هەڵبژاردنەکانی بەغدا و بوکە بەبارانی پارتی و یەکێتی !

هەڵبژاردنەکانی بەغدا و بوکە بەبارانی پارتی و یەکێتی !

جار بینراوە: (1.7K)

لە گەرمەی بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرڵەمانی بەغدا هێزە سیاسیەکانی کوردستان، تایبەت پارتی و یەکێتی، سەرگەرم و لەسایەی دەنگی دەهۆڵێکی ناسراوی حزبیدا خۆیان کردۆتە سەرقافڵەی بوکە بە باران.

بوکە بە بارانێ چییە و کەی دەکرێت؟

(بوکـە بە بارانـێ) نەریتێکی کۆن و ڕەسەنی میللەتی کوردە، مێژوەکەی بۆ سەدەکانی بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، ئەم نەریتە وابوە هەر ساڵێك کە باران نەبارێت یان کاتێ پەڵە بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت. منداڵان و مێرد منداڵانی کـوڕان و کچـانی کورد لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شارەکاندا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە سەرەتای زستان و سەرەتای بەهاردا، بوکە بە بارانێ دەکەن. کە دەچون بۆ بەردەم دەرگای ماڵەکان، خاوەن ماڵەکە هەندێك ئاوی بە بوکەکەدا دەکرد، وە هەندێك نوقڵ یان گوێز یان مێوژی دەبەخشیە منداڵەکان، ئەوانیش بەسەر خۆیان دابەشیان دەکرد، دوای کۆتایی بوکە بەبارانەکە ئەهات.

بوکە بە بارانێ ئاوی بن دەغڵانێ سەعاتی جارانێ

هەیاران و مەیاران یاخوا داکاتە باران بۆ فەقیر و هەژاران

ئێستاش دەبێت ئەمەی بۆ زیادبکرێت: ئینشاڵلا موچەش دەدرێت.

مەبەست لەم بوکە بەبارانەی ئێستا بۆ پەرڵەمانی بەغدا بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایش و ەکانی هاوڵاتیانی هەرێم نیە… بۆچی دەسەڵاتی هەرێم وا گەرم کۆڵان بە کۆڵان و جادە بە جادە سەمای بۆ دەکەن؟

ئەو هێز و تاقـم و کوردانەی لەو باوەرەدان کە ئایندەی کورد لە باشور بە بەغداوە گرێدراوە هەڵەیەکی کوشندە دەکەن، ئەزمونەکانی رابوردو ئەم راستیە دەسەلمێنن.

باسی رابوردوی بەغدا و کورد لە دوای روخاندنی رژێمی پاشایەتی لە ١٩٥٨ تا ٢٠٠٣ ناکەم، لەم ٤٥ ساڵەدا سەرەرای رێکەوتنی ١٩٧٠ کورد و باشوری کوردستان خوێناوی و سەختترین قۆناغەکانی مێژویان لە سایەی بەغدادا بینیوە.

دوای روخاندنی سەدام کە زیاتر لە بیست ساڵە دەسەڵاتی شۆڤینزمی مەزهەبی و نەتەوەیی بەغدا درێغی نەکردوە ژێربەژێر هەوڵی داوە بۆ گەمارۆدان و لاواز کردنی هەرێم. نازنم لە چیەوە دەست پێبکەم ؟

سەدان بریار و کردار و لێدوانە دژەکانی بەغدادیەکان دژ بە کورد لەبەر دەستدان،

ئەوە مالکی دز و جەردە نەبو گوتی عێراق بەشێکە لە عەرەبی، ئەوە عەبادی ساختەچی و درۆزن نەبو رایگەیاند دەبێت قەوارەی هەرێم لە قاڵب بدرێت، ئەوە حەکیمی ناحەکیم نەبو ناسنامەی کورد لە عێراق تەنها وەک هاوڵاتیەکی عێراق دەبینێت، ئەوە عامری چەتە و مرۆڤکوژ نەبو گوتی ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان سەرینی ئارامی بەغدان. هاوکاتیش بریارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێم، رۆڵی دوژمنانەی حەشدی شیعە لە ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان، درۆنکردنی چەندین ژێرخانی هەرێـم، رۆڵی زۆر نەرێنی بەغدا لە قەیرانەکانی بودجە و موچە، پێشێلکردنی مافە دەستوریەکانی هەرێم لە چەند بوارێکی هەستیاردا …. تاد.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر باش دەزانن سەردەمی سازان لە بەغدا بەسەرچوە، کەچی بەشێک لێێان بەکروزانەوە هەوڵی پچرانی پشکی خۆیان لە دەسەڵات دەدەن، تورەکەیەک پارەی خوردە لێرە، پۆستێکی پوچەڵ لەوێ ..تاد

ئێستا ژمارەی نوێنەرانی هێزە کوردەکان لە پەرڵەمانی بەغدا نزیکەی ١٦٪ ی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەکەیە، جگە لە چەند پۆستێکی رەمزی بۆ کورد لە بازاری عەکاز و ئەنجومەنی فەرمانرەوایی ساختەچیەکانی بەغدا هیچ شتێکی تر بۆ کورد بەرەوا نازانن. هەر کوردێک لە زاکیرەیدا لێدوانەکانی مالکی، عەبادی، عامری، حەکیم، سەدر و کرادری بەچە سەدامەکانی دژ بە کورد رەش کردبێت دەکەوێتە ژێر گومانێکی مێژویی رەواوە.

لە کاتێکدا دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی رەهایە و دەسەڵاتدارانی بەغدا مادەیەکی هەستیاری دەستوریان پشتگوێ خستوە، ئەویش دروستنەکردنی ئەنجومەنی فیدراڵیە، ناشێت لە بیری بکەین کە سەرۆکێک بۆ کۆمار کوردێکە وەک بتێکی مۆم لە مەتحەفەکانی مەدام تسۆ سوچێکی پێ داروە ،نزیکەی نیو سەدەیە لە دەرەوەی وڵات دەیناسم و مێژوشی بەوردی دەزانم ، مەخابن بەردەوام سەرقاڵی داهات و موڵکەکانی خۆی و خانەوادەکەیەتی.

هەر هێز و کوردێک باوەری بە بەغدا هەبێت دوای سەرابێکی کوشندە کەوتوە،

چەندین بەرپرسی باڵای کورد، تایبەت لە ناو پارتیدا، راشکاوانە باس لەو خاڵانە دەکەن کە ئاماژەم پێداون، یەکێتیەکان ناتوانن خۆیان لە قەرەی ئەو پرسانە بدەن چونکە خاوەن ئیرادەیەکی لەتلەت و لاواز و ناجێگیرن. هاوکاتیش بەشێک لە هێزە ەکان وەک تابوری پێنج بە بەغدا و لە بەغدا رویان دەگەشێتەوە و بزەی لێویان دێت. لەم نوسینەدا ئاماژەم بەچەند راستیەکی مێژویی کردوە، گەر پێویست بکات سەرجەمیان بە بەڵگە دەخەمە بەرچاوی خوێندەری بەرێز. وەک وتراوە ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە. تێناگەم ئەم بوکە بەبارانە بۆچیە؟

بابەتى تر

👤
Live: 100 Today: 1,276 📊 Click Here