوەو وەبیریان هێناینەوە کە ئێستاش نەچووە بچێ بۆ ڕاپەڕین و پەنجە ڕاوەشاندن بەرامبەر بە داگیرکار و زەبرو زەنگی ڕاماڵیین.

پێناسەی هەریەک لە (خاک و نەتەوەو ئینتیماو ئاڵاو کەرامەت و کەزی و نیشتیمان) و خاوەندارییەتی هەریەکێکیان لە نەوەی ئێستاوە فێردەبین، هەورازو نشێوی سەخت و ڕۆژگاری پڕ لە حەسرەت و تاڵی ڕابردوویان بۆ شیرین کردین، ویژدان و غیرەت و شکۆو هەیبەتیان هێندەی سەفین و پیرەمەگروون باڵاییان هەبوو.

ڕابردوومان جوان و پڕ لە نەبەردیی و پاکی و، ئێستامان پڕ لە بەرخودان و هۆشیاریی و پارێزگاریی لە خەبات و دەستکەوتەکان و، داهاتوومان بە هەنگاوی ئێستای پڕ لە ورەو جوانیی ڕووناکتر دەچنین.

ئا لەسایەی هیمەتی چەتری ئەم نەوەیەوە بەرەو کوردستانێکی بێ تۆفان دەڕۆین و ملی ڕێیەکی پڕ لە ئاسۆ دەگرین، تا بۆ ئەبەد ڕووناکیی باڵمان بەسەردا دەگرێت.

👤
Live: 100 Today: 1,724 📊 Click Here