هەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت

هەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت

جار بینراوە: (1.7K)

_

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەشت ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی کوردستاندا تێپەڕدەپەڕێت و دەنگدانیش بە “بەڵێ” وەک بەڵگەی پرۆسەکە هێشتا ماوەتەوە. 

 هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە 25ی ئەیلوولی 2017، گەلی کورد لە باشووری کوردستان و ناوچە یەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان لە ڕیفراندۆمێکی مێژووییدا؛ و ئەنجامەکان گوزارشت بوون لە ویستی زۆرینەی خەڵک، کە بە ڕێژەی 92.7% دەنگیان بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی دا. 

بیرۆکەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، لە ناکۆکییە کەڵەکەبووەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە سەرچاوەی گرت. پێشێلکردنی بەردەوامی دەستوور لەلایەن بەغداوە، بەتایبەت جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014، و پشتگوێخستنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی، وایکرد سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بیر لە جێگرەوەی دیکە بکاتەوە.

لە 7ی حوزەیرانی 2017، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیار درا ڕۆژی 25ی ئەیلوول وەک وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت. ئەوکات بارزانی بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە گەلی کوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات و ئەم پرسە لە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیانەوە یەکلایی بکاتەوە.

لە پاش بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕووبەڕووی دژایەتی و فشاری زۆری نێودەوڵەتی و هەرێمی بووەوە. وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت تورکیا و ئێران، شانبەشانی عێراق، بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستانەوە. زلهێزەکانی ش، لەوانە ئەمەریکا و بەریتانیا، داوای دواخستنی پرۆسەکەیان دەکرد بە بیانووی کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش، بەڵام سەرەڕای هەموو فشارەکان، سەرکردایەتی کوردستان سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، چونکە بڕوایان وابوو ئەمە “دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گەیاندنی دەنگی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بە جیهان”.

لە دوای ئامادەکاری تەواوەتی، لە بەرەبەیانی 25ی ئەیلوولدا، هاوڵاتیان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ڕەنگەکانیانەوە، ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، زیاتر لە 3 ملیۆن و 305 هەزار کەس بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، کە دەکاتە ڕێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. لە ئەنجامدا، 92.73%ی بەشداربووان بە “بەڵێ” دەنگیان دا، لە بەرامبەردا 7.27 % بە “نەخێر” دەنگیان دا.

هەرچەندە ڕیفراندۆم وەک دەستکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرا، بەڵام ڕووداوەکانی دواتر بە ئاراستەیەکی چاوەڕواننەکراودا ڕۆیشتن. حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، فشارێکی زۆری سیاسی، ئابووری و سەربازی خستە سەر هەرێمی کوردستان. 

گەمارۆی ئاسمانی، داخستنی دەروازە سنوورییەکان و دواتر لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، هێرشی سەربازی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، بووە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 51%ی خاکی باشووری کوردستان.

بابەتى تر

👤
Live: 58 Today: 1,569 📊 Click Here