×

پاشەكشەی گەریلا پاشەكشەیەكی تری پڕۆسەی ئاشتی

پاشەكشەی گەریلا پاشەكشەیەكی تری پڕۆسەی ئاشتی

جار بینراوە: (504)

(26)ی ئۆكتۆبەری (2025)، پاش یەك ساڵ لە تەوقە پڕگوماناویەكەی باخچەلی لە پەرلەمانی توركیا، پەكەكە، بەقسەی سەبری ئۆوك، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (كەچەكە)، لەبەردەم (25) گەریلادا وتی: تەواوی هێزەكانی (هەپەگە)یان لە باكور كشاندوەتەوە.

پەكەكە، ئامانج لەمكارەی هەنگاوێكی تری پڕۆسەی ئاشتییە، بەڵام ئەمە پاشەكشەیەكی تری پڕۆسەی ئاشتییە، لەژێر فشاری ئۆجەلاندا ئەنجامدراوە و بێ منەتی ئەنكەرەشی پێوە دیارە، هۆكارەكەشی دوو خاڵە:

یەكەم؛ ترس لە ئەگەری تێكهەڵچوون و شەڕ و پێكدادان لە نێوان گەریلا و سوپای توركیا لە هەرێمەكانی (سەرحەد، شێرناخ، باتمان و جوڵەمێرگ…) وەكو ڕووداوی كوشتنی (33) سەرباز و (5) هاوڵاتی سڤیل لە ساڵی (1993) هاوكات لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن شەمدین ساکیک ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (پەكەكە)، (چ توركیا، چ پەكەكە، ترسیان لە كارەكتەری ناو هێزەكانیان و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە).

دووەم؛ ترسی ئۆجەلان و توركیا لە ناردنی هێزی گەریلای زۆرتر بۆ ناو باكور لەلایەن ئەو باڵەی پەكەكە، كە خۆشحاڵ نین بە چەك دانان و پاشەكشە و كۆتایی خەباتی چەكداری (بەتایبەتی دوای بێ ئومێدبوون لە پرسی ئاشتی و هەنگاوە نێگەتیڤەكانی توركیا و وەرگرتنەوەی سیگناڵی بێزاری گەریلا و خەڵكی لە بێ نیەتی توركیا و كاتكوشتی بە ئەنقەست و خۆ دەربازكردن لە كاریگەرییەكانی ڕووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر).

پاشەكشەی یەكجاری گەریلا لە باكور، داوای ئەنكەرە بوو لە ئۆجەلان و جێبەجێشكرا، وەكو پرسی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان.

بەڵام گەر سەرنجی پانۆرامای ڕووداوەكانی یەك ساڵی ڕابردوو بدەین، تێدەگەین، ئۆجەلان جار لە دوای جار هەنگاوی زۆرتر و توركیاش پاشەكشەی زۆرتر و بەڵێنی بێ كردارتر دەنێت.

– (22/10/2024) دەوڵەت باخچەلی پرسەكەی خستە ڕۆژەڤەوە.

– (27/2/2025) ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگای دیموكراتی ڕاگەیاند.

– (1/3/2025) پەكەكە ئاگربەستی ڕاگەیاند.

– (5/7/2025) پەكەكە لە كۆنگرەی (12)ی خۆیدا، خۆی هەڵوەشاندەوە و ناوەكەی خۆی گۆڕی و بڕیاری چەكدانان و كۆتایهاتنی خەباتی چەكداریدا.

– (9/7/2025) یەكەم پەیامی یی ئۆجەلان لەپاش بیستوپێنج ساڵ زیندانی بڵاوكرایەوە، كە بانگەوازی ئاشتی كرد.

– (11/7/2025) پڕۆسەی چەكدانان و سوتاندن چەكەكانیان بە بەشداری (30) گەریلا لە ئەشكەوتی جاسەنە-سلێمانی بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە).

– (26/10/2025) ڕاگەیاندنی پاشەكشەی تەواوی هێزەكانی (هەپەگە) لە باكوری كوردستان، لەلایەن سەبری ئۆوك، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی (كەجەكە).

دڵنیایشین لەوەی ئۆجەلان، لە داهاتوودا هەنگاوی تر و فشاری تر دەخاتە سەر قەندیل، لە كۆتایشدا چەندە توركیا ڕازی بكات، هێندە قەندیل نیگەران دەكات، چەندە فشار بكات بۆ پڕۆسەی ئاشتی، ئەنكەرە هیچ نادات و قەندیلیشی لەدەست دەچێت.

ئەنكەرە لە وەڵام بە هەنگاوی ئەمڕۆ و قسەكانی سەبری ئۆوك دا، عومەر چەلیك وتی؛ “ئەو هەنگاوە، نەخشە ڕێگای توركیای بێ تیرۆرە”.

ئەمەیە ستراتیژی توركیا و سەرئەنجام جگە لە كات كوشتن و تاكتیك و بێ ئۆتۆریتەكردنی سیمبوڵەكان و بێ ئومێدبوون لە خەباتی چەکداری و كوشتنی ڕووحی شۆڕشگێڕی، لەكۆتایشدا بە سازكردنی سیناریۆیەكی پێش وەختەی ساختە پرسەكە لەبار دەبات.

شكستی پڕۆسەی ئاشتی دەخاتە ملی پەكەكە و قەندیلیش بەدەردی هەرێمی جافنا و پڵنگەكانی تامیل دەبات.

* ساڵی (2012) كە پڕۆسەی ئاشتی نێوان (فارك و حكومەتی كۆڵۆمبیا) دەستیپێكرد؛ یەكەم دانیشتن لە كوبا بە ناوبژیوانی رائول كاسترۆ سەرۆكی كوبا بوو، ئەمریكا چرای سەوزی بۆ هەڵكردبوون، حكومەتیش هەنگاوی كردەیی نا، گەریلاكانی فارك بەسێ قۆناغ چەكەكانیان تەسلیم كرد بە ئاگاداری بان كی مۆن سەرۆكی (UN)، بەسێ قۆناغ پاشەكشەیان كرد لە خەباتی گەریلایی، سەرۆكی كۆڵۆمبیا هەموو كردە و نیەت باشی نیشاندا، تا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، فارك لە بۆگۆتا بە ئاشكرا خۆی هەڵوەشاندەوە، لێبوردنی گشتی بۆ گەریلاكانی فارك و سەركردایەتیان دەركرا، لەناو سوپا دا پلە و پۆستیان وەرگرت، حیزبێكی مەدەنی نوێیان ڕاگەیاند.

پڕۆسەی ئاشتی، دەبێت ئاوابێت، نەك وەكو توركیا، كە ستراتیژی ئاشتی لە ئەجێندایدا نییە.

بابەتى تر

👤
Live: 127 Today: 2,129 📊 Click Here