هاوڕێ وەک غەریبێک، هەوڵێک بەرەو ناسینی غەرییبەکانی دەورمان
“: لەنێو هاوڕێیاندا
شتێکی خۆشە پێکەوە بێدەنگ بین
خۆشترە، گەر پێکەوە پێکەنین
لەژێر پەردەی ئاسمانێکی ئاوریشمیدا
لەسەر گژوگیای چیمەنەکە پاڵی لێ بدەیتەوە
میهرەبانانە، بەدەنگی بەرز لەگەڵ هاوڕێکانتدا پێ بکەنیت ، تا ئەوەی
ددانە سپییەکانتان دەردەکەون.
ئەگەر بەباشی ئەوە بکەم، ئەوا گەرەکە بێدەنگ بین
ئەگەر بەخراپی بیکەم، ئەوا پێدەکەنین
و ئیتر بەردەوام
خراپتری دەکەین و خراپتر پێدەکەنین،
تا بەردەبینەوە ناو چاڵەکەوە.
ئا!هاوڕێیان! ئایا دەبێت شتەکە بەم شێوەیە ڕوو بدات؟ بڵێین
ئامین! و ماڵئاوا. ( نیتچە. مرۆڤانە، زۆر مرۆڤانە).
بەکر عەلی
لەناو زۆرێک لە فەرهەنگە دێرین و بگرە نوێکانیشدا وتە و پەندی جۆراو جۆری بەنرخ لەئەزموونی ژیانی مرۆڤەکانەوە داڕێژراوە و وەکو میراتییەک دەماودەم خۆی گەیاندۆتە نەوەکانی دواتر. هەندێک لەو پەندانە وەک حیکمەت لەگوێماندا دەزرنگێنەوە و هەندێکیشیان وەک شیعرێک هێزی ڕۆمانتیکی و ئایدیالیستانەی خۆیان بەسەرماندا دەسەپێنن.
یەکێک لەو پەندانەی هەم وەک حیکمەت و هەمیش وەک شیعرێک دەزرنگێتەوە، ئەو وتەیەیە کەدەڵێت: مرۆڤ هاوڕێی گیانی بەگیانی مرۆڤە. شتێک لەڕووی واقیعییەوە من هەمیشە ستایشم کردووە، چونکە لەڕاستیشدا چەندین داستان و بەسەرهاتی قارەمانانە هەن لەنێوان هاوڕێکاندا کە ئەم گیانبازییەیان بۆ یەکتری کردووە. بەڵام لەڕووی بوونگەراییەوە تۆزێک زێدەڕۆیی تێدا دەبینمەوە. چونکە زۆرجار ئەوەم بۆ ساغ بۆتەوە کە هیچ گیانێک بەگیانێکی تر ئاشنا نییە، چەندێک نزیکیش بن. بەڵکو هەموو مرۆڤەکان پتر غەریبەیەکی گیانی بەگیانی یەکترین. هێندە هەیە مرۆڤ بۆ ئەبەد بەغەریبی نامێنێتەوە، چونکە هەر لەو شوێنەدا کە غوربەتبوونی گیان دەست پێدەکات، هەر لەوێدا ئاشنایی و ئولفەتی گیانەکان لەدایک دەبنەوە.
دەمەوێت بڵێم هەموو ئاشناییەکی گیان لە ڕۆحی غەریبییەوە لەدایک دەبێت.
بینینی ئەم یەی نێوان هاوڕێ و غەریبەکەی، لەو بینینە گرنگترە کە مرۆڤ بە هاوڕێی مرۆڤ دادەنێت. چونکە لەیەکەمیانەوە گەر هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکتری بین، واتە یەکانگیرییەک لەنێوانماندا دروست دەبێت تاڕادەی توانەوەیەکی سۆفییانە و پلاتۆنییانە لەناو ئایدیاکەماندا. ئەمەش وا دەکات هەموو یەکان بخاتە ناو هەماهەنگییەکی یەکئاوازییەوە. بە وەهمی ئەوەی ئاشناین ئیتر شادومانییەکی بێ بنەمامان پێ دەبەخشێت.
کەچی لەحاڵەتی دووەمیاندا، جۆرێک دووانایەتی لەنێو هەموو تاکێکدا دەئافرێنێت، کەوا دەکات هەموو تاکێک بەردەوام خۆی لەنێو دا بەتاکە جیاواز و نامۆکەی بەرامبەریەوە ببینێتەوە.
لێرەوەیە مەرج نییە هاوڕێ، گیانە ئاشناکەمان بێت، بەڵکو مادام لەنێوان من و ئەویتردا هیچ کاتێک لەڕووی هۆشیاری و ڕۆحی و سایکۆلۆژیییەوە یەکانگیر نین، ئەوا هەرگیز هۆمۆجین نابین. بەمپێیە هاوڕێ، سەرباری ئەوەی نزیکترین یاوەر و هاوبیریشم بێت، هێشتا بەرجەستەی غەریبێک دەکات بۆم. ئەم وێکنەچوونە، ئەم غەریبییە ئۆنتۆلۆژییە لەخۆیدا بریتییە لە خودی دەستنیشانکردنەکە.
دەستنیشانکردنەکە دەمانگەیەنێتە ئەوەی بڵێین، هاوڕێ، وەک وێنەیەکی ئایدیالی خۆم، وەک کۆپییەکی تەواوی خۆم ڕەنگە بوونی نەبێت. لێرەدا ڕەنگە نزیک بینەوە لە وتە ناودارەکەی ئەرستۆ کە دەڵێت:
ئەی هاوڕێیان، هاوڕێ بوونی نییە!
بەڵام ئێمە بابپرسین، ئەگەر هاوڕێ بوونی نەبێت، ئەی چۆن ئەم هاوارە ڕوو دەکاتە هاوڕێکان؟ چۆن بانگی هاوڕێکان بکەین و پێیان بڵێین هیچ هاوڕێیەک لەوێدا نییە؟
من وای بۆ دەچم ئەم ڕستەیە جۆرێک بێت لەسكاڵانامەی خود لەسەر خود خۆی لای ئەوانیتر. واتە دەخوازێت خۆی لەوەدا مانیفێست بکات کە هێشتا ئەویتری هاوشێوەکەی دروست نەبووە.
ئەویترێک کە وەک وێنەیەکی ئایدیایی کتومت کۆپی خۆی بێت، نییە، بەڵام دەشێت دواتر دروست بێت. بۆیە هاواری ئەی هاوڕێیان بریتییە لەپێدانی چانسێک بەوەی دەکرێت لەشوێنکاتێکدا ئەوە ڕووبدات. واتە هاوڕێیەتی لێرەدا دەبێتە پرۆسەیەکی ڕوودان لە دواتردا. هاوڕێیەتی ئەگەری بەبوونبوون دروست و دەکاتەوە. هاوڕێیەتی بەم مانایە ئەوە نییە کە لەئێستا و ئێرەدا بێت بەڵکو شتێکە دێتە ئاراوە، بۆیە جیاوازی نێوان برا و برادەر لێرەدا دەردەکەوێت. برا، خوشک، ئەوانەن کە هەمانە و لەئارادان، بەڵام برادەر دواتر لەدەرەوە پێی دەگەین.
لەسەر ئەم ڕیتمە، لەڕەوتی چوونەدەرەوەماندا، ئێمە وەک گیانێکی غەریب بە خۆمان و دنیا دەبینین. غەریبێک لە گەشتەکەیدا بەرەو گۆڕی خۆی، دەشێت بە هاوڕێیەک بگات، بە نامۆیەک بگات، بە بێگانەیەک و بە دوژمنێکیش بگات.
گەیشتن بەهەر یەکێک لەوانە دەبێتە مایەی بەخۆئاشنابوونەوەیەک کە وات لێ دەکات بڵێیت بەبێ ئەو بێگانەیە نەمدەتوانی خۆم بناسمەوە.
لێرەوەیە نیتچە گۆرانییەکی پێچەوانە دەچڕێت بۆمان، بەوەی:
ئەی دوژمنان، دوژمن بوونی نییە!















Post Comment