نەوەکان..لە ململانێوە بۆ تەواوکردنی یەکتری
هەندێ دەستەواژە وتراوە و بوە بە باگراوندێکی هزری و لەهۆش و ئاکاری تاک و کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە یەکێک لەو دەستەواژانە ململانێی نەوەکانە زۆر دەمێکە بیست ساڵ زیاترە دەمەوێت لەبارەی ئەمەوە بنوسم و بە دنیا بینیەکی ترەوە کە سروشتی ژیان وایە نەوەکان بە زنجیرەیی بەیەکەوە دەبەستێت و گۆڕانی جەستەیی و هزری لەنێواندا دروست دەبێت .
لەساڵی 2011 بوو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لەسەر ململانێی نەوەکان بوو چەند پرسیارێکیان لێکردم ئایا نەوەی نوێ ئینتیمای نەتەوایەتی هەیە ؟ ئایا ململانێی نەوەکان چۆنە ؟ ئەوکاتە زۆر بە دڵنیاییەوە بەرگریەکی توندمان لەنەوەی نوێ و گەنج کرد وتمان بێگومان هەستی نەتەوایەتیان هەیەو هەر نەوەیەک بەجۆرێک دەری دەبڕێت و پراکتیکی دەکات ، وتم لەگەڵ دەستەواژەی ململانێ نیم ، بەڕای من نەوەکان یەکتری تەواو دەکەن . ئەو کاتە فیدباکێکی ئەرێنی زۆرم پێگەشت کە شتێکی تازەم وتوە و بە دنیا بینیەکی جیاوەوە باسی نەوەکانم کردوە .
لە ئێستاشدا جەخت لەسەر هەمان بۆچونم دەکەمەوەو بەدەرفەتی دەزانم کە هەمو چین و توێژەکان بەیەک دەنگ پشتیوانی لە کوردانی رۆژئاوا دەکەن ئەوەی جێی سەرنج بوو گەنج و لاو بوو لە پێشڕەوی خۆ پیشاندان لەراستیدا بەدرێژایی مێژوی کورد لەشۆڕش و خەباتیشا بەشێکی زۆری بزوتنەوەی چەکداریش و سیاسیش هەر گەنج بوە .
دەستەواژەی ململانێی نەوەکان :
لەناوەڕاستی سەدەی رابردوو بەهۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەدا ، وەک چەمکێکی دەرونی و کۆمەڵایەتی ئەم دەستەواژەیە هاتە ئاراوەو بەگشتی توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی جیاوازی بیرکردنەوەی نەوەکان و درزی نێوان نەوەکانیان باسکرد .
ئەمە تێڕوانینی زۆربەی توێژەرانی کۆمەڵناسی بوو بەڵام بەپێی زۆر سەرچاوە وتەیەک بۆ جۆج ئۆرۆیل دەگەڕێنرێتەوە کە دەڵێت :
هەموو نەوەیەک خۆی بەزیرەکتر لەنەوەی پێش خۆی دەبینێت و بە حەکیم تر لەنەوەی دوای خۆی .
باسکردنی درزی نێوان نەوەکان لەناوەڕاستی سەدەی رابردوو بەهۆی ئەوەوە بوو نەوەی پێشوو پابەند بوو بە رێکارە باوەکانی کۆمەڵ و نەوەی تازەی چالاک و سەردەمێکی تر رای وابوو پێویستە ئەو رێکارانە و شێوازەی ژیان بگۆڕێن لەبەر ئەوەی بۆسەردەمی ئەمان ناگونجێ . بێگومان گۆڕانکاری لە بواری تەکنەلۆژیا و هەروەها ژینگەی جیاوازی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتی وسیاسی هەمووی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەو شێوازی ژیان هەیە ، زاناکانی ئەو بوارە زۆریان لەوکاتانەدا باسی ململانێی نەوەکانیان کردوە کەلێرەدا جێی ئەو هەموو باسە نابێت .
بەڵام ئەوەی زۆر سەرنج راکێش بوو بەلامەوە ئەم رستەیەیە کە دەڵێت یان وتراوە :
ئەم نەوەیە بەنازن و بەکەڵکی هیچ نایەن .
کەئەمەت بەرچاو دەکەوێت واهەست دەکەیت ئێستا وتراوە بەڵام بە قسەی زۆربەی سەرچاوەکان ئەم ڕستەیە لەسەر دیواری سەردەمی فیرعەونی و بە هیرۆگرافی نوسراوە .
کەواتە درزی نێوان نەوەکان لەزۆر زووەوە هەیە و هی ئێستا نیە .
تایبەتمەندی نەوەکان
بێگومان لەرووی تیۆری و شیکردنەوەی بوارەکانی کۆمەڵناسی و فەلسەفی زۆری دەوێت لەبەر ئەوە هەنگاوە کرداریەکان باس دەکەین کە ئەم درزە بچوک بکاتەوە .
بەپێی دابەشکردنی سەردەمی ئێستا نەوەکان بە پێی تەمەن بریتین لە
1946_1964 بە نەوەی boomers
Gen x 1965_1980
Gen y 1981 _1996
Gen z 1997_ 2012
Gen alpha 2013_
نەوەی بومەرز یان الگفرە : لەدوای جەنگی یەکەوە دانراوە ناوەکەی بەهۆی زۆری لەدایک بوانەوە ، ئەم نەوەیە پابەندن بە رێکارە باوکان و پارێزگارن لە نەریتەکان.
نەوەی جێن ئێکس : ئەم نەوەیە لە نێوان نەوەی توفرەت و نەوەی دوهەزارەیەو سەرەتای تەکنەلۆژیا و بەنەوەی تەلەفزیۆن دادەنرێن و هاوسەنگی دەکەن لەنێوان کارو ژیانا و بەسەربەخۆیی تایبەتمەندن .
نەوەی جێن وای : ئەم نەوەیە دووهەزارەیە نەوەی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێتە بە داهێنان ناسراوە
نەوەی جێن زێت : نەوەی تەکنەلۆژیا ی ژمارەیی سەردەمی سۆشیال میدیا شارەزایی و بەهرەی تەکنەلۆژیای باشیان هەیە ، بەوە ناسراون درک بە پرسە کۆمەڵایەتیەکانی وەک دادپەروەری و یەکسانیخوازیەکان دەکەن .
جێن ئەلفا : لە2010 دەست پێدەکات تا ناوەڕاستی 2020 واتە بۆ ئەو دابەشکاریە هەرچەند 2013 لەزۆر خشتەدایە بەڵام ئەم نەوەیەیە هەر لە لەدایک بونەوە ئایپاد و تەکنەلۆژیای لەبەر دەستە ، هاوڵاتی ڕەسەنی ژمارەیین و زیرەکن و لە ڕوی دیموگرافیاوە هەمەجۆرن ، پەتای کرۆنا بەشێکە لە مناڵیان .
کەواتە : نەوەکان کارلێکێکی سروشتی و ئاسایی نێوان کەس و سەردەمەکەیەتی و ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەیە تیای دەژی بەهەموو ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ەوە بەڵام لەهەموو زاڵتر هۆکاری تەکنەلۆژیا یە تەنانەت نەوەکان بە تەکنەلۆژیاوە ناو دەنرێت وەک نەوەی تەلەفزیۆن ، نەوەی ئینتەرنێت ، نەوەی ئایپاد .
چی بکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەم درزانە بەتایبەت ئێمەی کورد ئەم سێ تێبینیە بەگرنگ دەزانم :
1_ پێش هەموو شت ئەوەی لە کورددا ئاسایی نەبوەو مایەی نیگەرانیبوە ئەوە بوە بە سروشتی قۆناغەکانی ژیانی نەبڕیوە بەڵام ئێستا ئەوە کەمتر بوەتەوە نەوەی تەکنەلۆژیا لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەڕۆن ، ئەمە خاڵێکی ئیجابیە .
2_ ئەوەی ئەمڕۆ نەوەی کۆنە رۆژێک نەوەی نوێ بوە .
ڕوبەڕوی جیاوازیەکان بوەتەوە بەڵام بەشێوازی جیاواز لەبەر ئەوە درک کردن و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی زیاترە
.
3_ لە شۆڕشەکانی کورددا بەدرێژایی مێژوو گەنج و لاوەکان پێشەنگ بوون ، سەیری ئاماری شەهید و سەرکردەو فەرماندەکان بکەن . هەروەها سەیری بواری هونەر و ئەدەب بکەن دڵدار لەتەمەنی چەندا ئەی رەقیب هۆنیوەتەوە ….
ئەوەی خاڵی جەوهەریە بەکورتی .
_ نەوەی نوێ ، تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنن بە شێوەی بەر بڵاو ” لەراستیدا نەوەی پێشوو ش کە خوێندەوارن بەکاری دەهێنن ” ، ئەمە ترس و دڵەڕاوکێی لای دایکان باوکان … دروست کردوە کەبەهۆیەوە نەوەی نوێ توشی هەڵە یان زیانی تەندروستی ببن .
_ جاران لە ئێوارەوە ئەندامانی خێزان لەماڵەوە بوون ئەگەر سەردانێکیان بکردایە بە خێزانی بوو ئێستا شەو هۆکاری راکێشانی گەنجانی هەیە بۆ دەرەوەی خێزان و ماڵ ، ئەمەش ترس دروست دەکات لەبەر سەلامەتی ی توش بوون بەهەڵە .
_ فراوان و نەناس بەهۆی سۆشیال میدیاوە تۆڕی ترس دروست دەکات .
هەنگاوەکان
_ دانپیانان بەیەکتردا بەتواناو تایبەتمەندی یەکتر .
_ جیاوازیەکان بکەن بەبنەمای لەیەک نزیک بوونەوە نەک دورکەوتنەوە .
_ ناونانی نەوەکان و شانازی بە کاتی خۆی ئاساییە بەڵام تکایە با جیلی ئاڵتونی پێی وانەبێت ئاڵتونی عەیارە بیست و چوارەو جێی هیچ نابێتەوە
نەوەی تەکنەلۆژیا ش گاڵتە بە توانای ئەونەوەیە نەکەن.
_ هەر زەمانە تایبەتمەندی خۆی هەیە . پێویست بەترس ناکات لەگۆڕانکاری ،تایبەتمەندیەکانی نەوەی نوێ کەلەگەڵ نەوەی پێشوو نایەتەوە زەرەری نیە پێویست بە بەرپەرچدانەوەی ناکات .
_ زمان و کرداری توند واز لێبهێنرێت ، زمانی دیالۆگ و لەیەکتر گەشتن بەکاربێت .
_ کاری پێکەوەیی .
_ گەڕان بەدوای خاڵی پۆزەتیفی یەکتری.
_ گەڕان بەدوای پردی .
_ هەر نەوەیەک باسی نەوەی خۆی زۆر بە شێوەیەک نەکات ئەو هەمو شتێکی راستەو ئەوی تر هەموی هەڵەیە ، دەبێت ئەمە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
_ نەوەی پێشوتر بە حوکمی ئەزمون و سۆز و … دەبێت دەستپێشخەر بن بۆ ئەوەی پردێک دروست بکەن لە نێوانیاندا پێش هەموو شت ڕۆڵ دان ، بەبایەخەوە باسکردن ، دیالۆگ.
_ پێویستە دامەزراوەکان بەرنامەی چڕیان بۆ گەنجان
هەبێت .
_ وەنەبێت ئەم نەوەیە کەبەو قۆناغانەی پێشودا نەڕۆشتوە هیچ لەبارا نەبوە لەوانەیە باشتری بکردایە .
_ نەوەی پێشوو کەباسی خۆی دەکات زۆربەی باسەکانی باسی کاتی گەنجیەتی ئیتر بزانن کە توانای گەنج چۆنە .
ئێستا..
ئەم بابەتە بابەتی ژیانە بابەتی تا ک و خێزان و کۆمەڵگە یە ، هەموان دەگرێتەوە ، قسەی زۆر توێژینەوەی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام بۆ ئێمە
دەرفەتێکی زێڕینە لەم هەل و مەرجەی ئێستا بەستەڵەکی نێوان نەوەکان بشکێت پردێکی دروست بنیات بنرێت و ململانێی نەوەکان بگۆڕێت بۆ قۆناغێکی تازە قۆناغی یەکتر تەواو کردن .














Post Comment